پەرلەمانی عیراق رەتیكردەوە موچەی مامۆستایانی خوێندنی كوردی لە ناوچەكانی جێناكۆك بچێتە سەر بەغدا و پرۆسەكە تا 2026 راگیرا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 12ی حوزەیران، پەرلەمانی عیراق پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عیراقی بۆ ساڵەكانی (2023، 2024 و 2025) پەسەند كرد و بە زۆرینەی دەنگ گواستنەوەی میلاكی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی كوردی لە ناوچەكانی جێناكۆك بۆ سەر حكومەتی عیراق رەتكردەوە.
نەجوە كاكەیی، ئەندامی پەرلەمانى عیراق، بە (كەركوك ناو)ی وت "رەتكردنەوەی ئەو بڕگەیە بە مانای ئەوەیە تاوەكو 2026 و خولێكی تری پەرلەمانی ئەو پرسە ناكرێت، چونكە ئەم بودجەیەی پەسەند كراوە بۆ سێ ساڵە".
وتیشی "كوتلە كوردییەكان پشتیوانی ئەو هەنگاوە بون، چەند مانگێكە ئەو پرسە لەسەر هەردوو ئاستی وەزارەتی پەروەردەی عیراق و هەرێم گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، بەڵام بەداخەوە پەرلەمان رەتیكردەوە، لەوەشدا كوتلە عەرەبییەكان دژی بون".
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم 14 هەزار مامۆستا و فەرمانبەر میلاكیان لەسەر وەزارەتی پەروەردەی هەرێمە، بەڵام لە پارێزگاكانی كەركوك، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین وانە دەڵێنەوە.
لە كارنامەی حكومەتی ئێستای عیراق بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، بڕگەیەك (بڕگەی 21 - لاپەڕە 25) تەرخانكراوە بۆ بەستنەوە و گواستنەوەی هەموو قوتابخانەكانی دەرەوەی سنوری هەرێمی كوردستان و راژە (میلاكات)ـیان بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی خوێندنی كوردییەوە لە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی فیدراڵ.
شێرزاد رەشید، بەڕێوەبەرى خوێندنى کوردى لە پارێزگاى کەرکوک، بە (کەرکوک ناو)ی وت "بەڵێ دۆسییەكە بەشێك بوو لە كارنامەی حكومەتی محەمەد شیاع سودانی، ئەوەش لە چوارچێوەی داواكارییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەڵام دواتر پرسەكە بەسترایەوە بە پەسەندكردنی بودجە، بۆ ئەوەش پێویست بوو لە یاسای بودجەدا دەنگی بۆ بدرێت".
زوڵم لەو مامۆستا و فەرمانبەرانە دەكرێت
وتیشی "زوڵم لەو مامۆستا و فەرمانبەرانە دەكرێت، چونكە ئەوان لە كەركوك، موسڵ، دیالە و سەڵاحەدین وانە دەڵێنەوە و پڕۆگرامی خوێندنیشیان سەر بە حكومەتی عیراقە، بەڵام راژەكانیان لەسەر حكومەتی هەرێمە".
شێرزاد رەشید، كە هاوكات ئەندامێكی ئەو لیژنەیە بوو كە لە نێوان هەردوو وەزارەتی پەروەردەی عیراق و هەرێم بۆ ئەو مەبەستە پێكهێنرابوو، وتی "ئێستا ئێمە هەروەكو پێشوو دەوامی خۆمان دەكەینەوە و وانە دەڵێینەوە، موچەكانمان هەر لە سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت، بەڵام پڕۆگرامی خوێندن هەر لە سەر حكومەتی عیراق دەبێت".
موچەی حكومەتی عیراق لەكاتی خۆیدا بە فەرمانبەران دەدرێت بە پێچەوانەی هەرێمی كوردستان كە دوادەكەوێت، هەروەها ئەگەر خانەنشینێكی حكومەتی عیراق خزمەتی 42 ساڵی هەبێت، موچەی ملیۆن و 500 هەزار دینار وەردەگرێت، لەگەڵ هاوكارییەك بەناوی بارگرانی ژیان بە بڕی نزیكەی 300 هەزار دینار، جگە لە موكافەئەی كاتی خانەنشینی كە دەگاتە 30 ملیۆن دینار، بەڵام هەمان ساڵی خزمەت لای حكومەتی هەرێم، موچەكەی 900 هەزار دینار دەبێت و موكافەئەی كاتی خانەنشینی تەنیا 10 ملیۆن دینارە.