هیچ خۆپیشاندەرێك لە شنگال نەچۆتە ناو مزگەوتی رەحمان بۆ تێكدان و سوتاندن و وێرانكاریی، تەنیا لە بەردەم دەرگاكەیدا ئاڵۆزییەك رویداوە و بەبێ هیچ زیانێك كۆتاییهاتووە، ئەوەش بەوتەی پێنج سەرچاوەی ئاگادار لە ناوەندی قەزاكەوە بۆ (كەركوك ناو).
(كەركوك ناو)، دوو رۆژە سەرقاڵی بەدواداچونە دەربارەی ئەو دەنگۆیانەی لەسەر هێرشكردنە سەر مزگەوتی رەحمان لە ناوەندی قەزای شنگال و سوتاندن و تێكدانی كەلوپەلەكانی لە ژمارەیەك میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوبۆتەوە، كە بەهۆیەوە بەخشینەوەی تۆمەت و هاندانی توندوتیژی ئایینی لێكەوتەوە.
دەنگۆكان دوابەدوای بڵاوبونەوەی ژمارەیەك وێنە و كورتە ڤیدیۆ هات؛ كە تیایدا شوێنەواری وێرانكاریی و سوتاندن لەناو مزگەوتی رەحمان دەردەكەوێت، ئەوەش لە سەروبەندی خۆپیشاندانێكی ناڕەزاییدا بوو لە 27ـی نیسانی 2023، دژی گەڕانەوەی ئاوارەی عەرەبی سونە.
"هیچ شتێك لە مزگەوتی رەحمان نەكراوە، ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی بڵاوبونەتەوە هی دوای هێرشەكانی داعشە بۆ سەر شنگال نەك ئێستا" سەرچاوەیەك لە راگەیاندنی فیرقەی 20ـی سوپای عیراق لە شنگال، بۆ (كەركوك ناو) وای وت. كە بەهۆی نەبونی مۆڵەتی لێدوانەوە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە.
فیرقەی 20ـی سوپای عیراق لە نزیكەوە ئاگاداری روداوەكەن، هەر ئەوان پارێزگارییان لە گەڕانەوەی ئاوارەكانی عەرەبی سونە كرد و دواتر لەگەڵ خۆپیشاندەرانی ناڕازی قەزاكەدا گفتوگۆیان كرد، وەك سەرچاوەكە وتی "بە مەیدانی چوینە ناو مزگەوتی رەحمان و هیچ هێرشێك نەكرابوو".
تەنیا لەبەر دەرگای مزگەوتەكەدا ئاڵۆزی رویدا، بەڵام هیچ كەسێك نەچۆتە ناو مزگەوت
وێنە و ڤیدیۆی بڵاوكراوەی مزگەوتی رەحمان لە شنگال، بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو) لە زاری سەرچاوەكانی ناو قەزاكەوە، مێژوەكەی بۆ كاتی ئۆپەراسیۆنەكانی ئازادكردنی نەینەوا لە ژێر دەستی "چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە داعش" لە ساڵی 2016 دەگەڕێتەوە.
فاخر خەڵەف، پیاوی ئایینی ئێزیدی لە شنگال، كە هاوكات فەرمانبەری وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی كوردستانە بە (کەرکوك ناو)ـی وت "هیچ هێرشێك نەكراوەتە سەر مزگەوتی رەحمان، دەستکاریی هیچ شتێكی مزگەوتەكە نەكراوە، ئەو وێنانەی بڵاوكرانەوە هی كاتی شەڕی داعشە كە ئەوان بەشێك لە مزگەوتەكەیان سوتاند".
بەپێی ئامارێكی پێشتری وهقفی سونه بۆ (كهركوك ناو)؛ له قهزای شنگال 105 مزگهوت ههن و داعش زیانی به ههمویان گهیاندوە، بهڵام 13 مزگەوت كە لە ناوەندی قەزاكەدان زۆرترین زیانیان بەركەوتووە.
فاخر رۆژێك دوای روداوەكەوە لەناو مزگەوتەكەوە ڤیدیۆیەكی بڵاوكردەوە و رونیكردەوە هیچ هێرشێك نەكراوە، بەڵام لە بەشێكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا وابڵاوكرایەوە، ئەو ڤیدیۆیە دوای پاككردنەوەی پاشماوەی هێرشی خۆپیشاندەران تۆماركراوە.
بەڵام سەرچاوەیەكی ئاگادار لە پۆلیسی ناوەندی شنگال، كە لە نزیكەوە بەدواداچونی كردووە، جەختیكردەوە "تەنیا لەبەر دەرگای مزگەوتەكەدا ئاڵۆزی رویدا، بەڵام هیچ كەسێك نەچۆتە ناو مزگەوت، بەهیچ شێوەیەك دەستكاری مزگەوت نەكراوە و نە سوتێنراوە".
بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی كاتی خۆپیشاندانەكەی شنگال، ژمارەیەك گەنج بەرد دەگرنە مزگەوتەكە و هەوڵدەدەن لێی نزیكببنەوە، بەڵام هێزێكی ئەمنی رێگریی دەكات.
ڤیدیۆ: 27ـی نیسانی 2023/ ئاڵۆزی لەكاتی خۆپیشاندانەكەی شنگال لە بەردەم مزگەوتی رەحمان
سەرچاوەكەی پۆلیس كە بەهۆی نەبونی مۆڵەتی لێدوان داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، وتی "هەندێك لەو ئاوارە عەرەبانەی گەڕاونەتەوە، دەیانویست لە مزگەوتەكەدا نوێژ بكەن و دروشمی ئایینییان دەوتەوە، لەوكاتەشدا بوو لەبەر دەرگای مزگەوت ئاڵۆزیی رویدا و دواتر هەر لەوێدا كۆتاییهات".
لە 14ی نیسانی ئەمساڵ، وەقفی سوننی لە شنگال پرۆژەی نۆژەنكردنەوەی مزگەوتی رەحمانی لە ناوەندی شارەكە راگەیاند و جەختیكردەوە، لە هەوڵدان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان.
(كەركوك ناو) لە دوێنێ هەینییەوە تا ئامادەكردنی ئەم راپۆرتە (دوانیوەڕۆی شەممە) چەندجارێك پەیوەندی بە نوێنەرایەتی وەقفی سونی لە شنگال كرد، سەرباری ئەوەی زیاد لە جارێك بەڵێنیاندا لەبارەی روداوەكەوە لێدوان بدەن، بەڵام دواتر وەڵامیی پەیوەندییەكانیان نەدایەوە.
له قەزای شنگال جگه له زۆرینهی ئێزیدی، موسڵمانی شیعه و سونه، كریستانیش ههن.
سوبحی ئەلیاس، لێپرسراوی وەقفی شیعە لە شنگال بە (کەرکوك ناو)ـی وت "بابەتی سوتاندنی مزگەوت و دەستکاریکردنی بەهیچ شێوەیەک ڕاست نییە، سوێند بەخوا ئەگەر شتەکە ڕاستبوایە بۆ هەموو کەسێكمان ئاشکرا دەکرد کە هێرشکراوەتە سەر مزگەوتەکە، بەڵام وانییە".
ئەو پێیوایە "هەندێک کەس دەیانەوێت کێشە و ئاڵوزی لەنێوان پێکهاتەکانی ئایینی شنگال دروستبکەن" بێ ئەوەی ناوی هیچ كەس و لایەنێك بهێنێت.
شنگال دوو ئیدارە و زیاتر لە هەشت هێزی ئەمنی هەیە، لە كاتێكدا هێشتا وێرانكارییەكانی شەڕ ماونەتەوە، هەزاران خێزانی خەڵكی قەزاكەش لە ئاوارەییدا دەژین.
سوێند بەخوا ئەگەر شتەکە ڕاستبوایە بۆ هەموو کەسێكمان ئاشکرا دەکرد
بۆ یەكەمجار لە دوای هێرشی داعش بۆ قەزای شنگال، 15 خێزانی ئاوارەی عەرەب (سونە)، پێنجشەممە 27ـی نیسان گەڕانەوە ناوەندی شنگال.
ئەحمەد عەتیە، یەكێكە لە ئاوارە گەڕاوەكان و پێشتر بە (كەركوك ناو)ـی وت "دۆخی ئەمنی شارەکە ئارامە، شنگال عیراقێكی بچوكکراوەیە و هەموو ئایین و مەزهەب و نەتەوەیەك تیایدا دەژیت، هەمووان برای یەکترین و پێکەوەژیان دەگەڕێنینەوە".
ئاوارەكان بەشێكیان لە كەمپی جدعەی 5 بون، كە 18ـی ئەم مانگە حكومەتی عیراق بە یەكجاری دایخست و بڕیاریدا دانیشتوانەكەی بۆ ناوچەكانی خۆیان بگەڕێنێتەوە.
كەمپەكانی جدعە دەكەونە نەینەوا، لە ساڵانی رابردودا ئامادەكران بۆ لە خۆگرتنی ژن، منداڵ و كەسە نزیكەكانی چەكدارانی داعش كە خاوەنی رەگەزنامەی عیراقین، ئەوەش دوای هێنانەوەیان لە سوریاوە، بەوپێیەی زیاتر لە 30 هەزار هاوڵاتی لە كەمپی هۆل-ـی ئەو وڵاتەدابون.
خۆپیشاندەرانی ئێزیدی، لە ناڕەزاییەتییەكانیاندا داوای وردبینی ئەمنی و رێگری لە گەڕانەوەی ئەو كەسانە دەكەن، كە ئەوان بە "تێوەگلان لە هێرش و تاوانەكانی داعش دژ بە ئێزیدی" تۆمەتباریان دەكەن.
سەرچاوەكەی پۆلیسی شنگال وتی "لیژنەیەک دروستکراوە، هەرکەسێک گومانی لەسەر هەبێت و دەستی لەگەڵ داعش هەبوبێت، بەهیچ شێوەیەک رێگەی پێنادەین بگەڕێتەوە بۆ شنگال".
چهكدارانی داعش؛ له ئابی 2014ـدا دهستیانگرت بهسهر قهزای شنگالدا، بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار و 293 ئێزیدی كوژران، شهش ههزار و 417 هاوڵاتی ئەو پێكهاتە ئایینییە رفێنران، بهپێی ئامارەكانی حكومهتی ههرێمی كوردستان، تائێستا دوو هەزار و 693 رفێنراویان بێسەروشوێنن.
ڤیدیۆ: فاخر خەڵەف، پیاوی ئایینیی ئێزیدی رۆژێك دوای روداوەكان لەناو مزگەوتی رەحمانەوە رونكردنەوە دەدات و رەتیدەكاتەوە هیچ كەسێك زیانی بە مزگەوتەكە گەیاندبێت
هەمان میرزا بەگ، جێگری میری ئێزیدییان بە (کەرکوك ناو)ـی وت "ئەوەی لە شەنگال کراوە بەهیچ شێوەیەک ئێمە لێی بەرپرسیار نین، هەندێک کەس دەیانەوێت کێشە و ئاڵوزی لەنێوان ئێزیدییەکان و لایەنەکانی تردا دروستبکەن، بەڵام هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر مزگەوتی رەحمان و هیچ کاتێکیش ئێزیدی ئەو کارە ناکات".
نەتەوە یەكگرتوەكان پێش روداوەكەی شنگال و دوای داخستنی كەمپی جدعەی 5، لە راگەیەندراوێكدا نیگەرانی خۆی نیشاندا دەربارەی "گرەنتی سەلامەتی و خۆشگوزەرانی و گەڕانەوەی" ئەو 342 خێزانەكەی لە كەمپەكەدا بون.
نهتهوه یهكگرتوهكان پێشتریش لهرێی پێكهێنانی چهندین لیژنهوه، به هاوكاری لێپرسراوانی ئهمنیی و ئیداریی و عهشایهری، ههوڵی ئاشتهوایی و گهڕانهوهی ئهو كهسانهیان داوە كه یهكێكیان چهكداری داعش بووه یان به لایهنگری ئهو رێكخراوه تۆمهتبارن.
له ساڵانی رابردوودا و له چهند ناوچهیهكی نهینهوا، گهڕانهوهی ئهو كهسانهی تۆمهتبارن به هاوكاری داعش ناڕهزایی زۆری لێكهوتهوه، له ههندێك ناوچهش بهرهو بارگرژی سهریكێشا، له ساڵی 2019ـیشدا حكومهت ویستی كهمپی عومله له ناحیهی زومماری باكوری خۆرئاوای نهینهوا بۆ كهسوكاری داعش بنیاتبنێت، بهڵام بههۆی ناڕهزاییەوە راگیرا، سەرباری دژایەتی زۆریش بۆ كەمپی جدعە، بەڵام عیراق كەمپەكەی كردەوە.
وەقفی سونە و حكومەتی عیراق هیچ راگەیەندراوێكیان لەبارەی روداوەكەوە نەبووە بەڵام وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە بەیاننامەیەكدا ئیدانەی "هێرشكردنە سەر مزگەوتێكی شنگالی كرد" و جەختیكردەوە "ئەم جۆرە کردەوانە پلانی کەسین و پەیوەندی بەھیچ ئایینێکەوە نییە".
ئەنجومەنی روحانی ئێزیدی، كە میری ئێزیدییان سەرۆكایەتی دەكات، لە بەیاننامەیەكدا رەتیانكردەوە هیچ كەسێك چوبێتە ناو مزگەوتی رەحمان و زیانی بە مزگەوتەكە گەیاندبێت، بەوپێیەی ئێزیدییەكان "رێز لە هەموو ئایین و پێكهاتەكانی دیكە دەگرن"، وەك ئەوان جەختی لێدەكەنەوە.