قەرەچوغ؛ لە ململانێی هەولێر و بەغدا-دا
شەڕی كۆنترۆڵكردنی ناوچەیەكی ستراتیژی سەربازیی و ئابوری

مەخمور/ ئازاری 2020/ ئۆپەراسیۆنی چیای قەرەچوغ، فۆتۆ: دژە تیرۆری عیراق

عەمار عەزیز

شەڕی هێزێكی سوپای عیراق و پێشمەرگە لە چیای قەرەچوغ لە مەخمور، هۆكارەكەی بۆ ستراتیژی ناوچەكە دەگەڕێنرێتەوە كە خۆی لە نزیكی ئەو سەنگەرانە لە بیرە نەوتییەكان و كەمپی مەخموری تایبەت بە پەنابەران دەبینێتەوە.

سەرەنجام سوپا لە سەنگەرەكان جێگیربون، دوای كوژرانی شەش كەس لە هەردولا، لە نێویاندا فەرماندەی لیوای 18ی پیادەی هێزی پێشمەرگە و جێگرەكەی

شەڕەكە 22ی تشرینی یەكەم لە چیای قەرەچوغ و لە نزیک کەمپى پەنابەرانى مەخمور رویدا، كاتێك هێزێكی پێشمەرگە داوای چۆڵكردنی چەند خاڵێكی سەربازییان لە سوپای عیراق كرد و ئەوانیش رەتیانكردەوە.

ئەو خاڵە سەربازییانە تا هەفتەیەك بەر لەو شەڕە، هێزێكی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)ی لێبوو، بەڵام دواتر رادەستی سوپای عیراقیان كرد. پەكەكە لەگەڵ دەستپێكردنی شەڕی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش)، لەو ناوچەیە جێگیربون، بە ئامانجی پاراستنی كەمپی پەنابەرانی مەخمور، كە لانیكەم 12 هەزار كوردی توركیای لێ نیشتەجێیە.

سەعید مەموزینى، لێپرسراوی راگەیاندنی لقی موسڵ-ی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە (كەركوك ناو)ی وت "پەكەكە ئەو چوار سەربازگەیەی بەپێی رێككەوتنێك لەگەڵ حكومەتی عیراق تەسلیمی سوپا كردووە، بەبێ ئەوەی رێككەوتن لەگەڵ پێشمەرگە بكەن". جەختیكردەوە "ئەو چوار سەنگەرە زۆر ستراتیژین، بۆیە هێزی پێشمەرگە ویستمان كۆنترۆڵی بكەین، بەڵام ئاڵۆزی دروستبوو".

ئەو چوار سەنگەرە زۆر ستراتیژین، بۆیە هێزی پێشمەرگە ویستمان كۆنترۆڵی بكەین، بەڵام ئاڵۆزی دروستبوو

زنجیرە چیاى  قەرەچوخ دەكەونە روژهەڵاتى کەمپى مەخمور بەدوری كەمتر لە كیلۆمەترێك، هەروەها 20كم دورە لە كێڵگە نەوتییەكانی ناحیەی كەندیناوە لە قەزای مەخمور، كە دەیان بیرە نەوتی لێیە.

ئەو چوار خاڵە سەربازییە كەمتر لە كیلۆمەترێك دورە لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە، تا رادەستكردنیان بە سوپا ناوبەناو ئەو سەنگەرانە و خودی كەمپەكەش لەلایەن توركیاوە بۆردومان دەكرا.

بەپێی سەرچاوەكانی (كەركوك ناو)، پەكەكە پێی باشتر بووە لەبەر "ئەمنیەتی كەمپەكە"، سەنگەرەكانی نزیك لە كەمپەكە رادەستی سوپا بكات نەك پێشمەرگە.

هێزەكانی 80ی پارتی دیموكراتی كوردستان كە هێشتا لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا رێكنەخراونەتەوە لەو ناوچەیەدا بڵاوبونەتەوە، هاوكات لەگەڵ چەند یەكەیەكی تری وەزارەتی پێشمەرگە.

سەعید مەموزینى وتی "پێویستە ئەو سەنگەرانە بە هاوبەشى لە نێوان سوپاى عیراق و پێشمەرگە بەڕێوەببرێن".

فەریق روكن عەبدولئەمیر رەشید یارەڵا، سوپاسالاری عیراق، رۆژی پێش شەڕەكە، سەردانی فیرقەی 14ی سوپای عیراقی كرد لە مەخمور و  لەگەڵ وەفدێكی سەربازیدا خاڵە سەربازییە نوێیەكان و دابەشكردنەوەی هێزەكانیان لە چیای مەخمور تا سنوری جیاكەرەوە لەگەڵ پێشمەرگە بەسەركردۆتەوە.

یارەڵا، ئەوكات فەرماندەكانی سوپای راسپارد هەماهەنگی و هاوكاری لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگەدا بكەن لەپێناو پاراستنی ناوچەكە بە هاوبەشی، بەپێی راگەیەنراوێكی وەزارەت.

supa-3
كەركوك/ كانونی یەكەمی 2021/ هێزێكی سوپای عیراق لە گوندی لهێبان  فۆتۆ: كەركوك ناو

غازى فەیسەڵ، بەرپرسی پەیوەندییەكانی مەڵبەندی قەرەچوغی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەوەی رویدا زیاتر ململانێیەكی ئابوری و سیاسی بوو، ئامانجەكە كۆنترۆڵكردنی ناوچە ستراتیژەكە بوو... پێشتر هیچ بەرنامەیەك نەبوو بۆ ئەو هێرشە و لەپڕ شەڕەكە رویدا".

بەپێی ئامارەكان شەش كەس لە هەردولا كوژران، چواریان لە هێزەكانی پێشمەرگە بون.

"دوای ئەوە حەشدی شەعبی هەڕەشەی كرد و هێزیان هێنایە ناوچەكە، هێزەكانی پێشمەرگە سەنگەرەكانیان رادەستی سوپا كرد، ئێستا سوپا لەو سەنگەرانە جێگیربون"، غازی فەیسەڵ كە هاوكات خۆی سەرپەرشتی هێزێكی چەكدار دەكات لە نزیك چیای قەرەچوغ و ناوی ناوە هێزی خۆبەخش وایوت.

یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، هەمان رۆژی شەڕەكە جەختیكردەوە لە پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵا بۆ لێكۆڵینەوە لە روداوەكە و داوای دانبەخۆداگرتنی لەهەردولا كرد. لە بەرامبەردا سەرۆكایەتی ئەركانیی وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەنراوێكدا جەختیكردەوە "روداوێکی ناخۆش بوو"، پابەندبونی وەزارەتەكەشی راگەیاند بە كاركردنی بەردەوام لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ لەپێناو سەقامگیریدا.

ئەو شەڕە لەكاتێكدابوو كە هەردوو سوپای عیراق و پێشمەرگە ژمارەیەك ژوری هەماهەنگی هاوبەشیان لە بەغداد، هەولێر، كەركوك، دیالە و چەند ناوچەیەكی نەینەواش پێكهێناوە بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری سەربازی و هەواڵگری.

بەپێی یاسای بودجەی فیدراڵی عیراق دوو لیوای هاوبەشی سوپا و پێشمەرگە بۆ پاراستنی ئەمنیەتی ئەو ناوچانە پێكدەهێنرێن، بەڵام هێشتا دەستبەكارنەبون.

رزگار محەمەد، قایمقامى قەزاى مەخمور بە (کەرکوک ناو)ى وت "دۆخى ناوچەکە لە ئێستادا ئارامە و هیچ کێشەیەکى نییە... لەسەر ئاستى باڵا کار بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان پێشمەرگە و سوپا دەكرێت".

هێشتا حكومەتی عیراق ئەنجامی لیژنەی لێكۆڵینەوەی لە شەڕەكەی چیای قەرەچوغ بڵاونەكردۆتەوە، هەرچەندە دوو رۆژ بۆ ئەو مەبەستە لە مەخمور مانەوە.

غازى فەیسەڵ، وتی "هێزەکانى پەکەکە و پارتى کێشەى سیاسی و سەربازییان هەیە ، بۆیە پەکەکە حەزناکەت پارتى لە دەوروبەرى كەمپی مەخمور بێت و بچێتە سەنگەرەكانی ئەوان بەتایبەت دوای ئەوەی چەند جارێك هێزەكانیان لەو ناوچەیە كرانە ئامانجی بۆردومانی توركیا".

peshmarga-7-1
كه‌ركوك/ 2020/ ئۆپه‌راسیۆنی پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌ی شێخ بزێنی ناحیه‌ی شوان فۆتۆ: كەركوك ناو

كه‌مپه‌كه‌ له‌ قه‌زای مه‌خموری سه‌ر به‌ پارێزگای نه‌ینه‌وایه‌، به‌ دوری 60كم له‌ باشوری خۆرئاوای هه‌ولێر، كه‌مپه‌كە له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراق و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ به ‌فه‌رمی تۆماركراوە.

بەر لە شەڕی داعش و دوای شەڕەكەش ناوچەكە بەگشتی لەژێر دەسەڵاتی هێزەكانی پێشمەرگەدا بوو، تا ئۆكتۆبەری 2017 كە هێزەكانی سوپای عیراق بۆ ناوچەكە گەڕانەوە.

سەعید مەموزینى وتی "دانوستانەكانی داهاتوو و راپۆرتی لیژنەكە چارەسەرێكی مامناوەند بۆ كێشەی ئەمنیەتی ئەو ناوچانە دیاریدەكات". هاوكات رەفعەت سمۆ، جێگری پارێزگاری نەینەوا جەختیكردەوە لە هەوڵە بەردەوامەكان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك كە هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێم پێی رازیبن.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT