كوردێكی نیشتەجێی بەغدا كاندیدە بۆ پۆستی قایمقامی مەندەلی

ئەمیر خانەقینی

فەرید تاڵب ئیبراھیم، كوردێكی دانیشتوی شاری بەغدایە، كاندید كراوە بۆ پۆستی قایمقامی مەندەلی و ناوەكەی بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرزكراوەتەوە، ئەوەش بەپێی زیاد لە سەرچاوەیەك كە لێپرسراوێتیان لە ئیدارەی قەزای مەندەلی-دا هەیە.

وەزارەتی پلاندانانی عیراق لە 12ی ئاداری رابردوو، رەزامەندی نیشاندا بە دوبارە ناساندنەوەی ناحیەی مەندەلی وەكو قەزا، ئەوەش بە ئامانجی "گەڕاندنەوەی ژیان" بۆ ئەو قەزایەی سەر بە پارێزگای دیالە كە یەكێكە لە ناوچەكانی جێناكۆك بەپێی دەستوری عیراق و خەڵكەكەی تێكەڵەیەكن لە عەرەب، کوردی فەیلی و تورکمان.

یەكێك لە سەرچاوەكانی (كەركوك ناو) لە ئیدارەی ئێستا مەندەلی لێپرسراوێتی هەیە، وتی "موحسین مەندەلاوی، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق، ناوی فەرید تاڵب ئیبراھیم-ی بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرزكردۆتەوە تاوەكو رایبسپێرن بۆ پۆستی قایمقامی مەندەلی".

Fareed
پارێزەر، فەرید تاڵب ئیبراھیم، كاندید بۆ پۆستی قایمقامی مەندەلی

فەرید تاڵب، پارێزەرێكی كوردێكی دانیشتوی بەغدایە و لە عەشیرەتی قەرەلوسە، ئەو عەشیرەتە زۆرینەیان لە سنوری مەندەلی بڵاوبونەتەوە. بەپێی سەرچاوەكانی (كەركوك ناو) هێشتا لە ئەنجومەنی وەزیران پەسەند نەكراوە.

موحسین مەندەلاوی كوردی فەیلی-یە و بە پشتیوانی لایەنە شیعییەكانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراقی پێدراوە، خۆیشی خەڵكی مەندەلییە.

مەندەلاوی یەكێك بوو لەو كارەكتەرانەی كە رۆڵی سەرەكی هەبوو لە بەقەزاناساندنەوەی مەندەلی لە 12ی ئاداری رابردوو. ئەوەش دوای سەرنەگرتنی هەوڵەكانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە خول و كابینەكانی پێشوی پەرلەمان و حكومەتی عیراق.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT