هێزەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرا، دوای چەند ساڵێك گەڕەكە كوردنشینەكانی دوزخورماتوو بۆ پۆلیسی فیدراڵی و هێزی دیكە بەجێدەهێڵن، ئەوەش بەپێی زنجیرەیەك گۆڕانكاری ئەمنیی لە پارێزگای سەڵاحەدین.
گۆڕانكارییە ئەمنییەكانی قەزای دوزخورماتوو دەستپێكردووە و لەو چوارچێوەیەشدا، هێزی چەكداری پۆلیسی فیدراڵی رەوانەی ناوچەكە كراون، تا لە بارەگا و بازگەكانی سەر بە هێزی بەرپەرچدانەوەی خێرا جێگیربن.
سەرچاوەیەكی ئەمنی كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بە (كەركوك ناو)ـی وت "هێزەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرا تەواوی خاڵ و بازگەكانیان چۆڵكردووە بۆ پۆلیسی فیدراڵی و هێزێكی تر كە بە هێزی مغاویری بەرپەرچدانەوە ناسراون".
بهرپهرچدانهوهی خێرا سهر به وهزارهتی ناوخۆی عیراقه، له سهرهتای ساڵی 2018ـدا رهوانهی دوزخورماتوو كران بۆ سهپاندنی یاسا، دوای ئاڵۆزیی و لێكهوتهی روداوهكانی 16ی ئۆكتۆبهری 2017، لە كاتێكدا هەزاران هاوڵاتی كورد ئاوارە بون و بە پاساوی نەبونی سەقامگیری نەیاندەتوانی بگەڕێنەوە.
دوزخورماتوو لەگەڵ ناوچەكانی تری جێناكۆك، لە دوای 16ـی ئۆكتۆبەری 2017ـەوە كەوتنە ژێر دەستی هێزەكانی سەر بە حكومەتی عیراقی دوای كشانەوەی پێشمەرگە، كاتێك پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستانو حكومەتی عیراق بەهۆی ریفراندۆمەوە گەیشتە ئەوپەڕی ئاڵۆزی.
مەلا کەریم شكور، پەرلەمانتاری كوردی عیراق لە لیژنەی بەرگری و ئاسایش بە (كەركوك ناو)ـی وت هیچ لارییەكیان لەو ئاڵوگۆڕە ئەمنییە نەبووە، كە بەبڕیاری حكومەتی عیراق كراوە و تەنیا دەستتێوەردانیان كردووە بۆ وەرگرتنەوەی ئەو خانوانەی هاوڵاتیانی كورد كە هێزی ئەمنی تێدا بووە، "هیوادارین هێزە نوێیەكەش مامەڵەیان هاوشێوەی ئەوانی پێشوو بێت".
(كهركوك ناو) لە راپۆرتێكی-دا پێشتر بڵاویكردەوە كە 200 خانوی هاوڵاتیان و 100 دوكان و كۆگا لە گەڕەكی كۆماری قەزای دوزخورماتوو سوتێنراون یان تاڵانكراون، لەگەڵئەوەشدا، 50 خانووی لێپرسراوانی كورد و پێشمەرگە و چەكدارە خۆبەخشەكان تەقێنراونەتەوە، لە ئەنجامی شەڕی نێوان هێزەكانی حكومهتی عیراقی و پێشمەرگە لە كاتی روداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەردا.
تەیب غەفور، دانیشتوی دوزخورماتوو بە (كەركوك ناو)ـی وت "مامەڵەی هێزەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرا زۆر باش بوو، تا رادەیەك خەڵكی ئەم شارە قایل بون".
بەپێی بەرنامەی كابینەكەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق پێویستە لەناو شارەكاندا هێزی سەربازی وەك سوپا، حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵی نەمێنن، دۆسیەی ئەمنی رادەستی پۆلیسی ناوخۆیی بكرێت.
لە ساڵانی رابردوودا پێشنیازی پێكهێنانی هێزێكی هاوبهش بۆ پێكهاتهكانی دوزخورماتوو هەبوو، بە توانای 450 چهكدار بۆ گهنجانی توركمان، كورد و عهرهب، بەڵام هیچ ئەنجامێكی لێنەكەوتەوە.
قەزای دوزخورماتوو، تاكە ناوچەی جێناكۆكی نێوان هەردوو حكومەتی عیراقو هەرێمی كوردستانە لە پارێزگای سەڵاحەدین، دانیشتوانەكەی لە توركمان، كوردو عەرەب پێكهاتون.