پۆلیس: رفاندن و دزینی ئۆتۆمبێل نەبووە
"خۆكوشتن" لە كەركوك؛ لە 98 حاڵەتەوە بۆ 36 حاڵەت كەمبۆتەوە

فۆتۆ: Eva Blue، لە ماڵپەڕی unsplash وه‌رگیراوه‌ له‌ 27ـی كانونی یەكەمی 2021

كەركوك ناو - كەركوك

ساڵی رابردوو روداوەكانی تاوانكاریی و خۆكوشتن كەمبونەتەوە، تەنیا توندوتیژی خێزانی لە هەڵكشانی بەردەوامدایە، بەپێی ئامار و زانیارییەكانی فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای كەركوك.

موقەدەم عامر نوری، وتەبێژی پۆلیسی كەركوك بە (كەركوك ناو)ـی وت لە ساڵی 2022ـدا تاوانە تۆماركراوەكانی پارێزگاكە بەرێژەی سەدا 30 كەمترن بەراورد بە ساڵی پێشتووتر.

"سەدا 95 و زیاتری دۆسیەكانی كوشتن یەكلاییكراونەتەوە، لە ساڵی رابردوودا 27 روداوی كوشتن هەبووە و هەمویان ئاشكراكراون، لە 25 دۆسیەیاندا تۆمەتباری كوشتنەكە دەستگیركراوە و تەنیا دوانیان نەبێت، كە تۆمەتباری سەرەكی هەڵاتووە"، بەڵام وتەبێژی پۆلیس ئاماژەی بە ئامارەكانی ساڵانی رابردوی كوشتن نەدا.

موقەدەم عامر دەڵێت بە درێژایی ساڵی رابردو 36 حاڵەتی "خۆكوشتن" لە كەركوك هەبووە، ئەو ژمارەیەش لە هەردوو رەگەزی نێر و مێ بون، لە نێویاندا شەش حاڵەتی "خۆكوشتن"ـی كەسانی خوار تەمەنی 18 ساڵ هەبوون، كە پێنجیان لە رەگەزی مێ و یەكێكیان لە رەگەزی نێر بووە.

jnan-kirkuk-5
كەركوك/ 2015/ گردبونەوەیەكی ژنان دژی توندوتیژی فۆتۆ: كەركوك ناو

بەپێی ئامارێكی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە عیراق كە دراوە بە (كەركوك ناو)، ساڵی 2021 لە كەركوك، 98 كەس كۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە، لەو ژمارەیەش 78 كەسیان لە رەگەزی مێن و تەمەنیان لە سەروی 20 ساڵەوە بووە، لە كاتێكدا بە درێژایی ساڵی 2020 لە كەركوك 65 حاڵه‌تی "خۆكوشتن" تۆماركراون كە 50ـیان له‌ ره‌گه‌زی مێ بون.

"تەنیا توندوتیژی خێزانی، لە نێویاندا توندوتیژی دژ بە ژنان و منداڵان لە ساڵی رابردودا زیادیانكردووە بەراورد بە پێشتر،.. ئەوەش ئامارێكی دروست نییە، چونكە زۆرێك لە توندوتیژییەكان ناگەن بە لایەنی ئەمنی و تۆمارناكرێن" بەوتەی موقەدەم عامر نوری.

(كەركوك ناو) پێشتر ئاماری تەنیا دوو مانگی یەكەمی ساڵی 2022ـی دەستكەوت، كە 149 حاڵەتی توندوتیژی خێزانی لە كەركوك تۆماركرابون، لە نێویاندا 122 حاڵەتیان دژ بە ژنان بوو، لەكاتێكدا بە درێژایی ساڵی 2021 لە پارێزگاكە 500 حاڵەت هەبووە.

لە كەركوك هیچ شەڵتەر و هیچ شوێنێكی دیكە نەبوو بۆ داڵدەدانی ئەو ژن و كچانەی هەڕەشە لەسەر ژیانیان هەبوو یاخود بە هۆكاری جیاواز بە تایبەتی خێزانی، روبەڕوی توندوتیژی دەبوونەوە، تا لە مانگی كانونی یەكەمی 2022ـدا ئیدارەی پارێزگا شەڵتەرێكی كردەوە، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ هه‌وڵه‌كانی ده‌رچواندنی یاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانی، كە تیایدا هەندێك رێگەچارە بۆ رێگری لە توندوتیژی دانراون.

police-2
كه‌ركوك/ 2020/ هه‌ڵمه‌تێكی پۆلیس بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ی خەڵك لە مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان فۆتۆ: كەركوك ناو

وتەبێژی پۆلیس ئاشكرایكرد "ساڵی رابردوو 176 تۆمەتبار لە دۆسیەكانی تایبەت بە ماددەی هۆشبەر دەستگیركراون، ... بەوپێیەی كەركوك بۆتە ڕێڕەوێك بۆ گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر بۆ پارێزگا و ناوچەكانی دیكە".

به‌پێی یاسای نه‌هێشتنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان كه‌ په‌رله‌مانی عیراق له‌ ساڵی 2017دا ده‌ریكردووه‌، هه‌ر كه‌سێك مادده‌ی هۆشبه‌ر هاورده‌ بكات، یان به‌ ئامانجی بازرگانیكردن بیچێنێت، ئەوا له‌ سێداره‌ده‌درێت، یان به‌زیندانی هه‌تاهه‌تایی سزاده‌درێت.

هه‌روه‌ها هه‌ركه‌سێك مادده‌ی هۆشبه‌ری پێبێت، یان بیكڕێت، به‌كاریبهێنێت و بیگوازێته‌وه‌، به‌ زیندانی هه‌تاهه‌تایی سزاده‌درێت، له‌گه‌ڵ غه‌رامه‌یه‌ك كه‌ له‌ 10 ملیۆن دینار كه‌متر نه‌بێت و له‌ 30 ملیۆن زیاتر نه‌بێت، ئه‌وه‌ش هه‌ر به‌پێی یاساكه‌.

موقەدەم عامر نوری وتی "76 حاڵەتی دزی گەورە لە ساڵی 2022ـدا تۆماركراوە، هەموو ئەوانەشی دزییەكەیان كردووە دەستگیركراون، بەڵام دزی بچوك تۆمارنەكراوە، وەك دزینی بوتڵێكی غاز".. هەروەها ئاماژەی بەوەدا لە ساڵی رابردوودا هیچ روداوێكی "رفاندن، دزینی ئۆتۆمبێل و دزی چەكداریی نەبووە، لە كاتێكدا ساڵانی پێشتر ئەو روداوانە هەبوون".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT