عیدان سەعدون، ئەو گەنجەی سێ پۆلیس بە دار لێیاندا، دوای دوو رۆژ لە زیندانیی بە كەفالەت ئازادكرا و لەگەڵ لایەنی ئەمنیدا، هەردولا چاوەڕێن دادگا سكاڵاكانیان یەكلاییبكاتەوە.
چوارشەممەی رابردوو 5ـی تەمموزی 2023 لەبەردەم فەرمانگەی كارتی نیشتمانی گرعوزێر (خۆرئاوای نەینەوا)، سێ پۆلیس بە دار پەلاماری گەنجێك دەدەن و بە توندی لێی دەدەن، ئەوەش بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە یەكێك لە شایەتحاڵەكان ئەوكات بۆ (كەركوك ناو)ـی نارد.
ئەو گەنجەی لێیدەدرێت؛ ناوی عیدان سەعدون موراد (18 ساڵ)ـە، بۆ دەركردنی كارتی نیشتمانی سەردانی فەرمانگەكەی كردووە.
سەعدون موراد، باوکی عیدان بە (كەركوك ناو)ـی وت "سەرباری ئەوەی كوڕەكەم لێیدراوە، بەڵام فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچوو، هەمان رۆژ خرایە زیندان و دەبوو تا 16ـی تەمموز دەستبەسەربكرێت، بەڵام بە هەوڵی كۆمەڵێك كەسایەتی شنگال، 7ـی ئەم مانگە بە كەفالەت ئازادكرا و گەڕایەوە بۆ ماڵەوە".
وەك لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا دەردەكەوێت، عیدان فایلێكی زەردی بەدەستەوەیە، سەرەتا پۆلیسێك پاڵێكی پێوەدەنێت و دارێك بەسەریدا دەكێشێت دوابەدوای ئەوە دوو پۆلیسی تریش بە هەمان شێوە و بەدار دەكەونە وێزەی، بە هەرسێكیان لانیكەم 10 دار بەسەریدا دەكێشن.
گەنجەكە هەوڵدەدات بەرگری لە خۆی بكات، بەڵام ناتوانێت تا ئەوكاتەی ئەو خەڵكەی لەبەردەم فەرمانگەكەن هاوكاری دەكەن.
ڤیدیۆ: ساتی هێرشی سێ پۆلیسەك بۆ سەر گەنجێك. ڤیدیۆكە لەلایەن شایەتحاڵێكی رواوەكەوە بۆ (كەركوك ناو) نێردراوە
"هەندێك دەڵێن عیدان ویستویەتی نۆرەبڕی بكات تا زوو بچێتە ناو فەرمانگەكەوە، بەڵام ئەو قسانە راست نین، تەنیا ویستویەتی پرسیار لە پۆلیسێك بكات و بە لێدان وەڵامیان داوەتەوە" باوكی عیدان سورە لەسەر ئەو داوا یاساییەی دژی پۆلیسەكان تۆماری كردووە و جەختیكردەوە "لە مافی خۆمان خۆشنابین".
خێزانەكەی عیدان لە ساڵی 2014ـەوە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بون و لە ساڵی 2020ـدا گەڕاونەتەوە بۆ شنگال.
سەرچاوەیەك لە پۆلیسی شنگال كە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە بە (كەركوك ناو)ـی وت "عیدان بە كەفالەت ئازادكراوە بەڵام هێشتا دۆسیەكەی لە دادگایە، باوكی ئەو گەنجە خۆی پۆلیسە و سكاڵای لەسەر سێ پۆلیسەكە هەیە، لە بەرانبەردا سێ پۆلیسەكەش سكاڵایان دژی عیدان تۆماركردووە".
ئەو سێ پۆلیسەی شنگال عیدان بە "دڕاندنی جلەكانیان لەكاتی بەرگریكردن و قسەی نەشیاو" تۆمەتباردەكەن.
سەرچاوەكە وتی "نازانین خەتای پۆلیسەكانە یان ئەو گەنجە، بۆیە چاوەڕێین دادگا دۆسیەكە یەكلاییبكاتەوە".
فەرمانگەی كارتی نیشتمانی گرعوزێر، كە روداوەكە لە بەردەم ئەو فەرمانگەیە رویداوە، ناوەڕاستی حوزەیرانی ئەمساڵ كراوەتەوە و رۆژانە قەرەباڵغە.
فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای نەینەوا، 5ـی تەمموز لە راگەیەندراوێكدا جەختیكردەوە لە راگرتنی ئەو سێ پۆلیسە و پێكهێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە، بۆ بەدواداچونی روداوەكە و گرتنەبەری رێكاری یاسایی دژی ئەوانەی كەمتەرخەم بون.
بە بەپێی ماددەی 29ـی دەستوری عیراق رێگەنادرێت بە گرتنەبەری هیچ شێوازێكی توندوتیژی و ستەم لە ناو خێزان، قوتابخانە و كۆمەڵگەدا. هاوكات بەپێی ماددەی 413 لە یاسای سزادانی عیراقی، هەركەسێك بە ئەنقەست لە كەسێكی دیكە بدات و زيانى پێبگەیەنێت، ئەوا سزادەدرێت بە سێ ساڵ زیندانی.
فاخر خەڵەف، كەسایەتی ئایینیی ئێزیدی، كە لە نزیكەوە ئاگاداری دۆسیەكەیە بە (كەركوك ناو)ـی وت "وەك ئەركێكی ئایینیی و کۆمەڵایەتی لەسەرەتای ڕوداوەکەوە پەیوەندیم بە چەند دەزگایەکی ئەمنییەوە كرد تا كێشەكە گەورەتر نەبێت و چارەسەر بكرێت، خۆشبەختانە دوای هەوڵی ئێمە و چەند لایەنێکی تر عیدان بەکەفالەت ئازادکرا".
گرعوزێر ناوچهیهكی جێناكۆكه له نێوان ههردوو حكومهتی فیدراڵی عیراق و ههرێمی كوردستان، وهك ناوچهكانی دیكهی ئێزیدی نشین له ئابی 2014ـدا روبهڕوی هێرشی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام - داعش" بۆوە. چەند ساڵێكە ناوبەناو دانیشتووانەكەی لە كەمپی ئاوارەییەوە بۆ گرعوزێر دەگەڕێنەوە.