حكومەت بۆ پارێزگاری كەركوك: زمانەكانی عەرەبی، كوردی، توركمانی و سریانی بەكاربهێنن

راكان سەعید جبوری، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت و لە پشتیەوە؛ باڵەخانەی پارێزگا كە تابلۆكەی بە چوار زمانی عەرەبی، كوردی، توركمانی و سریانی نوسراوە

كەركوك ناو

ئەمینداریەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، جەخت لە بەكارهێنانی زمانەكانی عەرەبی، كوردی، توركمانی و سریانی دەكاتەوە لە تابلۆی ناونیشان و فەرمانگە حكومییەكانی پارێزگای كەركوك.

ئەو پێداگرییە لە نوسراوێكی ئەمینداریەتی ئەنجومەنی وەزیراندا هاتووە بۆ نوسینگەی راكان سەعید جبوری، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت و تیایدا ئاماژە بە راسپاردەكانی لیژنەی چاودێری جێبەجێكردنی یاسای زمانی فەرمییەكان كراوە.

نوسراوەكە لە 20ـی شوباتی 2023 دەركراوە و ئاژانسی هەواڵی نیشتمانی عیراقی بڵاویكردۆتەوە، بەپێویستی دەزانێت لە تابلۆی ناونیشانی دەرەوە و ناوەوەی هەموو فەرمانگە رەسمییەكانی دەوڵەت و بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی كەركوك پشت بە چوار زمانی پارێزگاكە ببەستن.

هەروەها هاتووە؛ وەزارەتی پەروەردە دەبێت پرۆگرامی خوێندن بە زمانەكانی كوردی و توركمانی بۆ ئەو قوتابخانانە چاپ بكات كە خوێندنیان بەو دوو زمانەیە، لەگەڵ دابینكردنی مامۆستای زمانەكانی كوردی، توركمانی و سریانی بۆ قوتابخانەكانی خوێندن بە هەر سێ زمان.

لە خاڵێكی دیكەی نوسراوەكەدا؛ ئاماژە بەوەكراوە نوسراوە ئیدارییەكانی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پارێزگای كەركوك دەبێت بە زمانەكانی عەرەبی و كوردی بن.

داواشیكردووە زمانی كوردی بۆ فۆنتەكانی چاپ و كۆمپیوتەرەكانی بەڕێوەبەرایەتی باری شارستانی و پاسپۆرت و نشينگەی كەركوك زیادبكرێت.

ئەمینداریەتی ئەنجومەنی وەزیران جەختیشیكردەوە لە نوسراوە رەسمییەكانی هەموو فەرمانگە و دامەزراوەكانی پارێزگاكەدا، پشت بە فۆڕمێك ببەسترێت، كە هەردوو زمانی عەرەبی و كوردی تیادا بەكاربێت.

tablo-1
كەركوك/2022/ لێكردنەوەی چەند تابلۆیەكی ناونیشان دوای دروستبونی ناڕەزایی بەهۆی نەبونی زمانەكانی كوردی و توركمانی لەسەری فۆتۆ: كەركوك ناو

ئەو نوسراوە دوای چەندینجار مشتومڕ و ناڕەزایی دێت دەربارەی بەكارنەهێنانی زمانی چوار پێكهاتەكەی كەركوك.

كۆتا جار وەزارەتی تەندروستی عیراق، ئابی 2022 لەڕێی نوسراوێكەوە فەرمانگەی تەندروستی كەركوكی ناچاركرد تەنیا پشت بە زمانی عەرەبی ببەستێت لە نوسینی سەر مۆڵەتەكانی تەندروستی بۆ كارگە و دوكان و شوێنە گشتییەكاندا، لەكاتێكدا پێشتر زانیارییەكانی ناو مۆڵەت بە هەردوو زمانی عەرەبی و كوردی دەنوسرایەوە.

دیوانی سەرۆكایەتی كۆماری عیراق، لەسەر "داواكاری هاوڵاتیانی كەركوك" و بە نوسراوێك لە ئەیلولی ساڵی رابردوو، داوای لە وەزارەتی تەندروستی كرد بەپێی دەستور، زمانی كوردی لە نوسین و دەركردنی بەڵگەنامە فەرمییەكاندا بەكاربهێنێت.

هەرچەندە پێشتریش ئیدارەی پارێزگای كەركوك، لە 31ـی ئابی 2021ـدا، بە نوسراوێكی رەسمی داوای لە هەموو فەرمانگەكانی دەوڵەت لە پارێزگاكەدا كرد پشت بە زمانە ناوخۆییە رەسمییەكان ببەستن، لە نێویاندا بەكارهێنانی زمانەكانی عەرەبی، كوردی، توركمانی و سریانی لە نوسراوە رەسمییەكاندا.

هەر لە سەرەتای ساڵی رابردودا، ژمارەیەك تابلۆی ناونیشان لە شەقامێكی كەركوك دانران، بەڵام تەنیا بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزی نوسرابون و زمانی كوردی و زمانە لۆكاڵییەكانی تری پارێزگاكەی لەسەر نەبوو، ئەوەش ناڕەزایی لەنێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دروستكرد و بەهۆیەوە هەمان رۆژ لابران، تا لە ئابی هەمان ساڵدا بە سێ زمانی عەرەبی، كوردی و توركمانی دانرانەوە.

بەپێی ماددەی 4ـی دەستوری هەمیشەیی عیراق، زمانەكانی عه‌ره‌بی و كوردی؛ دوو زمانی فه‌رمی وڵاتن، لە بڕگەی (ج)ـی خاڵی 2ـی هەمان ئەو ماددەیەدا هاتووە؛ داننان بە بەڵگەنامە فەرمییەكان و دەركردنی بەڵگەنامە فەرمییەكان دەبێت بە هەردوو زمانەكە بن.

لەبارەی زمانەكانی تریشەوە، لەوانە توركمانی و سریانی، لە دەستوردا هاتووە "دوو زمانی تری فه‌رمین، بەڵام له‌و یه‌كه‌ ئیدارییانه‌ی تێیدا زۆرینه‌ی دانیشتوان پێكده‌هێنن".

بەپێی یاسای زمانە فەرمییەكان ژمارە 7ـی ساڵی 2014، زمانەكانی عەرەبی و كوردی، دوو زمانی رەسمین لە عیراق، بەڵگەنامە دەركراوەكانی هەردوو دەسەڵاتی فیدراڵی و هەرێم بە هەردوو زمانە رەسمییەكە پشتیان پێدەبەسترێت، لەگەڵ بەكارهێنانی زمانەكانی توركمانی و سریانی لەو شوێنانەی تیایدا زۆرینەن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT