پەنابەرانی كەمپی مەخمور، رێگە بە سوپای عیراقی نادەن دۆسیەی ئەمنی ناو كەمپ و دەوروبەری بگرنەدەست، بە پاساوی ئەوەی "حكومەتی فیدراڵی دەیانەوێت كەمپەكەمان لێ بكەن بە زیندان".
دوو هەفتەیە هێزێكی سوپای عیراق بە چەكەوە نزیكبونەتەوە لە كەمپی پەنابەرانی مەخمور، تا دۆسیەی ئەمنی كەمپەكە وەربگرن، بەڵام دانیشتوانەكەی قایل نین.
"حكومەتی عیراق بەهاوكاریی و هەماهەنگی لەگەڵ توركیا دەیانەوێت كەمپی مەخمور بكەنە زیندان" ئەمە قسەی نێچیرڤان مەحمود، پەنابەری نیشتەجێی كەمپەكەیە كە ژمارەیەك لە پەنابەرانی دیكەش بۆ (كەركوك ناو) جەختیان لێكردەوە.
هێزەكەی عیراق سەر بە فیرقەی 14ـی سوپایە و لە چوارچێوەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوادان، بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، ئەو هێزە سەرقاڵی دانانی بۆرجی چاودێریین و ساتر لە دەوروبەری كەمپەكە لێدەدەن.
نێچیرڤان مەحمود (20 ساڵ) وتی "گەمارۆی حكومەتی عیراق لەسەر كەمپی مەخمور بەردەوامە، دەیانەوێت كەمپەكە بكەنە زیندان و دەوروبەرەكەی هەمووی دابخەن، لەمێژە ئەو نیازەیان هەیە، هۆكاری سەرەكیش ئەوەیە دەیانەوێت دانیشتوانی كەمپەكە ئیرادەی خۆیان تەسلیم بكەن، بەڵام لە خەویشدا ئەوە نابینن".
لە سەرەتای جموجۆڵی سوپا بە ئاراستەی كەمپەكە، ناڕەزایی پەنابەرانی لێكەوتەوە و بەهۆیەوە، ئاڵۆزی رویدا.
"لە دوو سێ رۆژی یەكەمدا گەمارۆیەكی زۆر گەورە و توند هەبوو، تەنانەت رێگەیان بە هاتوچۆی خەڵك نەدەدا، بەڵام دواتر پەیوەندیمان بە سوپاوە كرد و بە دانوستان رێككەوتین رێگری لە هاتوچۆ نەكەن" بەوتەی بێوار ئەمین، لێپرسراوی راگەیاندنی ئیدارەی كەمپی مەخمور بۆ (كەركوك ناو).
ئەو دەڵێت پێشتر سوپا لە نزیكی كەمپەكە نەبووە و ئێستا لە هەندێك شوێن تەنیا 800 مەتر دورن، ئەو نزیكبونەوەیەش بوەتە هۆی ناڕەزایی و لە ئاڵۆزییەكاندا، "سێ پەنابەر بە فیشەك برینداربون".
(كەركوك ناو) زیاد لە جارێك هەوڵیدا زانیاری لە سوپای عیراق وەربگرێت بەڵام هەوڵەكان بێ ئاكام بون.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی، لە 21ـی ئایاری ئەمساڵ، بە رونكردنەوەیەك رەتیكردەوە سوپا هێرشیكردبێتە سەر پەنابەرانی كەمپی مەخمور، بەبێ ناوهێنانی توركیا جەخت لەوەشدەكەنەوە، "رێگەنادەین عیراق ببێتە گۆڕەپانی هێرشكردنە سەر وڵاتانی دراوسێ یان كردەوەی دوژمندارانە"، پێشیانوایە لەو كەمپەدا، "كەسانێك هەوڵی نائارامی و تێكدانی سەقامگیری دەدەن و دەیانەوێت زیان بە پەیوەندی هەرێمایەتی عیراق بگەیەنن".
هەر بەپێی رونكردنەوەكەی شانەی راگەیاندنی ئەمنی، هەوڵەكانی سوپا "لە پێناو سەلامەتی نیشتەجێبوانی كەمپەكەدایە" و داوای هەماهەنگی لە ئیدارەی كەمپی مەخموریش دەكەن.
كهمپهكه له قهزای مهخموری سهر به پارێزگای نهینهوایه، به دوری 60كم له باشوری خۆرئاوای ههولێر، لانیكهم 12 ههزار كوردی توركیای تێدا نیشتهجێیه، دوای ئهوهی له نهوهكانی سهدهی رابردودا بههۆی ئۆپهراسیۆنهكانی توركیاوه ناوچهكانی خۆیان (له كوردستانی توركیا) بهجێهێشت، كهمپهكهش لهلایهن حكومهتی عیراق و نهتهوه یهكگرتووهكانهوه بهفهرمی تۆماركراوه.
لە دوو سێ رۆژی یەكەمدا گەمارویەكی زۆر گەورە و توند هەبوو
لێپرسراوی راگەیاندنی كەمپی مەخمور دەڵێت "ئێمە دژی سوپای عیراق نین و حەزدەكەین بمانپارێزن، بەڵام ئەگەر ڕاست دەكەن و لەخەمی ئێمەدان، با سەرەتا بۆرودومانی فڕۆكەكانی توركیا بۆ سەر كەمپەكە بوەستێنن".
فڕۆكهی توركیا تائێستا چەندینجار بۆردومانی كهمپی مهخموریان كردووە به پاساوی ههبونی چهكدارانی سهر به پارتی كرێكارانی كوردستان (پهكهكه).
رزگار محەمەد، قایمقامی قەزای مەخمور بە (كەركوك ناو)ـی وت "نازانین هۆكاری ئەم گەمارۆدانەی كەمپی مەخمور چییە، ناشزانین گەمارۆكە ماوە یان نا... سوپا بە فەرمانێكی سەربازی هاتون و ناتوانم بڵێم تاكەی لەوێ دەمێننەوە".
دۆسیەی ئەمنی كەمپی مەخمور بە دەست هێزێكی چەكدارییەوەیە، بەناوی هێزەكانی پاراستنی جەوهەریی كەمپی مەخمور -ئەو هێزە بە نزیك لە پەكەكە هەژماردەكرێن-.
"گەمارۆی سەر كەمپی مەخمور بەردەوامە و سوپای عیراق دەیەوێت بێنە ناو كەمپ و بەتەواوی كەمپەكە كۆنتڕوڵبكات، بەڵام دانیشتووانی كەمپ چوار خێمەیان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە بەردەم كەمپ داناوە و لەوێ دەمێننەوە تا رێگە نەدەن سوپا زیاتر بێتە پێشەوە یان بێتە ناو كەمپ" غوربەت عەبدولرەحیم، ژنە چالاكوان لە كەمپی مەخمور وای وت، كە هاوكات ئەندامی كۆمەڵەیەكی نزیك لە پەكەكەیە.
شاندێك لە نوێنەرانی كەمپی مەخمور چونەتە بەغدا تا چارەسەری كێشەی ئەمنیی كەمپەكە بكەن.
غوربەت ئیبراهیم وتی "ئەو شاندە نەگەیشتوون بە هیچ رێككەوتنێك..، ئێمە 30 ساڵە لەو كەمپە دەژین و هیچ كاتێك كێشەمان لەگەڵ حكومەتی عیراق نەبووە و دژی سوپا نین بەڵام نامانەوێت كەمپەكە كۆنتڕۆڵبكەن، ئێمە دەمانەوێت لە ژیانكردن و هاتوچۆكردندا ئازادبین".
مهخمور ناوچهیهكی جێناكۆكه دهكهوێته باشوری خۆرههڵاتی موسڵ، له دوای 2003ـهوه لهلایهن حكومهتی ههرێمی كوردستانهوه ئیداره دهدرا، بهڵام له ئۆكتۆبهری 2017ـهوه دۆسیهی ئهمنیی و ئیداری لهژێر دهستی حكومهتی عیراقه.
نێچیرڤان مەحمود، پەنابەرەكەی كەمپی مەخمور دەڵێت هەر دۆسیەی ئەمنیی نییە، بەڵكو بەدەست نەبونی خزمەتگوزارییەكانیشەوە دەناڵێنن، "ئەم كێشانە چوار ساڵە بەردەوامن و لەولاشەوە توركیا هەوڵدەدات ئەم شوێنە لە خەڵكەكەی تێكبدات... بەڵام ئەوەی جێی دڵخۆشییە خەڵكەكە خۆڕاگرن و ئەمجارەش لە وەڵامدانەوەی حكومەتی عیراقیی سەركەوتوو دەبین".
ماوەی پێنج ساڵە هیچ خێزانێكی ناو كەمپی مەخمور، بەشە خۆراكی مانگانەیان وەرنەگرتووە، كە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق وەك هاوكاری بە چەند مانگ جارێك بەسەر ئاوارە و پەنابەراندا دابەشی دەكات، بەوتەی لێپرسراوەكەی راگەیاندنی ئیدارەی كەمپ.
لە ساڵانی رابردوشدا پەنابەرانی كهمپی قهزای مهخمور، چهند مانگێك له ژێر گهمارۆی توندی ههرێمی كوردستاندا بون، وەك هیومان رایتس وۆچ لە راپۆرتێكدا وردەكارییەكەی بڵاوكردەوە.
قایمقامی مەخمور دەڵێت كێشەی ئاو و كارەبا لە هەموو قەزاكەدا هەیە نەك تەنیا كەمپ، "لە بودجەی قەزاكەدا بەشی دانیشتوانی كەمپیش دانراوە، بۆیە هەرشتێك پەیوەست بێت بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی وەكو كارەبا، ئاو، تەندروستی و زۆر بواری دیكە، بۆیان دابینكراوە بەڵام سەرباری ئەوەش هەر كێشەمان هەیە، چونكە بودجەكە بەشناكات" رزگار محەمەد وای وت.