نزیكەی دوو دەیەیە رزگار جەبار لە دودڵی و خەمی خانوەكەیدایە، چونكە زیادەڕۆیە، بۆیە لەوتەی بڕیاری دەركردنی تاپۆی بیستووە خۆی بە یەكێك لە دڵخۆشترین كەسەكانی دوزخورماتوو دەزانێت.
"سەد لە سەد زۆر دڵخۆش بوم، چونكە نزیكەی 27 ملیۆن و 400 هەزار دیناری عیراقیم لە كڕینی زەوییەكە و دروستكردنی خانوەكەمدا خەرجكردووە".
رزگار جەبار لە گەڕەكی كۆماری ناوەندی قەزای دوزخورماتوو نیشتەجێیە، ئەو گەڕەكە لە ساڵی 2004ـەوە بە زیادەڕۆ دروستكراوە و لەوكاتەوە دانیشتوانەكەی چاوەڕێی تاپۆن.
"لەبەرئەوەی تەجاوز بوو، خانوەكەم پارەی نەدەكرد، ئێستاش دەترسم بۆ تاپۆكردنی پارەیەكی زۆرمان لێ وەربگرن، كە لە توانای مندا نەبێت" رزگار بۆ (كەركوك ناو) وای وت، ئەو پۆلیسە و باوكی چوار منداڵە، لەگەڵ ماڵی دایكیدا دەژیت و بژێوی خێزانێكی 7 كەسی لەسەرە.
ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە 28ی تشرینی دووەمی 2022، بڕیاریدا بە تاپۆكردنی تەواوی خانووە زیادەڕۆكان لەسەر ئاستی عیراق جگە لە هەرێمی كوردستان.
زیاتر لە هەشت هەزار و 500 خانوی زیادەڕۆ هەن
مەرعی رشید بەیاتی، بەڕێوەبەری شارەوانی دوزخورماتوو بە (كەركوك ناو)ـی وت "لە قەزاكەدا زیاتر لە هەشت هەزار و 500 خانوی زیادەڕۆ هەن، لە كۆی نزیكەی 250 هەزار خانوی قەزاكە، بەپێی بڕیاری تاپۆكردن زیاتر لە سەدا 80ـی زیادەڕۆ سودمەند دەبن، واتە شەش بۆ هەشت هەزار خانوو دەگرێتەوە".
زۆرینەی زیادەڕۆییەكان دەكەونە گەڕەكەكانی كۆماری، كوردستان، سرور و برایەتی بەوتەی بەیاتی.
كۆماری یەكێكە لە گەڕەكە گەورەكانی دوزخورماتوو كە دانیشتوانەكەی كوردن.
"خەڵكی گەڕەكی كۆماری دەستكورت و بێدەرامەتن، هەر بۆیە زەوی زیادەڕۆیان كڕی" رزگار جەبار وادەڵێت، تەنیا داواكاریشی ئەوەیە حكومەتی فیدراڵی كەمترین پارەیان لێ وەربگرێت لە بەرانبەر تاپۆكردنی خانوەكانیاندا.
بەپێی بڕیارەكەی حكومەت، لە تاپۆكردندا لیژنەیەكی تایبەتمەند خەمڵاندن بۆ نرخی زەوییەكان دەكەن وەك لە رێكارەكانی یاسای فرۆشتن و بەكرێدانی موڵكی دەوڵەت ژمارە 21ـی ساڵی 2013ـدا هاتووە.
"چیتر خەمی ئەوەمان نییە بڵێین زەرەرمەند دەبین، چونكە خانوەكانمان تاپۆ دەكرێن، بەوەش رزگارمان دەبێت لە نەبونی خزمەتگوزاری وەك زێراب و شەقام و بێ ئاوی، كە دەمێك ساڵە بەدەستیەوە دەناڵێنین" عەدنان حەمید، دانیشتوی دوزخورماتوو بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
ئەو لە ساڵی 2005ـەوە خانوی زیادەڕۆی هەیە، كە 200 مەترە و دەیان ملیۆن دیناری تیایدا خەرجكردووە.
بەشێك لە دانیشتوانی گەڕەكە جیاوازەكانی دوزخورماتوو، لە ساڵانی رابردودا، بە پارەی خۆیان هەندێك پرۆژەی خزمەتگوزارییان ئەنجامدا.
"كاتێك داوای خزمەتگوزاریمان دەكرد، شارەوانی دەیوت ئێوە زیادەڕۆیین و پرۆژەتان بۆ ناكرێت" عەدنان حەمید داواشیكرد حكومەت بە وەرگرتنی پارەیەكی كەم لە كاتی تاپۆكردندا، هاوكارییان بكات.
بڕیاری تاپۆكردنی خانوی زیادەڕۆ بەهیچ شێوەیەك زەوی ناگرێتەوە، هەركەسێكیش یەك خانوی لەسەر تاپۆ دەكرێت، بەپێی رێنماییەكان دەبێت ئهو کهسەی داواكاری پێشكەش دەكات، سودمهندی یهکهمی زهوییهکه بێت، بهپێی ئهو داتا و بەڵگانەی كە پێشكەشی یهکه شارەوانییەكانی دەكات، هەروەها داواكار دەبێت تەنیا یەك پارچە زەوی بەناوەوە بێت.
چیتر خەمی ئەوەمان نییە بڵێین زەرەرمەند دەبین، چونكە خانوەكانمان تاپۆ دەكرێن
بەڕێوەبەری شارەوانی دوزخورماتوو دەڵێت لە مەرجەكانی دیكەی تاپۆكردنی خانوی زیادەڕۆ ئەوەیە؛ زەوییەكە لە شوێنی باخچە و ئاوەڕۆ و لەسەر هێڵی نەوتی نەبێت.
مەرعی رەشید بەیاتی رونیكردەوە تەنیا لە هەفتەی یەكەمی وەرگرتنی مامەڵەكاندا نزیكەی هەزار و 400 مامەڵەیان پێشكەشكراوە، "لە پرۆسەی تاپۆكردنی خانووە زیادەڕۆكاندا هیچ جیاكارییەك لە نێوان نەتەوە و پێكهاتەكاندا ناكرێت، ئەوەی مەرجەكانی تێدابێت، سودمەند دەبێت".
له دوای ساڵی 2003 و نهمانی رژێمی بهعس به سهرۆكایهتی سهدام حسێن، ههزاران خانوو لهسهر ئهو زهوییانه بنیاتنراون كه موڵكی دهوڵهت بون له پارێزگاكانی عیراق.
قەزای دوزخورماتوو، تاكە ناوچەی جێناكۆكی نێوان هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستانە لە پارێزگای سەڵاحەدین، دانیشتوانەكەی لە توركمان، كوردو عەرەب پێكهاتون.