بۆردومان و روداوی تاوانكاری لە شنگال؛ بە سێ رۆژ حەوت كەس كوژراون

نەینەوا/ 27ـی شوباتی 2023/ سوتانی ئۆتۆمبێلێكی فەرماندە و چەكدارانی (یەبەشە سەر بە حەشدی شەعبی) لە ئەنجامی بۆردومانی توركیا بۆ شنگال فۆتۆ: رۆژنیوز

كەركوك ناو – نەینەوا

حەوت كەس لە شنگال كوژران، كە فەرماندەی سەربازی و مێردمنداڵی تێدایە، ئەوەش تەنیا لە سێ رۆژدا و بەهۆی بۆردومان و چەند روداوێكی دیكەی تاوانكارییەوە.

فەرماندەیەكی باڵای ئاسایشی ئێزیدیخان، نیوەڕۆی 1ـی ئاداری 2023 ئۆتۆمبێلەكەی بوو بە ئامانجی بۆردومانی فڕۆكەیەكی توركیا لە ناوەندی قەزای شنگال و دەستبەجێ گیانیلەدەستدا.

خودێدا ئەلیاس، لێپرسراوی یەکینەکانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) لە ناحیەی سنونێی شنگال بە (کەرکوك ناو)ـی وت "بۆردومانەکە ئۆتۆمبێلی شێرزاد قیرانی، لێپرسراوی ئاسایشی ئێزدیخانی کردە ئامانج و دەستبەجێ گیانیلەدەستدا".

"بۆردومانەکە تەنیا 300 مەترێک لە بارەگای پۆلیسی قەزای شنگالەوە دوور بووە، فەرماندەكەی ئاسایشی ئێزدیخان لەبارەگای خۆی دەرچووە و 10 بۆ 15 مەتر دوركەوتۆتەوە و بۆردومان كراوە" بەوتەی ئەلیاس.

یەبەشە و ئاسایشی ئێزیدخان بە نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ناودەبرێن و خەڵكی ناوچەكە لەوانەش ئێزیدییەكان پێكهێنەری سەرەكین تیایاندا، لە ژێر ركێفی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری كاردەكەن.

asaishi-ezidxan
نه‌ینه‌وا/ 2020/ دوو چه‌كداری سه‌ر به‌ ئاسایشی ئێزیدیخان له‌ قه‌زای شنگال فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

لە روداوێكی دیكەی هاوشێوەدا؛ 27ـی شوباتی 2023 لە گوندی باهراڤی سنوری شنگال، دەوروبەری كاتژمێر یەكی دوانیوەڕۆ لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆكەیەكی سوپای توركی، پیر چەكۆ، فەرماندەیی فەوجی 80ی حەشدی شەعبی و عەگیر جەعفەری فەرماندە لە هەمان هێز و چەكدارێكی دیكە كوژران، بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ (كەركوك ناو).

ئەو فەوجە ژمارەیەكی زۆر لە چەكدارەكانی شەڕڤانی یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە)ـن و لە ساڵی 2020دا لە چوارچێوەی دەستەی گشتی حەشدی شەعبیدا تێكەڵكران و موچەیان بۆ بڕدرایەوە.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال، لە راگەیەندراوێكدا ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ـی ئادار داوایكرد حکومەتى عیراق بەرپرسیارتێتی خۆی بەرانبەر بە روداوەكانی شنگال جێبەجێبكات، "ئەگەر نایانەوێت هاوبەشی ئەو هێرشە کۆمەڵکوژییەی سەر ئێزدیان بن".

ئەنجومەن یان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، هەشت ساڵ لەمەوبەر هێزەكانی نزیك لە پەكەكە بۆ ئیدارەدانی شنگال پێكیانهێناوە، بەڵام بەغدا دانی پێدانەنا و لە ئێستادا شنگال بێجگە لەو ئەنجومەنە دوو ئیدارەی دیكەی هەیە، یەكێكیان لە ئۆكتۆبەری 2017ـەوە دامەزراوە و لە ناوەندی قەزاكەدایە و ئەویتر پێكهێنراوی دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانە و لە سنوری دهۆك دەوامدەكەن.

هەر لە شنگال، 25ـی شوبات تەرمی دوو مێردمنداڵی شوانكارەی خەڵكی كۆمەڵگەی خانەسۆری ناحیەی سنونێ دۆزرانەوە.

snjar-2022-4
نەینەوا/ 2022/ ناڕەزایی گەنجان دژی ململانێ هێزە چەكدارەكانی ناو شنگال فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

خودێدا چوکی، بەرێوەبەری ناحیەی سنونێ به (كەركوك ناو)ـی وت "ناجی حەجی حەمۆ (14 ساڵ) و هیشام حەمۆ (15 ساڵ) لەکاتی شوانیدا کوژراون"، هەروەها ئاماژەی بەوەدا "زانیاری هەیە هۆكاری روداوەكە كێشەی كۆمەڵایەتی بێت"، بەوپێیەی هەردوو بنەماڵەی كوژراوەكان و بكوژ، پێشتر ناكۆكی لە نێوانیاندا هەبووە.

هەرچەندە تۆمەتباری روداوی كوشتنەكە ناسراوە، بەڵام دەستگیرنەكراوە، وەك خودێدا دەڵێت.

25ـی شوبات لە خانویەكی تەواونەكراو (هەیكەل)ـی ناوەندی شنگال تەرمی هاوڵاتییەكی دیكە دۆزراوەتەوە.

سەرچاوەیەک لە پۆلیسی شنگال كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بە (كەركوك ناو)ـی وت "پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ روداوی كوشتنی ئەو پیاوە و دوو  مێردمنداڵەكەی سنونێ كراونەتەوە و هێشتا لە لێكۆڵینەوەداین"، هەر بەو پاساوەش هیچ زانیارییەكی دیكەی ئاشكرانەكرد.

borduman-1
نەینەوا/ حوزەیرانی 2022/ شوێنەواری بۆردومانی بارەگای ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال لەلایەن توركیاوە. فۆتۆ: زێندەین عامر عیدۆ

قه‌زای شنگال  (120كم خۆرئاوای موسڵ)، زۆرینەی هەرە زۆری دانیشتوانەكەی ئێزیدین و لە دوای دەركردنی چەكدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام – داعش"، بە دۆخێكی "ئەمنی ناجێگیردا" تێپەڕدەبێت، هەر ئەوەش هۆكارێكە بۆ نەگەڕانەوەی دانیشتوانەكەی، كە لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستان ئاوارەن.

توركیا لە چەند ساڵی رابردووەوە تائێستا دەیانجار بۆردومانی شنگالی كردووە بە پاساوی راوەدونانی چەكدارانی پەكەكە.

لێپرسراوی یەکینەکانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) لە ناحیەی سنونێ وتی "تورکیا و چەند دەستێکی تر لە عیراق نایانەوێت خەڵکی شنگال کەمێک ئیسراحەت بکەن و بەئەنقەست دەیانەوێت بارودۆخی قەزاكە هەر شەڕ و ئاڵۆزی و نائارامی بێت، تا ئاوارەکان نەگەرێنەوە زێدی خۆیان و شنگال ئاوەدان نەکرێتەوە".

لەكۆی 664 هەزار ئاوارەی هەرێمی كوردستان سەدا 30ـیان ئێزیدین و هێشتا چارەنوسی نزیكەی دوو هەزار و 700 هاوڵاتی ئەو پێكهاتەیەش نادیارە دوای رفاندیان لەلایەن داعشەوە لە ئابی 2014ـدا.

بەپێی رێككەتننامەی شنگالی 2020؛ كە لە نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم واژۆكراوە، دەبێت ئیدارەیەكی نوێ بۆ قەزاكە پێكبهێنرێت، دوبارە ئاوەدانبكرێتەوە و دۆسیەی ئەمنی رێكبخرێتەوە، بەجۆرێك هێزەكانی نزیك لە پەكەكە شنگال بەجێبهێڵن، بەڵام ئەو رێككەوتنە تائێستا جێبەجێنەكراوە و له‌ شنگال زیاتر له‌ هه‌شت هێزی چه‌كداری جیاواز هه‌ن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT