كێشەیەكی تری چارەسەرنەكراو... بەشێك لە پێكهاتەی "عەرەبی سوننە" بۆ شنگال نەگەڕاونەتەوە

نەینەوا/ نیسانی 2023/ بەردەم مزگەوتی رەحمان لە ناوەندی قەزای شنگال لەكاتی گەڕانەوەی ژمارەیەك ئاوارەی عەرەبی سونە بۆ شارەكە فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

عەمار عەزیز

پێكهاتە ئایینییەكانی شنگال لەبەردەم كێشەیەكی هەڵواسراودان كە خۆی لە پرسی گەڕانەوەی بەشێك لە ئاوارەكاندا دەبینێتەوە بۆ ناوەندی قەزاكە، كێشەیەك سەرچاوەی دروستبونی بۆ سەردەمی داعش دەگەڕێتەوە و بە نەمانی ئەویش نەتوانراوە چارەسەر بكرێت.

كرۆكی كێشەكە لەوەدایە كە بەشێك لە ئێزیدییەكانی شنگال جەختدەكەنەوە لەوەی پێویستە رێگە نەدرێت بە گەڕانەوەی ئەو ئاوارانەی لەناو پێكهاتەی "عەرەبی سوننەدا"، هاوكاریی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە (داعش)یان كردووە، لەوكاتەی لە 3ی ئابی 2014 قەزاكەیان كۆنترۆڵكرد و بەهۆیەوە ئێزیدییەكان روبەڕوی كوشتن، رفاندن و ئاوارەبون بونەوە.

بەڵام نوێنەرایەتی عەرەبی سوننە لە ناوچەكە، لەوانەش وەقفی سوننی، داوادەكات ئەو بۆچونە نەگتشێنرێت بەسەر هەموو ئاوارەكانی نێو پێكهاتەی "عەرەبی سوننەدا"، ئامادەشن هەركەسێك پشتگیری داعشی كردووە و دەستی لە خوێن و رفاندن و ئاوارەكردنی ئێزیدییەكاندا هەبوبێت، بە یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت.

ئیسماعیل ساڵح، بەرپرسى وەقفى سوننی لە شنگال بە (کەرکوک ناو)ى وت "بەشێك لە ئێزیدییەكان كە بۆ شنگال گەڕاونەتەوە، بە قسە دەڵێن ئێمە رێگری لە گەڕانەوەى عەرەبی سوننە ناکەین بۆ شنگال، بەڵام لە واقیعدا ناهێڵن بگەڕێینەوە".

بۆ پشتڕاستكردنەوەی قسەكانی، ئیسماعیل وتی "ماڵی من لە ناوەندی شنگال بوو كاتێك داعش هێرشی كرد، بەڵام ئێستا ناتوانم بگەڕێمەوە... بەشێك لە ئێزیدییەكان چونەتە نێو ماڵ و دوكانی عەرەبی سوننە و بەكاریدەهێنن... وا حساب دەکەن خانووەکان هى خۆیانن، لەکاتێکدا تاپۆی خانوو و دوکانەكان بەناوی عەرەبی سوننەوەن... دەیانجار هەوڵمانداوە ئەو کێشەیە چارەسەربکەین، بەڵام سودى نەبووە".

mazarga-shngal
شنگال، ئابی 2020، دوو پیاوی ئایینی ئێزیدی له‌سه‌ر مه‌زارگه‌ی خاپوركراوی شێح حه‌سه‌ن فۆتۆ: رێكخراوه‌ی سنابل موسته‌قبه‌ل

بەڵام جەلال خەڵەف، قایمقامى قەزاى شنگال بە وەکالەت كە خۆی لە پێكهاتەی ئایینی ئێزیدییە، وتی "زانیاریی و لێدوانی ناڕاست لەسەر ئەو پرسە دەدرێت، راستییەك هەیە ئەویش ئەوەیە بە هیچ شێوەیەک رازى نابین ئەوانەی هاوكاریی داعشیان كردووە بۆ شنگال بگەڕێنەوە، بەڵام ئەوانەى هیچ پەیوەندییان بە داعشەوە نەبوو، هیچ کەسێک رێگری گەڕانەوەیان ناكات".

