رۆژنامەنوس شێروان شێروانی، لەبەردەم دادگای لێكۆڵینەوەی دەشتی هەولێر ئامادەبوو، لەسەر كەیسێكی تر پەیوەست بە "هەڕەشەكردن" لە ئەفسەرێكی زێرەڤانی لەناو چاكسازی گەورانی هەولێر، ئەوەش بەپێی وتەی پارێزەر بەشدار حەسەن، ئەندامی تیمی پارێزەرانی بەرگریکردن لە چالاکوانانی بادینان.
بەشدار حەسەن لە راگەیەنراوێكیدا، ئەمڕۆ یەكشەممە 16ی نیسان، بڵاویكردەوە "کەیسێکی تر بۆ رۆژنامەنوس شێروان شێروانی کراوەتەوە و هێنرایە دادگای لێکۆڵینەوەی دەشتی هەولێر لە کەسنەزان".
لەبارەی ناوەڕۆكی كەیسەكەوە، بەشدار دەڵێت "گوایە لە 23ی حوزەیرانی 2022دا شێروان شێروانی هەڕەشەی لە ئەفسەرێکی زێرەڤانی كردووە لە ناو چاکسازی گەورانی هەولێر و بەو هۆیەوە پەڕاوێکی تری لیکۆڵینەوەیان بۆ لە بنکەی پۆلیسی کەسنەزان کردۆتەوە، ئەوەش بەپێی ماددەی 229 لە یاسای سزاکانی عیراقی".
بەشدار زیاتر وتی "هەر ئەمڕۆ یەكشەممە شێروان شێروانیان هێناوەتە بەردەم دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی دەشتی هەولێر لە کەسنەزان، بەڵام بەهۆی ئەوەی نە خودی شێروان و نە تیمی پارێزەران ئاگاداری ئەو كەیسە نەبون، بۆیە شێروان وتەی نەداوە و دادوەریش دانیشتنەكەی دوایخستووە... بڕیارە لە دانیشتنێكی تردا بە ئامادەبونی پارێزەرەكانی وتەی لێ وەربگیرێت".
ماددەی 229ی یاسای سزادانی عیراقی، پەیوەستە بەهێرشکردنە سەر فەرمانبەرانی میری ئەوانەی له ئەرکی فەرمیدان، دەشێت سزاكەی سێ ساڵ زیندانی بێت.
لە تشرینی یەكەمی 2020 شیروان شیروانی و چوار رۆژنامەنوس و چالاكوانی بادینان دەستگیركران و لە 16ی شوباتی 2021دا بە دەنگی زۆرینەی دادوەرانی دادگای تاوانەكانی هەولێر، بە "سیخوڕیکردن بۆ وڵاتان و هەوڵدان بۆ کودەتا"، تاوانبارکران و بە شەش ساڵ زیندانی حوکمدران.
لە 16ـی ئاداری 2023 سیان لەو حوکمدراوانەی بادینان ئازادكران، ئەوەش دوای تەواوكردنی حوكمەكەیان و كەمكردنەوەی سزاكەیان بەپێی مەرسومێكی سەرۆكی هەرێم، لەوانە (ئەیاز کەرەم، شڤان سەعید و هاریوان عیسا). بەڵام هەریەکە لە شێروان شێروانی و گۆهدار محەمەد، هێشتا لە زیندان و كەیسی تریان بۆ كراوەتەوە.
بەشدار حەسەن، دوو رۆژ لەمەوبەر و لە 14ی نیسان، راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا جەختیكردەوە "تۆمەتێكی نوێیان بۆ سزادراو (شێروان شێروانی) دروستکردووە گوایە لە بری سزادراو (گوهدار زێباری) پەنجەمۆری لەسەر داواکارییەک کردووە بۆ گواستنەوەیان لە چاکسازی هەولێرەوە بۆ چاکسازی سلێمانی".
بەشدار بۆ ئەوە بەرچاوڕونییەك دەخاتەڕوو و دەڵێت "پێشوەختە زیندانیانی بادینان لەناوخۆیان رێککەوتبوون لەهەر بڕیارێکی پەیوەست بە کەیسەکەیان یەکدەنگ بن و لە ئەگەری سزادانی هەریەکێکیان و لێک جیاکردنەوەیان و دەنگ بەیەک نەگەشتنیان لەهەر پرسێک بڕیاریان یەکە و دەکرێت لەبری یەک بڕیاربدەن و خۆیان ئەو مافەیان داوەتە یەکتر".
هەروەها دەڵێت "لە ڕووە یاساییەکەوە، تاوانی تەزویر لە سێ روکنی سەرەکی پێکدێت کە بریتین لە (روکنی ماددی و روکنی مەعنەوی و روکنی زەرەر) کە لەم حاڵەتەدا روکنی زەرەر بوونی نییە. لەم کەیسەدا، (شێروان شێروانی) نە هیچ زەرەری بە بەرژەوەندی گشتی گەیاندووە لەبەرئەوەی سەنەدی رەسمی یان نوسراوێکی فەرمی تەزویر نەکردووە، هەروەها نە زەرەری بە بەرژەوەندی هیچ کەسێک گەیاندووە، بە پێچەوانەوە ئەم کارەی شێروان لەپێناو بەرژەوەندی هاوڕێیەکەی بووە و پێشتر خۆی رێگەی پێداوە و داوای لێکردووە ئەم کارە بکات".
لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی ئەو كارەی ئیدارەی چاکسازی کردویەتی بە کێشەیەکی گەورە، نوسراوێكی سادە بووە، نەك نوسراوێكی فەرمی، تا ئەو رادەیەی پولی فەرمی داراییشی لەسەر نەبووە.
بەشدار ئاماژە بەوەشدەكات كە خودی گوهدار زێباری لە بەردەم بەڕێز ئەندامی داواکاری گشتی و لەبەردەم دادوەری تایبەتمەند رایگەیاندووە کە ئەوان پێشووتر لەناو خۆیان رێککەوتن بڕیار لەبری یەک بدەن و یەکدەنگن بۆ هەر پرسێک کە بۆ قازانجیان بێت و هیچ کێشەیەکی نییە سەبارەت بە پەنجەمۆرەکە و یەکدەنگی لەگەڵ هاوڕێیانی دوپاتکردۆتەوە، بۆ ئەوەش سكاڵای نەبووە.