سوپای عیراق، دەستپێكردنی دروێنەی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی گەنم و جۆ لە گوندی پەڵكانە قەدەغە دەكات، بە پاساوی رێگریی لە ئاڵۆزی و بارگرژی جوتیارانی كورد و عەرەب، هەرچەندە دەیان ساڵە ئەو ناكۆكییانە لەبارەی خاوەندارێتی زەوییە كشتوكاڵییەكانەوە بەردەوامە.
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، لە جەژنی رەمەزانەوە -21ـی نیسانی 2023ـەوە تائێستا-، زیاد لە جارێك فەرماندەكانی سوپای عیراقی لە سنوری گوندی پەڵكانە-ـی ناحیەی سەرگەڕان (باكورى خۆرئاوای كەركوك)، هاوڵاتیان و جوتیارانیان ئاگاداركردۆتەوە بەهیچ شێوەیەك رێگە بە دروێنەی بەرهەمەكانی گەنم و جۆ نادەن.
"فەرماندەی فەوجی سوپا وتی ناتوانن دروێنە بكەن، دەبێت هەموو كاروبارێكی كشتوكاڵی رابگرن" محەمەد ئەمین، كە خۆی وەك نوێنەری جوتیارانی پەڵكانە ناساند، بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
گوندی پهڵكانه، یهكێك له 42 گوندهكهی سهرگهڕان لە سنوری قەزای دوبز، نزیكهی 25 ماڵی تێدایه و روبهرهكهی زیاتر له 60 ههزار دۆنم زهویی بهپیتی كشتوكاڵی و نهوتی تێدایە.
جوتیارەكەی پەڵكانە وتی "سوپا هیچ نوسراوێكی فەرمییان پێ نییە بۆ قەدەغەی كاری كشتوكاڵی، كاتێك داوای نوسراومان كرد تەنیا وتیان لەسەروی خۆیانەوە ئاگاداركراونەتەوە".
لە چەند رۆژی رابردودا ژمارەیەك جوتیار هەوڵیانداوە دروێنە بكەن بەڵام لەلایەن سوپاوە دەستگیراوە بەسەر سێ تراكتۆر و دەڕاسەیەكدا.
پەڵكانە له روی ئیداریهوه سهر به پارێزگای كهركوكه، بهڵام دۆسیهی ئهمنی لای فهرماندهیی ئۆپهراسیۆنهكانی پارێزگای سهڵاحهدین-ـه.
(كەركوك ناو) زیاد لە جارێك هەوڵیدا لێدوانی سوپا لەو ناوچەیە وەربگرێت بەڵام هەوڵەكان بێ ئاكام بون.
"ئێمە لایەنی كوردمان ئاگاداركردۆتەوە و وەزیری دادی عیراق (خالد شوانی)، لەگەڵ وەزیری بەرگری عیراق قسەیكردووە و چاوەڕێین بزانین چیمان بۆ دەكرێت، چونكە ئێستا تەنیا هەشت خێزانی عەرەب لە ناوچەكەدا هەن و ئاوا كێشەمان بۆ دروستدەكەن" محەمەد ئەمین، جوتیارەكە كوردەكەی پەڵكانە وادەڵێت.
پەڵکانە و چەند گوندێكی دەوروبەری تائێستا زیاتر لە 10 جار بونهته جێی بارگرژیی و مشتومڕی خەڵک و لێپرسراوان دەربارەی خاوەندارێتی ناوچەکە و زەوییە کشتوکاڵییەکانی، دانیشتوانی نزیكەی 35 گوندی ناحیەی سەرگەڕان، چەند ساڵێكە بەوهۆیەوە لە نائارامیدا دەژین، دوایین ئاڵۆزیش ئێوارەی 21ـی نیسانی ئەمساڵ رویدا.
عەبدولمتەلیب عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕان بەوەكالەت بە (كەركوك ناو)ـی وت سەرەتای كێشەكە لەنێوان دوو گەنجدا بووە، دواتر گەورە بووە و سوپا نەیهێشتووە بارودۆخەكە لە كۆنتڕۆڵ دەربچێت، وەك ئەو دەڵێت، ئێستاش تەنیا هەشت خێزانی عەرەب لە سنوری پەڵكانە ماون.
لەكاتی ئەو بارگرژییەدا (كەركوك ناو) لە زاری دوو سەرچاوەی ئەمنییەوە بڵاویكردەوە، كێشەكە بەهۆی دەمەقاڵی لە نێوان ژمارەیەك گەنجدا بووە، كە دواتر سەریكێشاوە بۆ شەڕی دەستەویەخە لەسەر لەوەڕگا و ئاژەڵداری، بەهۆیەوە سێ كەس بە بۆری و دار برینداربون.
"حاڵی حازر بارودۆخی گوندەکە بەراورد بەپێشتر زۆر ئارامە، هیچ بارگرژییەك نییە، ئێمە لەگەڵ هەردوو تەرەف (جوتیارانی كورد و عەرەب) دانیشتوین تا دان بەخۆیاندا بگرن و كێشەی دیكە سەرهەڵنەدات، چونكە بەوشێوەیە چارەسەر ناكرێت و پێویستە پەرلەمانتاران چارەسەر بدۆزنەوە" بەوتەی بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕان.
زەوییە كشتوكاڵییەكان یەكێكە لە دۆسییە ئاڵۆزەكانی پارێزگای كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك؛ مێژوی ئەو ناكۆكییە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی حزبی بەعس دەگەڕێتەوە، بەڵام پەرلەمان و حكومەتە یەكلەدواییەكەكانی عیراق چارەسەری كۆتاییان نەكردووە و یەكلاییكردنەوەی بەستراوەتەوە بە جێبەجێكردنی ماددەی 140ـی دەستور.
(كەركوك ناو) هەوڵیدا لەگەڵ پەرلەمانتارانی پشكی كەركوك قسەبكات بەڵام سەرباری بەڵێنی لێدوان، دواتر وەڵامیان نەبوو.
عەبدولمتەلیب عەبدولمەجید وتی "ئەوەی ئێستا هەیە و كراوە بۆ بارودۆخی ئەو گوندە، تەنیا موسەکنە و ھیچی تر، لەكاتێكدا پێویستە ئەم كێشەیە بنەبڕ بكرێت و لە بەغداوە بڕیاری لەسەر بدرێت، ئەوەی بە ئێمە دەكرێت و لەسەر ئێمەیە؛ تەنیا هێوركردنەوەیە".
پارێزگای كەركوك، یەكێكە لە ناوچە دەوڵەمەند و بە پیتەكانی عیراق بۆ بەرهەمی دانەوێڵە، بەپێی ئامارەكانی كشتوكاڵ گەنمی بەرهەمهێنراوی ئەمساڵ دەگاتە 800 هەزار تۆن و سێ هێندەی بەرهەمهێنانی ساڵی رابردودا دەردەچێت.