هەریەكێكیان لە 30 ملیۆن دینار تێناپەڕێت

سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوەی نەینەوا: 63 هەزار دۆسیەی قەرەبووكردنەوە یەكلاییكراونەتەوە

نەینەوا/ حوزەیرانی 2022/ شوێنەواری شەڕی سێ ساڵەی داعش لە موسڵی كۆن لە بەری راستی شاری موسڵ فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

دادوەر رائد حەمید موسڵح، سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوەی نەینەوا دەڵێت تائێستا رەزامەندییان بۆ زیاتر لە 63 هەزار داواكاری قەرەبوكردنەوە دەربڕیووە، كە بڕی هەر یەكێكیان ناگاتە 30 ملیۆن دینار و بەشێكی دیكەش بەهۆی زۆری بڕی قەرەبووكردنەوەكەوە یەكلایینەكراونەتەوە.

ناوبراو لە چاوپێكەوتنێكدا كە سایتی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بڵاویكردۆتەوە، جگە لە دۆسیەی قەرەبوكردنەوەی زیانلێكەوتوانی شەڕ لە نەینەوا، ئاماژە بە رێگرییەكانی بەردەم جێبەجێكردنی یاسای ژنانی رزگاربوی ئێزیدی و هێنانەوەی شوێنەوار بە تاڵانبراوەكانی پارێزگاكە دەكات.

سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوەی نەینەوا دەڵێت لە مانگی حوزەیرانی 2020ـەوە بە سیفەتی تەمییزی 63 هەزار و 500 داواكاری قەرەبووكردنەوە رەزامەندی لەسەر دراوە و پەسەند كراوە، هەر لەوكاتەوە، داوایان لە وەزارەتی دارایی كردووە بودجە تەرخانبكات بۆ قەرەبوكردنەوەی زیانلێكەوتوانی شەڕ.

ئەو داواكارییانەی بۆ قەرەبوكردنەوە لە دەسەڵاتی دادگای نەینەوادایە یەكلاییبكاتەوە، بڕی زیانەكانی لە 30 ملیۆن دینار تێناپەڕێت و ئەگەر زیاتر بێت، ئەوا پێوستی بە رەزامەندی و پەسەندكردنی هەیە لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە لە بەغدا، وەك موسڵح رونیكردەوە.

هەروەها رائد حەمید موسڵح ئاماژەی بەوەدا ئەو دۆسیەیانەی یەكلایینەكراونەتەوە؛ بڕی قەرەبووكردنەوەكانیان زیاتر لە 30 ملیۆن دینارە و لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە، بەڵكو لیژنەی ناوەندی تایبەت بە قەرەبوكردنەوە لێی بەرپرسە و ژمارەیەك زۆر دۆسیەش هەن چاوەڕێی بڕیاری كۆتایی دەكەن.

mahkama
رائد حەمید موسڵح، سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوەی نەینەوا

بەپێی بەدواداچونەكانی (كەركوك ناو) كە لە ئیدارەی نەینەوا دەستیكەوتووە، نزیكەی 90 هەزار مەدەنی لە نەینەوا هەوڵیی بەدەستهێنانی قەرەبوكردنەوە دەدەن.

خەمڵاندنی قەرەبوو، بەپێی قەبارەی زیانەكانە و پشت بە بەڵگەنامەی رەسمی دەبەستێت كە بیسەلمێنێت موڵكەكە و زیانەكە لەلایەن داواكارەوە خاوەندارێتی دەكرێت، دواتر لیژنەیەكی شارەزا و پسپۆڕ، هەڵسەنگاندن دەكەن و بڕی قەرەبوكردنەوەی شایستە دیاریدەكەن، بەوتەی دادوەر رائد حەمید.

لە ریزبەندی یەكلاییكردنەوەی دۆسیەكاندا؛ پشت بە كاتی پێشكەشكردنی داواكاریی قەرەبوو دەبەسترێت، هەر كەسێك زووتر داوایكردبێت ئەوا زووتر قەرەبووەكەی وەردەگرێت.

بەپێی ئەو ئامارانەی پێشتر (كەركوك ناو) بڵاویكردۆتەوە، بەهۆی شەڕی داعشەوە 250 هەزار خانوو لە موسڵ زیانیان بەركەوتووە یان خاپور بون، كە بەشێكیان بۆ بنیاتنانەوە و نۆژەنكردنەوە، یەكی پێویستیان بە 30 هەزار دۆلار هەیە.

قەرەبوكردنەوەی زیانلێكەوتووان لە چوارچێوەی هەمواركردنەوەی یاسای ژمارە 20ـی ساڵی 2009دا دەبێت، كە بەپێی یاساكە، له‌ڕێی لیژنه‌یه‌كه‌وه‌ هه‌ڵسه‌نگاندن و خه‌مڵاندنی بۆ ده‌كرێت. دواتر ئه‌و بڕه‌ پاره‌ی پێده‌درێت كه‌ لیژنه‌كه‌ دیاریكردووە له‌به‌رانبه‌ر زیانه‌كاندا، بۆ ئه‌وه‌ش سه‌ره‌تا خانوو، دواتر ناوه‌نده‌كانی خزمه‌تگوزاری ئه‌هلی ده‌گرێته‌وه‌.

سەرۆكی دادگای تێھەڵچونەوەی نەینەوا باسی لە یاسای ژنانی رزگاربوی ئێزیدی كرد و جەختیكردەوە؛ دیارترین بەربەستەكانی بەردەم ئەو یاسایە، ئەو رزگاربوانەیە كە مەلەفی لێكۆڵینەوەكانیان بەردەست نییە، بەوپێیەی چونەتە دەرەوەی عیراق و ژمارەیەك بە نزیكەی هەزار و 400 كەس دەخەمڵێنرێت.

داوەر رائد حەمید دەڵێت دەستەی كۆكردنەوەی بەڵگەنامەكان (جینۆساید)، ئامادە نییە بەڵگە و نوسراوی لێكۆڵینەوە دەربارەی ئەو رزگاربوانەی ئێزیدی رادەستبكات، سەرباری ئەوەی چەندینجار داوایانلێكراوە و بەپێی یاسای ژنانی رزگاربوی ئێزیدیش پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتەكانی فیدراڵی و لایەنەكانی دیكە هاوكاربن و هەموو بەڵگەنامەیەك دەربارەی ژنانی رزگاربوو رادەستی بەڕێوەبەرایەتی كاروباری ژنانی رزگاربوو بكەن.

هەروەها رونیكردەوە بەڵگەنامە و دۆسیەی لێكۆڵینەوە تایبەت بە ژنانی رزگاربوی ئێزیدی، لە گرنگترین بەڵگەكانی سەلماندنە بۆ ئەوەی نیشانی بدات رزگاربوان روبەڕوی تاوان بونەتەوە لەلایەن "چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە داعش".

ezidi-1-2-1
دهۆك/ 2019/ ئاواره‌كانی ئێزیدی له‌ كه‌مپی داودی داوای رزگاركردنی رفێنراوان ده‌كه‌ن فۆتۆ: كەركوك ناو

بەپێی یاسای رزگاربوانی ئێزیدی، موچەیەكی مانگانە، كە دوو هێندەی كەمترین موچەی خانەنشینی بێت، بە ژنان و كچانی رزگاربوو دەدرێت –كەمترین موچەی خانەنشینی لە عیراق 500 هەزار دینارە و بەوپێیەش هەر رزگاربویەكی دەستی داعش یەك ملیۆن دیناری مانگانە وەردەگرێت-.

یاساكە تەنیا بۆ ئێزیدی نییە، بەڵكو هەموو كچان و ژنانی ئێزیدی، توركمان، كریستیان و شەبەك دەگرێتەوە، كە لەلایەن چەكدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام – داعش"ـەوە رفێنراون و دواتر ئازاد بون یان لە هەڵمەتی كوشتنی ئەو رێكخراوەدا، رزگاریان بووە.

سەرۆكی دادگا دەڵێت داعش لەكاتی دەستبەسەرداگرتنی پارێزگای نەینەوادا؛ لەڕێی توركیا و سوریاوە شوێنەوارەكانی بە تاڵانبردووە و بازرگانی پێیانەوە كردووە، لەوڕێیەوە پارەی زۆریان دەستكەوتووە، بۆ پارەداركردنی رێكخراوەكەیان بەكاریانهێناوە.

باسی لەوەشكرد هەر شوێنەوارێك لە توانای داعشدا نەبووە تاڵانی بكات، ئەوا تێكیداوە و وێرانی كردووە، وەك شوێنەواری مێژویی نەمرود، حەزەر، منارەی حەدبا و تەقاندنەوەی مەرقەدە پیرۆزەكانی وەك مەرقەدی نەبی یونس و نەبی شیت.

دادوەر رائد حەمید ئاشكرایكرد كە داعش پارچە شوێنەواری ساختە و هاوشێوەی شوێنەوارە راستەقینەكانی لەڕێی شارەزایانەوە دروستكردۆتەوە و لە مۆزەخانەی موسڵ بە بەرچاوی كامێراوە شكاندویەتی، تا خەڵك واتێبگەن شوێنەوارە راستەقینەكان شكێنراون، بەڵام دواتر لە بازاڕی رەشدا شوێنەوارە راستەقینەكانیان فرۆشتووە.

سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوەی نەینەوا وتی تائێستا سێ هەزار و 817 پارچەی شوێنەوارییان گەڕاندۆتەوە لەڕێی وێبسایتی (هوبی لوبی) كە تایبەتە بە فرۆشتنی پارچەی هونەری، جگە لە دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی 78 پارچەی شوێنەوار لە لوبنان و 32 پارچە لە بەریتانیا و چەندین پارچەی دیكە هۆڵەندا و نەرویج.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT