420 رزگاربوی دەستی داعش موچە لە حكومەتی فیدراڵی عیراق وەردەگرن، ئەوەش لە چوارچێوەی یەكەم هەنگاوی كرداریی یاسای رزگاربوانی ئێزیدی، كە دوو ساڵ لەمەوبەر بۆ قەرەبووكردنەوەی ژنانی رفێنراو پەسەند كرا.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری رزگاربوان –سەر بە وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵاتی عیراق-، پرۆسەی دەرچواندنی كارتی پارەپێدانی ئەلیكترۆنی (ماستەركارد)ـی بۆ ئەو رزگاربوانەی دەستی داعش دەستپێكرد، كە مامەڵەكانیان تەواو كردووە و ناوەكانیان گەڕاوەتەوە بۆ وەرگرتنی موچە.
"ئەوانەی مامەڵەكانیان تەواو كردووە 420 كەسن، موچەی چەند مانگێك بەسەر یەكەوە وەردەگرن، چونكە لە حوزەیرانی ساڵی رابردووەوە موچەیان بۆ هەژماركراوە، كاتێك ئەو موچەیە تا مانگی شوبات خەرجدەكرێت و رێكدەكرێتەوە، ئینجا دوای ئەوە مانگانە موچەیان پێدەدرێت" سەراب ئەلیاس، بەڕێوەبەری گشتی كاروباری رزگاربوان بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
پێدانی ئەو موچەیە یەكەم هەنگاوی كرداری یاسای ژنانی رزگاربوی ئێزیدی ژمارە 8ـی ساڵی 2021ـە، كە راستەوخۆ ژنان و كچانی رزگاربوو لێی سودمەند دەبن، لەكاتێكدا یاساكە لە ئاداری 2021ـەوە پەسەند كراوە.
موچەی چەند مانگێك بەسەر یەكەوە وەردەگرن
سەراب ئەلیاس وتی "راستە دوو ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دەرچواندنی یاساكەدا، بەڵام شایستەی دارایی تەرخاننەكرابوو، بۆیە كەس سودمەند نەبوو، ئێستاش پارە تەرخانكراوە و لە مانگی كانونی دوەمی ئەمساڵ گەیشتۆتە وەزارەتی كار، بۆیە لەم رۆژانەدا دەست بە دابەشكردنی یەكەم موچە دەكرێت".
بەپێی یاسای رزگاربوانی ئێزیدی، موچەیەكی مانگانە، كە دوو هێندەی كەمترین موچەی خانەنشینی بێت، بە ژنان و كچانی رزگاربوو دەدرێت –كەمترین موچەی خانەنشینی لە عیراق 500 هەزار دینارە و بەوپێیەش هەر رزگاربویەكی دەستی داعش یەك ملیۆن دیناری مانگانە وەردەگرێت-.
یاساكە تەنیا بۆ ئێزیدی نییە، بەڵكو هەموو كچان و ژنانی ئێزیدی، توركمان، كریستیان و شەبەك دەگرێتەوە، كە لەلایەن چەكدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام – داعش"ـەوە رفێنراون و دواتر ئازاد بون یان لە هەڵمەتی كوشتنی ئەو رێكخراوەدا، رزگاریان بووە.
هەروەها منداڵانی هەردوو رەگەز كە لەكاتی رفاندنیاندا تەمەنیان لە خوار 18 ساڵییەوە بووە، یاساكە دەیانگرێتەوە.
"دوو ساڵە لە چاوەڕوانیداین و یەك دینارمان وەرنەگرتووە، خەریكە بێ هیوا دەبین، هەستدەكەین ئیشوكارەكان زۆر بەهێواشی بەڕێوەدەچن" لەیلا شەمۆ وای وت، ئەو ژنە ئێزیدییە لەگەڵ دوو كچی لە ساڵی 2015ـدا لە دەستی داعش رزگاریان بووە.
لەیلا بۆ سودمەندبون لە یاسای رزگاربوان؛ سێ نوسراوی فەرمی لە نوسینگەی رزگاركردنی رفێنراوان و رێكخراوی یەزدا و دادگای موسڵەوە ئامادەكردووە كە جەخت لە راستی چیرۆكی رفاندنی دەكەنەوە، لەگەڵ بەڵگەنامە فەرمییەكاندا رادەستی كردووە.
ئەو كە دوو ساڵە بە ئومێدی وەرگرتنی موچەوەیە، وتی "بە ئێمەیان وت فایلەكان دەچنەوە بەغدا و ئەگەر كێشەی تیادا نەبێت تەلەفۆنت بۆ دەكەین، بەڵام هەر دەنگیان نەبوو، زۆر دواكەوت".
چهكدارانی داعش؛ له ئابی 2014ـدا دهستیانگرت بهسهر قهزای شنگالدا، شهش ههزار و 417 هاوڵاتی ئێزیدییان رفاند، لە نێویاندا سێ هەزار و 548 كەس لە رەگەزی مێ، بهپێی ئامارەكانی حكومهتی ههرێمی كوردستان، تائێستا سێ هەزار و 562 كەس رزگاركراون، لە نێویاندا هەزار و 207 ژن و كچ، لەگەڵ دوو هەزار و 16 منداڵ لە هەردوو رەگەز، هێشتا دوو هەزار و 693 رفێنراویش بێسەروشوێنن كە هەزار و 262 كەسیان لە رەگەزی مێ-ــن.