جەختیكردەوە "لیستى ئەو کەسانەمان هەیە کە هاوکارى داعشیان کردووە و هەموو ئەو کەسانەى لە شنگال بون باش دەزانن کێ بون ئەوانەى هاوکارى داعشیان كرد".

جەلال خەڵەف كە وەكو ئیدارەی شنگال قسەی بۆ (كەركوك ناو) كرد، وتی "ئێمە بەپێی رێنماییەكانی گەڕانەوەی ئاوارەكان كاردەكەین، لەوانەش ئەگەر لیژنەی ئەمنی هیچ تێبینییەكی لەسەر گەڕانەوەیان نەبێت، ئێمەش رێگرییان لێناكەین".

بۆ یەكەمجار لە دوای هێرشی داعش بۆ قەزای شنگال، 15 خێزانی ئاوارەی عەرەب (سوننە)، لە 27ـی نیسانی ئەمساڵ گەڕانەوە ناوەندی شنگال، ئەو گەڕانەوەیە گرژیی و ئاڵۆزی لە نێوان ئاوارە گەڕاوەكان و بەشێك لە ئێزیدییەكانی نیشتەجێی قەزاكە لەبەردەم مزگەوتی رەحمان لە ناوەندی شنگال لێكەوتەوە.

بەدوایدا چەندین لێدوانی دژ بەیەك و بڵاوكردنەوەی زانیاریی ناڕاست لە پرسی "سوتاندنی مزگەوتەكە"، بڵاوكرایەوە، بەبێ ئەوەی مزگەوتەكە سوتێنرابێت.

ئەو خێزانە عەرەبانە لەگەڵ گرژییەكاندا جارێكی تر بۆ موسڵ – مەڵبەندی پارێزگای نەینەوا گەڕانەوە-.

بەپێی ئامارێكی وەقفی سوننی، بەر لە هێرشی چەكدارانی داعش، ئێزیدییەكان لەسەدا 40ی دانیشتووانی قەزاكەیان پێكدەهێنا، لەسەدا 60ەكەی تر پێكهاتبون لە عەرەبی سونە و شیعە، توركمان و كریستیان.

shi3a-in-shngal
نه‌ینه‌وا، 2020، مه‌راسیمه‌كانی عاشورا له‌ قه‌زای شنگال فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

ئێستا بەگشتی 25 گوندی عەرەبی سوننە ئەوانەی دەكەونە سوریا و عیراق گەڕاونەتەوە و كێشەیان نییە، هاوكات 20 گوندی تر لە سنوری ناحیەی قەیرەوان سەر بە هەمان قەزا بێكێشە گەڕاونەتەوە.

ئیسماعیل ساڵح، بەرپرسى وەقفى سوننی لە شنگال وتی "كێشەكە لە ناوەندی شنگالە، زۆرێك لە ئێزیدییەكان گەڕاونەتەوە،  لەگەڵ 20 خێزانی كوردی مسوڵمان و 150 خێزانی شیعە، هیچ خێزانێكی عەرەبی سوننە نەگەڕاونەتەوە".

لەبارەی روداوەكەی بەردەم مزگەوتی رەحمان و دوبارە ئاوارەبونەوەی 15 خێزانی عەرەبی سوننە، جەلال خەڵەف وتی "ئەو عەرەبانەى لەکاتى روداوەکەى مزگەوتى رەحمان هاتنە شنگال ویستیان موئامەرەیەک بەسەر ئێزیدییەکاندا بکەن، ئێمە بەو شێوەیە قبوڵناکەین، بەرپرسى وەقفى سوننە راستناکەت کە دەڵێت ئێزیدییەکان چونەتە ناو ماڵى عەرەبەکان، بەوشێوەیەش بەڕەڵایى نییە کە باس دەکرێت".

