جوتیارانی سنوری هەردوو قەزای داقوق و حەویجە دڵخۆشن بە كردنەوەی یەكەم كارگەی وەرگرتن و بەبازاڕكردنی بەروبومی گەنمەشامی جوتیاران لە داقوق، بەو هۆیەوە بەروبومەكانیان لەناوناچێت و تێچوی گواستنەوەی كەمتر دەبێت.
كارگەكە حكومییە و دووشەممە 23ی كانونی دووەم لە قەزای داقوق كرایەوە، رۆژانە توانای وەرگرتنی 700 تەن گەنمەشامی هەیە.
مشعەل موبارك، جوتیارێكی كەركوكە و رۆژی كردنەوەی كارگەكە ئامادەبوو، وتی "هەموو جوتیارانی ناوچەكە لێی سودمەند دەبن، بەڵام كردنەوەی ئەم كارگەیە دواكەوتووە، پێویست بوو لە سەرەتای وەرزی پێگەیشتنی بەروبومی گەنمەشامی بكرایەتەوە، چونكە ئەوكات بەروبومەكەمان دەبردە باشوری عیراق و جاری واهەبوو دەمانهێنایەوە و وەریانناگرت، ئەمانە هەموی تێچوی زۆری دەویست".
كردنەوەی ئەم كارگەیە دواكەوتووە، پێویست بوو لە سەرەتای وەرزی پێگەیشتنی بەروبومی گەنمەشامی بكرایەتەوە
بەڵام لەگەڵئەوەشدا سوپاسی هۆبەی كشتوكاڵی داقوقی كرد، وتی "كردنەوەی كارگەكە پلانێكی سەركەوتووە".
كردنەوەی ئەو كارگەیە كە جوتیارانی هەردوو قەزای داقوق، حەویجە و ناوچەكانی تری كەركوك لێی سودمەندەبن، لەكاتێكدایە لە سەرەتای كانونی یەكەمی رابردوو، یەكێتی جوتیارانی قەزای حەویجە لەڕێی (كەركوك ناو)ەوە هۆشداریدا لە ئەگەری فەوتانی هەزار تەن گەنمەشامی، بەهۆی وەرنەگرتنی بەرهەمەكە بەپێی پێویست و تەڕبونی بەهۆی بارانبارینەوە.
نەجات مەردان، نوێنەری هۆبەی كشتوكاڵی داقوق، لەكاتی كردنەوەی كارگەكەدا وتی "ئەم هەنگاوە بۆ جوتیارانی ناوچەكە زۆر باشە، پێشتر ناچاربون بەرهەمەكانیان دەبردە سایلۆی ناحیەی تازە، یان پارێزگاكانی باشور، ئەوەش تێچوی زۆری دەویست".
لەگەڵئەوەشدا جەختیكردەوە كە جوتیاران زەرەرمەند دەبون و چەندین جار ناڕەزاییان نیشاندا لە وەرنەگرتنی بەرهەمەكانیان.
نەجات مەردان وتی "لە ئێستاوە جوتیاران دەتوانن بەرهەمەكانیان بهێننە كارگەكە و بە نرخی حكومی لێیان وەردەگرین".
بەپێی وتەی هۆبەی كشتوكاڵی داقوق، لە تەواوی عیراق و بە كارگەكەی داقوقیشەوە، پێنج كارگەی هاوشێوە هەیە كە لەلایەن وەزارەتی كشتوكاڵەوە مۆڵەتی كاركردنی هەیە. ئەوەی داقوق رۆژانە توانای وەرگرتن و بە بازاڕكردنی 700 تەنی هەیە.
بۆ هەر تەنێك گەنمەشامی حكومەت 450 هەزار دینار تاوەكو 500 هەزار بە جوتیاران دەدات، ئەوەش بەپێی كواڵیتی گەنمەشامییەكە.
لە سنوری قەزای داقوق و لە ساڵی 2021دا 4 هەزار و 200 دۆنم زەوی كشتوكاڵی بە گەنمەشامی چێنرا و نزیكەی نۆ هەزار تەن بەرهەمی هەبوو، بەڵام لە ساڵی 2022دا 7 هەزار دۆنم چێنراو 18 هەزار تەن بەرهەمی بوو، ئەوەش بەپێی ئاماری هۆبەی كشتوكاڵی داقوق.
پێشتر زوهێر عەلی، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وتبوو كە بەرهەمهێنانی گەنمەشامی لە پارێزگاكە گەیشتۆتە 536 هەزار و 399 تەن، ئەوەش لەسەر روبەری 230 هەزار دۆنم، كە بەهۆیەوە كەركوك لە بەرهەمهێناندا یەكەمی پارێزگاكانی دیكەی عیراقە.