هەستدەكەین ئیشوكارەكان زۆر بەهێواشی بەڕێوەدەچن
خەیری بۆزانی، سەرپەرشتیاری دۆسیەی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئێمە لەڕێی فۆڕمێكەوە و بە پێنج خولەك هەموو زانیارییەكی كەسانی رفێنراو و رزگاربوو تۆماردەكەین، لای ئێمە مامەڵەكان بەهیچ شێوەیەك دواناكەوێت، ئەوەی دەمێنێتەوە پەیوەستە بە بەڕێوەبەرایەتی كاروباری رزگاربوان و پەیوەندی بە ئێمەوە نییە و ئێمە لێی بەرپرسیار نین".
جگە لە رفێنراوانی ئێزیدی، بەپێی ئامارێكی چالاکوانانی ناوخۆیی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە تەلەعفەر كە پێشتر بە (كەركوك ناو) دراوە، لەكۆی هەزار و 300 رفێنراوی توركمانی سەردەمی دەسەڵاتدارێتی داعشدا لە نێویاندا سەدان ژن و منداڵ، تەنیا 48 كەسیان ئازادكراون، كە 23ـیان لە رەگەزی مێ بون.
هەروەها بەپێی ئامارێكی بهڕێوهبهرایەتی كاروباری كریستیانهكان له وهزارهتی ئهوقافی حكومهتی ههرێمی كوردستان كە (كەركوك ناو) وەریگرتووە، 62 كریستیانی لە سەردەمی داعشدا بێسهروشوێن بوون، كه 18ـیان له رهگهزی مێ بون.
(كەركوك ناو) هیچ ئامارێكی دەربارەی رفێنراوان و رزگاربوانی شەبەك دەستنەكەوت.
"پێكهاتەكانی كریستیان، توركمان و شەبەك وەك ئێزیدییەكان سود لەو یاسایە دەبینن، بەڵام ژمارەی رفێنراو و رزگاربوانی ئەوان دیارنییە، بەشێكیان بەهۆی ترس و هۆكاری ئەمنی خۆیان ئاشكراناكەن كە رزگاربون، بەڵام بە گشتی پێشبینی دەكەین چوار بۆ پێنج هەزار كەس لە یاسای رزگاربوان سودمەندبن" بەوتەی بەرێوەبەری گشتی كاروباری رزگاربوان.
سەراب ئەلیاس دەڵێت مامەڵەی هەر رزگاربویەكی دەستی داعش، دوای پڕكردنەوەی فۆڕم و پێشكەشكردنی بەڵگەكان، رادەستی لیژنەیەك بە سەرۆكایەتی دادوەر دەكرێت تا بڕیاری لێبدرێت، هەر ئەوەش هۆكاری دواكەوتنی قەرەبوكردنەوەیە، "سەرەتا تەركیزمان لەسەر موچەیە و دواتر هەنگاوەكانی دیكەی یاساكە جێبەجێدەكەین".
ههر له یاساكهدا پێدانی پارچهیهك زهوی نیشتهجێبون یان شوقه بهژنانی رزگاربو جێگیركراوه لهگهڵ كردنهوهی ژمارهیهك ناوهندی دهرونی بۆ چارهسهری رزگاربون و گهڕانهوهی ئهو خانمانهی بههۆی رفاندنیانهوه له خوێندن دابڕاون.
ههروهها هاتووه له دامهزراندندا ئهولهویهت بۆ رزگاربوان دهبێت، بێ مهرجی تهمهن و تێكڕای نمرهش مافی گهڕانهوه بۆ خوێندنیان ههیه.
پێشبینی دەكەین چوار بۆ پێنج هەزار كەس لە یاسای رزگاربوان سودمەندبن
"دەبوو چەند ساڵێك لەمەوبەر ژنان و كچانی ئێزیدی بەهۆی ئەو ستەمەی لێیانكراوە هەموویان قەرەبوو بكرێنەوە" هەرمان میرزا بەگ جێگری میری ئێزدییان بۆ (كەركوك ناو) وای وت، رونیشیكردەوە "ئەوەی لەسەرشانی ئێمەیە بە زیادەوە هەوڵمانداوە لەگەڵ حكومەتی عیراق تا بە زووترین كات یاساكە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و رزگاربوان قەرەبوو وەربگرن".
یاسای ژنانی رزگاربوی ئێزیدی، هیچ چارەسەرێكی بۆ ئەو ژنە ئێزیدییانە دانەناوە، كە بههۆی دهستدرێژی سێكسی چهكدارانی داعشهوه منداڵیان بووە، ئهوهش روبهڕوی رهتكردنهوهی كۆمهڵگهی ئێزیدی كردنهوه و ئامادهنهبون به منداڵهكانیانهوه وهریانبگرنهوه، بۆیه ئهوانهی دهستبهرداری منداڵهكانیان نهبون نهیانتوانی بگهڕێنهوه نێو كهسوكاریان و ههندێكیشیان تا دۆزینهوهی چارهسهری یاسایی لهلایهن رێكخراوهكانهوه داڵدهدراون.
روداوهكانی دهرههق به ئێزیدی لە یاساكەدا وەك تاوانی جینۆساید ناسێنراوە، جەختیكراوەتەوە لە تۆماركردنی سكاڵا دژی ئهنجامدهرانی ئهو تاوانه و 3ـی ئابی ههموو ساڵێكیشی به رۆژی نیشتمانی بۆ ناساندنی ئهو روداوهكه دیاریكردووه، جگە لەوەی وەزارەتی دەرەوەی راسپاردووە كاربكات بۆ داننان بەو تاوانەدا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.