پارێزگای نەینەوا، لە داواكاری مۆڵەتی هێنانی ژنی دوەمدا یەكەمی سەر ئاستی پارێزگاكانی عیراقە، بەپێی ئامارەكانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بۆ وەرزی یەكەمی ئەمساڵ.
لە ئامارەكانی سێ مانگی یەكەمی 2023ـدا هاتووە؛ هەزار و 813 داواكاری بۆ مۆڵەتی ژنهێنانی دووەم پێشكەش بە دادگاكانی عیراق كراون و لەو ژمارەیە نەینەوا بە 319 داواكاری لە پلەی یەكەمدایە، بەدوای ئەودا بەسرە 189 داواكاری هەبووە و پاشان لە دادگای ئەنبار 181 داواكاری رێگەپێدان بە ژنهێنانی دووەم تۆماركراوە.
ژنهێنانی دوەم لە نەینەوا زیادیكردووە، بەوپێیەی لە وەرزی سێیەمی ساڵی رابردوودا، 220 داواكاری بۆ ئەو پرۆسەیە لە پارێزگاكە هەبووە و لە هەموو عیراقیش هەزار و 602 كەس داوای رێگەپێدان بە ژنهێنانی دوەمیان كردووە، كە تیایدا بەسرە یەكەم بووە لەو سێ مانگەی ساڵی 2022ـدا.
بەپێی رونكردنەوەكانی دەستەی توێژەرانی كۆمەڵایەتی لە ئەنجومەنی دادوەری، چەند كێشە و بەربەستێك لە هۆكارەكانی بەرزبونەوەی هاوسەرگیری دوەمن، لەوانە "نەزۆكی ژنی یەكەم، یان تووشبونی ژنی یەكەم بە نەخۆشی درێژخایەن كە ناتوانێت ئەركەكانی هاوسەرێتی جێبەجێبكات، حەزی پیاوان بۆ ژنی دوەم هۆكارێكی دیكەیە و باشبونی باری دارایی پیاویش وادەكات هاوسەرگیری دوەم بكەن".
بەپێی یاسای باری کەسێتیی کارپێکراو لە دادگاکانی عیراق، هاوسەرگیری دووەم تەنیا پێویستی بە ڕەزامەندی دادوەر هەیە بەدوو مەرج، ئەویش توانای باشی دارایی پیاوەکە و هەبونی بەرژەوەندییەکی گونجاو و شەرعی لەو پڕۆسەیەدا.
لە سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا هەزار و 400 جیابوونەوە لە نەینەوا تۆماركراوە، لە بەرانبەردا هەشت هەزار و 452 پرۆسەی هاوسەرگیری هەبووە، لە هەموو پارێزگاكانی عیراقیش بەبێ هەرێمی كوردستان، جیابونەوە لەو سێ مانگەدا 19 هەزار جیابوونەوە و هاوسەرگیری زیاتر لە 80 هەزار بووە.
هەروەها هەزار و 789 داواكاری جیابوونەوە بە ئاشتەوایی نێوان هەردوو هاوسەرەكە كۆتاییهاتووە و گەڕاونەتەوە لای یەكتری، ئەوەش بەپێی ئامارەكانی ئەنجومەنی دادوەری، زۆرترینیان لە بەغدا تۆماركراوە و بەدوای ئەودا پارێزگای نەینەوا بە 220 ئاشتەوایی لە پلەی دوەمدا دێت.
لەو ماوەیەدا زیاتر لە پێنج هەزار داواكاری جیابوونەوەش هەڵوەشێنراوەتەوە، بەوپێیەی هەردوو هاوسەر رێكارەكانی جیابونەوەیان تەواو نەكردووە و گەڕاونەتەوە لای یەكتری، لەوەشدا بەغدا بە پلەی یەكەم و پاشان زۆرترینیان لە كەركوك تۆماركراوە.
نزیكەی 40 هەزار دۆسیە لە سێ مانگدا پێشكەش بە دادگاكانی باری كەسێتی كراون، كە زۆرترین لە بەغدا و بەدوای ئەودا لە نەینەوا بون، لە كۆی ئەو دۆسیەیانەش نزیكەی 32 هەزار دۆسیە یەكلاییكراونەتەوە.