ئەحمەد عەتیە، یەكێكە لە ئاوارە گەڕاوەكان پێشتر بە (كەركوك ناو)ـی وت "دۆخی ئەمنی شارەکە ئارامە، شنگال عیراقێكی بچوكکراوەیە و هەموو ئایین و مەزهەب و نەتەوەیەك تیایدا دەژیت، هەمووان برای یەکترین و پێکەوەژیان دەگەڕێنینەوە".

عەدلا بەکر، چالاکوانێكی ئێزیدییە لە شنگال و ئیستا لە ناوەندی شارەكە دەژیت، دەڵێت خەڵكی شنگال دژی گەڕانەوەی هیچ ئایین و نەتەوەیەك نین، هەموو پێكهاتە ئایینییەكان مافی ئەوەیان هەیە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و پێكەوەبژین، بەڵام داواكاریی خەڵكی ئەوەیە "ئەوانەی هاوكاریی داعش بون، بۆیان نییە بگەڕێنەوە و دەبێت بدرێنە دادگا و سزای یاسایی خۆیان وەربگرن".

سوبحى ئەلیاس، نوێنەرى وەقفى شیعە لە شنگال، پێیوایە باشترین چارەسەر ئەوەیە بەبێ فیلتەری هێزە ئەمنییەكان رێگە بە كەس نەدرێت بگەڕێتەوە شنگال، ئەو وتی "ئێستا پێنج خێزانی سوننە لە شنگال دەژین، راستە بەشێك لە خانوی عەرەبی سوننە ئێزیدییەكان تیایدا دەژین، بەڵام مانگانە كرێ بە خاوەنەكانیان دەدەن، هەق نییە زانیاریی ناڕاست بڵاوبكرێتەوە". ئەو لێدوانەی وەك وەڵامێك دێت بۆ بەرپرسی وەقفی سوننی لە شنگال.

راستە بەشێك لە خانوی عەرەبی سوننە ئێزیدییەكان تیایدا دەژین، بەڵام مانگانە كرێ بە خاوەنەكانیان دەدەن

سەرچاوەیەک كە لێپرسراوێتی هەیە لە فیرقەی 20ی سوپای عیراق كە لە ئێستادا دۆسیەی ئەمنی قەزاكەیان بەدەستە، جەختیكردەوە لەوەی هەر ئاوارەیەك لە هەر نەتەوە و ئایینێك بێت و بیەوێت بگەڕێتەوە بۆ شنگال، پێویستە نوسراوێكی فەرمی رێگەپێدانی گەڕانەوەی پێبێت، "دواتر ئەگەر ئێمە تێبینیمان نەبوو ئەوە دەتوانێت بەبێ گرفت بگەڕێتەوە زێدی خۆی".

ئەو وتی "ئەم رێنماییە بەبێ جیاوازی هەموو كەسێك دەگرێتەوە و دەتوانێت بگەڕێتەوە زێدی خۆی، بەمەرجێک بە فلتەرى ئەمنى-دا تێپەڕێت".

چه‌كدارانی داعش؛ له‌ ئابی 2014ـدا ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر قه‌زای شنگالدا، بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار و 293 ئێزیدی كوژران، شه‌ش هه‌زار و 417 هاوڵاتی ئەو پێكهاتە ئایینییە رفێنران، به‌پێی ئامارەكانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، تائێستا دوو هەزار و 693 رفێنراویان بێسەروشوێنن.

لێپرسراوی وەقفی سوننە دەڵێت "دەزگا ئەمنییەکان باش دەزانن کێ لەگەڵ داعش بون و کێن ئەوانەى هاوکارییان کردون، بۆیە پێویست ناکات خەڵکانێکى تر بەبێ بەڵگە هەموو سوننەکان تۆمەتبار بکەن"، زیاتر وتی "باشترین رێگا ئەوەیە لەسەر ئاستى بەغدا لیژنەیەک پێکبهێنرێت و ئەوان بڕیاربدەین كێ هاوكاریی داعشی كردووە و كێ هاوكاریی نەكردووە، چونكە شنگال هى پێکهاتەیەک نییە، بەڵکو موڵكی هەموو پێکهاتەکانە".

 

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT