وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاشكرای دەكات كە هاوڵاتيیانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی کەمتر ڤاکسینی کۆرۆنا وەردەگرن، ئەوەش بەهۆی "ئاساییبونەوەی دۆخەكە" لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی دوو ملیۆن و زیاتر لە 687 هەزار ڤاكسینی كۆرۆنا بەكارهێنراوە و 418 هەزار ڤاكسینیش تەلەف بووە، بەهۆی ئەوەی بەسەرچووە.
ماڵپەڕی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێنجشەممە یەكی كانونی دووەمی 2022، راپۆرتێكی بەناوی (راپۆرتەکانی هەفتانەی وەزارەتی تەندروستی) بڵاوكردەوە و تیایدا ئاماژە بە "باشتربونی" دۆخی تەندروستی لە بواری نەخۆشیی ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید١٩) دەكات.
د. ئاسۆ حەمید زەنگەنە، بەڕێوەبەری پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی خۆراک لە وەزارەتی تەندروستی بە پێگەی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاندووە "سەردانی خەڵک بەگشتی بۆ وەرگرتنی ڤاکسین کەم بووەتەوە، چونکە رێژەیەکی زۆر لە خەڵک ڤاکسینیان وەرگرتووە و لەکاتی ئێستادا رێژەی مردن بەم نەخۆشییە زۆر کەم بووەتەوە و جۆرێک لە بەرگری کۆمەڵگایی دروست بووە".
هەروەها ئاماژەی بە ماوەی بەسەرچونی ڤاکسینی کۆرۆنادا وەک تەواوی دەرمانەکانی دیکە و وتی ''ڤاکسینی فایزەر رێکەوتی بەسەرچوونی کەمتر بوو، ئەمەش وایکرد کە رێژەیەک لە ڤاکسینەکان تەلەف ببن و ڤاکسینی (ئەسترازێنیکا)ش زۆر داواکاری لەسەر نەبوو، چەند حاڵەتی نەخوازراو لەسەر ئاستی جيهان روویدا، هەر چەندە زۆر کەمیش بوو، بەڵام حکومەتی فیدراڵ گرێبەستەکەی هەڵپەسارد".
بەپێی راپۆرتەكەی حكومەت، رێژەی تەلەف بونی ڤاکسینەکانی کۆرۆنا بەهۆی بەسەرچوونی ماوەی بەکارهێنانیان 418 هەزار و 929 ڤاكسین بەسەرچووە، كە 323 هەزار و 208 ڤاكسین بووە، سینۆفارم 28 هەزار و 235 ڤاكسین و ئەسترازێنیکا 67 هەزار و 486 بووە.
لە هەرێمی كوردستان تائێستا دوو ملیۆن و زیاتر لە 687 هەزار و 714 ڤاكسینی كۆرۆنا بەكارهێنراوە، ئەوەش لەڕێی چوار دۆزەوە بەمشێوەیە:
دۆزی یەکەم: یەك ملیۆن و 985 هەزار و 448
دۆزی دووەم: یەك ملیۆن و 2014 هەزار و 45
دۆزی سێیەم: 34 هەزار و 589
دۆزی چوارەم: 95
د. هاژە هوشیار محەمەد، بەرپرسی بەشی کوتان لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە كە لە هەرێمی کوردستان سێ جۆر ڤاکسینی دژە کۆرۆنا (فایزەر، ئەسترازێنیکا و سینۆفارم) بەردەستبووە، بەڵام لە کاتی ئێستادا تەنیا ڤاکسینی سینۆفارم بەکاردێت و ژمارەیەکی زۆریش بەردەستە و رێکەوتی بەسەرچوونی تا مانگی ئەیلولی ساڵی داهاتووە.
سەرچاوەی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی دەزگای کۆڤاکسە کە لە ڕێگەی حکومەتی فیدراڵەوە دەگات.
بڵاوكردنەوەی ئەو زانیارییانە دوای بەدواداچونێك هات لە ماڵپەڕی (كەركوك ناو)، لەسەر پرسی تەلەف بون و بەسەرچونی زیاتر لە 500 هەزار ڤاكسینی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان، راپۆرتەكە لە چوارچێوەی پڕۆژەی (Rooted in Trust) كە لەلایەن رێکخراوی (ئینتەرنیوز) و بە هاوبەشی (كەركوك ناو) لە عیراق جێبەجێدەكرێت، بەرهەمهێنرابوو، پشتی بە وەرگرتنی زانیارییەكانی نێو یەكە تەندروستییەكان لە تەواوی پارێزگاكان بەستبوو، دوای ئەوەی لێپرسراوانی وەزارەتی تەندروستی ئامادە نەبون هیچ زانیارییەك لەوبارەیەوە بدەن و بڵاوبكەنەوە و تەنیا وتیان "بەشێوەی تەندروست لەناوبراون".
ئەو بەدواداچونە لەلایەن رۆژنامەنوس كۆچەر عەزیز بەرهەمهێنرابوو، ئەوەش لە چوارچێوەی پڕۆژەی (Rooted in Trust) كە لەلایەن رێکخراوی (ئینتەرنیوز) و بە هاوبەشی (كەركوك ناو) لە عیراق جێبەجێدەكرێت.
راپۆرتەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە بارەی کوتانی منداڵان لە بەرانبەر کۆڤید١٩، لەزاری د. هاژە هوشیار محەمەد، بەرپرسی بەشی کوتانەوە بڵاویكردەوە ''بەپێی دوایین رێنماییەکان دەکرێت ڤاکسینی دژە کۆرۆنا بە منداڵانی سەرەوەی پێنج ساڵە بدرێت، بەڵام ئێمە لە هەرێمی کوردستان تەنها لە تەمەنی 12 ساڵی بە سەرەوە ڤاکسینیان پێدەدەین، چونکە ئەو جۆرە ڤاکسینەی کە بۆ منداڵان بەکار دێت و لە عیراق و هەرێمی کوردستان بەردەست نییە".
راپۆرتێكی تری پڕۆژەی (Rooted in Trust) ئاماژەی بە ئامادەكاریی هەردوو عیراق و هەرێمی کوردستان كرد بۆ پێدانی ڤاکسین بە منداڵانی تەمەن پێنج بۆ 12 ساڵان، بەپێی راپۆرتەكە پێکهاتەی ڤاکسینەکە جیاوازترە لەو ڤاكسینەی كە لە ئێستادا دەدرێت بە هاوڵاتیان. لێپرسراوانی تەندروستی هەولێر و بەغدا کۆکبون لەسەر ئەوەی پێدانی ڤاکسینەکە ناچاریی نییە و بە رەزامەندی دایک و باوک دەبێت.
حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردۆتەوە كە بە پێی لێدوانی ئەو دوو پزیشکەی لە راپۆرتەكەدا قسەیان كردووە، "ئێستا دۆخەکە بە پێی ئەو داتایانەى کۆ دەکرێنەوە باشە و، بەرزبونەوەیەکی زۆر کەم لە ڕێژەی توشبون بە کۆرۆنا هەیە".
هەروەها هاتووە "خۆشبەختانە حاڵەتی توند و داخیلکردن بۆ نەخۆشانە و رێژەی مردنی لەگەڵ نییە. وەزارەتی تەندروستی بۆ بەرهنگاربوونەوەی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو یان هەر گۆڕانکارییەک لەوانەیە لە تەرکیبی جينى ڤایرۆسی کۆرۆنا روبدات، لە ئامادەکاریدایە".
بەپێی دوایین راگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی لەبارەی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ کۆڤید١٩، لە ماوەی هەفتەیەکدا پێنج هەزار و 855 پشکنینکراوە و 249 کەس بە کۆڤید١٩ تووش بون و 70 کەسیش چاکبونەتەوە. هیچ حاڵەتێكی مردنیش لەو ماوەیەدا تۆمارنەكراوە.
لە تەواوی هەرێمی کوردستان تا ئێستا پشکنین بۆ چوار ملیۆن و 555 هەزار و 453 كەس كراوە و 466 هەزار و 542 كەس توشبون، لەو ژمارەیە حەوت هەزار و 469 كەس مردون و 387 كەس لە ژێر چاودێریدان.