بڕیارە بەمنزیكانە 262 پارچە زەوی بەسەر رزگاربووانی دەستی داعش لە شنگال و تەلەعفەر دابەشبكرێت، كە بۆ هەریەكەیان 250 مەترە و لەڕێی تیروپشكەوە پێیاندەدرێت، ئەوەش لە چوارچێوەی یاسادا.
یاسای ژنانی رزگاربوی ئێزیدی، 1ی ئاداری 2021 له پهرلهمانی عیراق پهسهندكرا و تایبهته به قهرهبوی دارایی و مهعنهوی ئهو خانمانهی لهلایهن داعشهوه رفێنران و روبهڕوی توندوتیژی جیاواز بونهتەوە، به ئامانجی دابینكردنی ژیانێكی شایسته و دوباره تێكهڵكردنهوهیان به كۆمهڵگە. لە نێویاندا پێدانی پارچه زهوییەكی نیشتهجێبون یان شوقه به ژنانی رزگاربوو.
17ی تشرینی یەكەم، جێگری پارێزگاری نەینەوا بۆ کاروباری کارگێڕی بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ بەڕێوەبەری فەرمانگەی کاروباری رزگاربووانی دەستی داعش كۆبووە.
رەفعەت سمۆ، جێگری پارێزگاری نەینەوا بە (كەركوك ناو)ی وت "شارەوانی شنگال 250 پارچە زەویی دەستنیشانكردووە، شارەوانی تەلەعفەریش 12 پارچە، مامەڵەكان تەواوبون، ئێمە چاوەڕێی ئەوەین بەڕێوەبەرایەتی کاروباری رزگاربووانی دەستی داعش ناوی رزگاربووانمان بۆ بنێرێت، بۆ ئەوەی رۆژی دابەشكردنی زەوییەكان دیاریبكەین".
ئێمە چاوەڕێی ئەوەین بەڕێوەبەرایەتی کاروباری رزگاربووانی دەستی داعش ناوی رزگاربووانمان بۆ بنێرێت
یاساكە تەنیا بۆ ئێزیدی نییە، بەڵكو هەموو كچان و ژنانی ئێزیدی، توركمان، كریستیان و شەبەك دەگرێتەوە، كە لەلایەن چەكدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام – داعش"ـەوە رفێنراون و دواتر ئازاد بون یان لە هەڵمەتی كوشتنی ئەو رێكخراوەدا، رزگاریان بووە.
ئەمە دەبێتە یەكەم قۆناغی جێبەجێكردنی بڕگەی دابەشكردنی پارچە زەوی لە یاساكەدا، دوای ئەوەی بەشێك لە بڕگە و ماددەكانی تر لە قۆناغی جێبەجێكردندان لەوانەش بڕگەی بڕینەوەی موچە بۆ رزگارابووان لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە.
"تائێستا هەزار و 500 رزگاربوو مامەڵەكانیان بۆ وەرگرتنی پارچە زەوی تەواوكردووە، لەو ژمارەیە 40 رزگاربویان لە پێكهاتەی توركمان، كریستیانی و شەبەكن، ئەوانی تر ئێزیدین"، رەفعەت سمۆ وایوت.
لەو 262 پارچە زەوییەی لە شنگال و تەلەعفەر دیاریكراوە بۆ دابەشكردن، 250یان بۆ ئێزیدی و 12یان بۆ توركمانن.
مەروان جدعان، نوێنەری قوربانیانی گوندی کۆجۆ – یەكێكە لەو گوندانەی شنگال كە كۆمەڵكوژی تیاكرا لە سەردەمی داعش -، بە (كەركوك ناو)ی وت "بڕیاری دابەشکردنی پارچە زەوی هەنگاوێکی دڵخۆشکەرە و هیوادارین بەزوترین کات تەواوی رزگاربووان سودمەندبن"، زیاتر وتی "هاوسەرەکەم یەکێكە لە رزگاربووانی دەستی داعش سێ مانگە موچەی رزگاربووان وەردەگرێت، تەنیا ئەوە ماوە پارچە زەوییەكیشی پێبدەن".
هەنگاوێکی دڵخۆشکەرە و هیوادارین بەزوترین کات تەواوی رزگاربووان سودمەندبن
چهكدارانی داعش؛ له ئابی 2014ـدا دهستیانگرت بهسهر قهزای شنگالدا، شهش ههزار و 417 هاوڵاتی ئێزیدییان رفاند، لە نێویاندا سێ هەزار و 548 كەس لە رەگەزی مێ، بهپێی ئامارەكانی حكومهتی ههرێمی كوردستان، تائێستا سێ هەزار و 562 كەس رزگاركراون، لە نێویاندا هەزار و 207 ژن و كچ، لەگەڵ دوو هەزار و 16 منداڵ لە هەردوو رەگەز.
جگە لە رفێنراوانی ئێزیدی، بەپێی ئامارێكی چالاکوانانی ناوخۆیی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە تەلەعفەر كە پێشتر بە (كەركوك ناو) دراوە، لەكۆی هەزار و 300 رفێنراوی توركمانی سەردەمی دەسەڵاتدارێتی داعشدا لە نێویاندا سەدان ژن و منداڵ، تەنیا 48 كەسیان ئازادكراون، كە 23ـیان لە رەگەزی مێ بون.
هەروەها بەپێی ئامارێكی بهڕێوهبهرایەتی كاروباری كریستیانهكان له وهزارهتی ئهوقافی حكومهتی ههرێمی كوردستان كە (كەركوك ناو) وەریگرتووە، 62 كریستیانی لە سەردەمی داعشدا بێسهروشوێن بوون، كه 18ـیان له رهگهزی مێ بون.