هیومان ڕایتس وۆچ رایدەگەیەنێت كە دەسەڵاتدارانی عیراق نەیانتوانیوە ئەو قەرەبووە داراییە بەپێی پێویست بدەن بە ئێزیدییەكان، كە بە پێی یاسا بۆیان دیاریكراوە.
رێكخراوەكە لە راپۆرتێكیدا كە 9ی ئایار بڵاویكردۆتەوە، لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی ئەو قەرەبووە "مەرجێكی گەڕانەوەی هەزاران ئێزدییە بۆ شوێنەكانی خۆیان"، بەڵام بڕی قەرەبووەكە بە "زۆر کەم" ناودەبات و دەڵێت "زۆریش درەنگ دەكەوێت".
راپۆرتەكەی هیومان رایتس وۆچ بەشێكی گرنگی پەیوەستە بە یاسای ژنانی رزگاربوی ئێزیدی، ئەو یاسایە لە 1ی ئاداری 2021 له پهرلهمانی عیراق پهسهندكرا و تایبهته به قهرهبوی دارایی و مهعنهوی ئهو خانمانهی لهلایهن داعشهوه رفێنران و روبهڕوی توندوتیژی جیاواز بونهوه، به ئامانجی دابینكردنی ژیانێكی شایسته و دوباره تێكهڵكردنهوهیان به كۆمهڵگە.
سارا سەنبیر، تویژەری عیراق لە رێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ دەڵێت "زۆرێک لە خەڵكی شنگال هیچ سەرچاوەیەكی داراییان نییە و ناتوانن ماڵ و شوێنەكانی خۆیان ئاوەدان بكەنەوە، بۆیە گەڕانەوە بۆ شوێنی خۆیان بەبێ قەرەبوكردنەوە رێی تێناچێت".
چهكدارانی داعش؛ له ئابی 2014دا دهستیانگرت بهسهر قهزای شنگالدا، شهش ههزار و 417 هاوڵاتی ئێزیدییان رفاند، تائێستا زیاتر له سێ ههزار و 500 ئافرهت و منداڵ و پیاو رزگاركراون، چارهنوسی زیاتر له دوو ههزار و 700 كهسیشیان نادیاره، بهپێی دوایین ئاماری حكومهتی ههرێمی كوردستان.
لە راپۆرتەكەی هیومان رایتس وۆچ-دا هاتووە "ئەو ئاوارانەی گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، روبەڕوی بارودۆخێكی ئەمنی ناجێگیر بونەتەوە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی وەكو تەندروستی، ئاو، كارەبا و پەروەردەیان بۆ دابیننەكراوە".
ئاماژە بەوەشدەكات كە سەرەڕای ئەو وێرانكاریی و زیانانەی بەهۆی شەڕی داعشەوە روبەڕوی ئێزیدییەكان بۆتەوە، بەڵام تائێستا رێژەیەكی زۆر كەم لە ئێزدییەكان قەرەبویان وەرگرتووە، ئەوەش لە چوارچێوەی یاسای ژنانی رزگاربوی ئێزیدی.
لە مانگی شوباتی ئەمساڵ 420 رزگاربوی دەستی داعش بۆ یەكەمجار موچەیان لە حكومەتی فیدراڵی عیراق وەرگرت، ئەوەش دوای دوو ساڵ لە پەسندكردنی یاساكە.
هیومان رایتس وۆچ، راپۆرتێكی پێشوی (كەركوك ناو)ی وەكو سەرچاوە لە راپۆرتەكەیدا بەكارهێناوە كە لە مانگی شوباتی ئەمساڵ لەسەر یاساكە بڵاوكراوەتەوە. هەر پشتبەستن بە یاساكە، تا ئێستا 10 هەزار و 500 كەس لە خەڵكی شنگال، داوای قەرەبوكردنەوەیان پێشكەش كردووە و نزیكەی پێنج هەزار لەو داواكارییانە پەسەندكراون، هەر بەپێی هیومان رایتس وۆچ.
هەر لە راپۆرتەكەدا هاتووە "رێکارەکانی قەرەبوکردنەوە بەپێی یاساكە ئاڵۆز و قورسە و پارەی تێدەچێت، تەنانەت هەندێکجاریش بەدیهێنانی مەحاڵە".
رێکارەکانی قەرەبوکردنەوە بەپێی یاساكە ئاڵۆز و قورسە و پارەی تێدەچێت، تەنانەت هەندێکجاریش بەدیهێنانی مەحاڵە
هەندێك لەوانەی قسەیان بۆ رێكخراوەكە كردووە، ئاماژەیان بەوەداوە كە رێكارەكانی تەواوكردنی مامەڵەكانیان دوو ساڵی خەیاندووە و بۆ ئەوەش لە نێوان 300 هەزار دینار بۆ یەك ملیۆن دیناریان خەرجكردووە. ئەوەش بۆ تێچوی هاتوچۆ و رێكارەكانی تری مامەڵەكانیان.
بەپێی یاسای رزگاربوانی ئێزیدی، موچەیەكی مانگانە، كە دوو هێندەی كەمترین موچەی خانەنشینی بێت، بە ژنان و كچانی رزگاربوو دەدرێت –كەمترین موچەی خانەنشینی لە عیراق 500 هەزار دینارە و بەوپێیەش هەر رزگاربویەكی دەستی داعش یەك ملیۆن دیناری مانگانە وەردەگرێت-.
یاساكە تەنیا بۆ ئێزیدی نییە، بەڵكو هەموو كچان و ژنانی ئێزیدی، توركمان، كریستیان و شەبەك دەگرێتەوە، كە لەلایەن چەكدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام – داعش"ـەوە رفێنراون و دواتر ئازاد بون یان لە هەڵمەتی كوشتنی ئەو رێكخراوەدا، رزگاریان بووە.
هەروەها منداڵانی هەردوو رەگەز كە لەكاتی رفاندنیاندا تەمەنیان لە خوار 18 ساڵییەوە بووە، یاساكە دەیانگرێتەوە.
هیومان رایتس وۆچ، دەڵێت ئەوانەی یاسای ژنانی رزگاربوی ئێزیدی نایانگرێتەوە، مافی خۆیانە بەپێی یاسای ژمارە 20ی ساڵی 2009 داواکاری قەرەبوو تۆماربکەن، ئەو یاسایە رێگە بە عیراقییەكان دەدات داوای قەرەبوی ئەو زیانانە بکەن كە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنە جەنگییەكان، هەڵەی سەربازی و ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکان بەریانكەوتووە، بۆ نمونە زیانەكانی وەكو گیانلەدەستدان، لەدەستدانی بەشێكی جەستە، برینداربون، زیانپێگەیاندن بە ماڵ و موڵك، دوكان و ئۆتۆمبێل و شوێنی بازرگانی لە ئەنجامی شەڕ.
ماجید شنگالی، نوێنەرێكی قەزای شنگال لە پەرلەمانی عیراق، بە هیومان رایتس وۆچ-ی راگەیاندووە "بەهۆی کێشەی بودجەی فیدراڵی لە ساڵی 2021 لە شنگال داوای قەرەبوو نەکراوەتەوە، عیراقیش بودجەی فیدراڵی لە ساڵی 2022 پەسەند نەکردووە، بەهۆی پێکنەهێنانی حکومەت لە دوای هەڵبژاردنی تشرینی یەكەمی 2021".
"پێویستە حکومەتی عیراق چارەسەری دواکەوتنەکانی پرۆسەی قەرەبوکردنەوە بكات، لەگەڵ لابردنی بەربەستەكان، كە هەموو ئەوانە رێگریی دەكەن لە گەڕانەوەی شەنگالییەکان و بەدیهێنانی مافە داراییەكانیان"، هیومان رایتس وۆچ، زیاتر دەڵێت "پێویستە دەسەڵاتدارانی عیراق بودجە دابین بکەن بۆ پەرەپێدانی ژێرخان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە شنگال، لەوانەش پەروەردە، چاودێری تەندروستی، ئاو و کارەبا".