خۆپیشاندەرانی مەندەلی: قایمقامێكمان دەوێت لە نێوماندا بژیت

دیالە/ 6ی ئایاری 2023/ خۆپیشاندانی بەشێك لە كەسایەتییەكانی عەرەب دژی هەوڵەكان بۆ دانانی قایمقامێك بۆ قەزای مەندەلی. فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

ئەمیر خانەقینی

ژمارەیەك كەسایەتی و سەرۆك هۆز لە مەندەلی، دانانی قایمقام لە دەرەوەی قەزاكە رەتدەكەنەوە و جەختدەكەنەوە "قایمقامێكمان دەوێت لە نێوماندا بژیت".

ئەو هۆشدارییە لە خۆپیشاندانێكدا هات كە ئەمڕۆ شەممە 6ی ئایار لەبەردەم بینای قایمقامیەتی مەندەلی بەڕێوەچوو.

بەپێی راگەیەنراوێك كە ئاراستەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی قەزای مەندەلی-یان كردووە، تیایدا ئیدانەی هەوڵەكان دەكەن بۆ "سەپاندنی كەسێك بۆ پۆستی قایمقام لە دەرەوەی مەندەلی"، لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی دژی ھیچ نەتەوە و ئایین و مەزهەبێك نین، بەڵام دەڵێن "كەسێكمان دەوێت دانیشتوی مەندەلی بێت".

(كەركوك ناو)، هەینی رابردوو 5ی ئایار بڵاویكردەوە كە موحسین مەندەلاوی، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق، ناوی پارێزەرێكی نیشتەجێی شاری بەغدای بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرزكردۆتەوە تاوەكو رایبسپێرن بۆ پۆستی قایمقامی مەندەلی.

ئەو پارێزەرە فەرید تاڵب ئیبراهیم، كوردە و لە عەشیرەتی قەرەلوسە، ئەو عەشیرەتە زۆرینەیان لە سنوری مەندەلی بڵاوبونەتەوە.

Fareed
پارێزەر، فەرید تاڵب ئیبراھیم، كاندید بۆ پۆستی قایمقامی مەندەلی

خۆپیشاندەران كە پێكهاتبون لە كەسایەتییە عەرەبەكانی هەردوو مەزهەبی سوننی و شیعە، لەگەڵ مازن ئەكرەم، سەرپەرشتیاری ئیدارەی قەزای مەندەلی كۆبونەوە.

مازن بە (كەركوك ناو)ی وت "خۆپیشاندەران داوا دەکەن کەسێکی دانیشتوی مەندەلی بكرێتە قایمقام".

هەروەها وتی "داوادەكەن لە دانانی قایمقامدا بۆچونی ئەوان وەربگیرێت... من یاداشتەكە بۆ سەروی خۆم بەرزدەكەمەوە".

موحسین مەندەلاوی كە هەوڵی دانانی قایمقامی مەندەلی دەدات، خۆی كوردی فەیلی-یە و بە پشتیوانی لایەنە شیعییەكانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراقی پێدراوە. ئەو یەكێك بوو لەو كارەكتەرانەی كە رۆڵی سەرەكی هەبوو لە بەقەزاناساندنەوەی مەندەلی لە 12ی ئایاری رابردوو.

خۆپیشاندانەكە دوای ئەوە هات كە شەوی رابردوو 5ی ئایار ژمارەیەك سەرۆك عەشیرەتی مەندەلی  لە دێوەخانی شێخ جاسم علێوی كەسایەتی دیاری مەندەلی كۆبونەوە و ئەنجامی كۆبونەوەكەیان رێكخستنی ئەو خۆپیشاندانە بوو. بەڵام هیچ عەشیرەتێكی كورد و توركمان لەو كۆبونەوەیەدا نەبون.

ئەوە یەكەم خۆپیشاندان بوو لەوكاتەوەی كە وەزارەتی پلاندانانی عیراق لە 12ی ئاداری رابردوو، رەزامەندی نیشاندا بە دوبارە ناساندنەوەی ناحیەی مەندەلی وەكو قەزا، بە ئامانجی گەڕاندنەوەی ژیان بۆ قەزاكە، كە بەپێی وەزارەتی پلاندانان "بەدەست پشتگوێخستنەوە دەناڵێنێت".

مەندەلی یەکێکه‌ لە ناوچەکانی جێناکۆک له‌ پارێزگای دیالە بەدوری 93کم لە بەعقوبەی سەنتەری پارێزگاکەوە، دانیشتوانەکەى لە عەرەب، کوردی فەیلی و تورکمان پێکدێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT