پرسی كۆتاكان لەبەردەم گۆڕانكاریدا
بەرەی توركمانی بۆ یەكێتی و پارتی: بەشێك نین لە ململانێی نێوانتان

هەولێر/ ئەیلولی 2021/ بەرەی توركمانی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی دەرگا بەدەرگا ئەنجامبدەدات فۆتۆ: راگەیاندنی بەرەی توركمانی لە هەولێر

كەركوك ناو

بەرەی توركمانی داوا لە یەكێتی و پارتی دەكات توركمان نەكەنە بەشێك لە ململانێی نێوانیان و لەو چوارچێوەیەدا دەست بۆ كورسی كۆتاكانی هەرێمی كوردستان نەبەن.

ئەو داواكارییە لەكاتێكدایە بڕیارە هەفتەی داهاتوو دادگای فیدراڵی عیراق، لەسەر سكاڵای یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بڕیاربدات، كە تایبەتە بە پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە نێویاندا كورسی كۆتاكان.

ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان و ئەندامی مەكتەبی سیاسیی بەرەی توركمانی لە عیراق، بە (کەرکوک ناو)ی وت "پێکهاتەی تورکمان بەشێک نییە لە ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی و لایەن کوردستانییەکان، پرسی کورسی کۆتاکانیش بە یاسا رێکخراوە و جێگیرکراوە، بۆیە هەر دەستکارییەکی خراپە و زیان لە پرسی دیموکراسی و پێکەوەژیان لە کوردستان دەدات".

بەپێی ماددەی 36 لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، پێنج کورسی كۆتا بۆ توركمان و پێنج كورسی كۆتا بۆ کلدان سریان ئاشوری تەرخانكراوە، لەگەڵ یەک کورسی بۆ ئەرمەن.

یەكێتی دەیەوەێت لەڕێی دادگای فیدراڵییەوە دەستكاریی ئەو ماددەیە و ژمارەیەك ماددەی تری یاساكە بكات و تانەی لێداوە.

aydn-maaruf
هەولێر/ ئەیلولی 2022/ ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان فۆتۆ: راگەیاندنی نوسینگەی ناوبراو تایبەت بۆ (كەركوك ناو)ـی ناردووە

زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و خاوەنی سكاڵاكە، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەپێی رێکەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی هەروەها پارتی و گۆڕان – لەكاتی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم- یەکێک لە خاڵەکان، هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن بوو، لە چوار ساڵی رابردوشدا چەندجارێک ئەو پرسە باسکراوە، هەموو ئەوەش لەپێناو ئەوەیە لە کوردستان هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بکرێت و خەڵکی کوردستان خاوەنی نوێنەرایەتییەکی راستەقینە بن".

وتیشی "هەموو لایەک دەزانن ئەو یاسایەی ئێستا هەیە ساڵی 1992 دەرچووە و ئەوەتا لە عیراق لە پێنج هەڵبژاردندا، پێنج یاسای جیاواز دەرکراوە، بۆیە پێویست دەکات یاساکە هەمواربکرێتەوە... هەموو هەوڵێک درا، بەڵام لە تەمەنی یاسایی پەرلەماندا نەگەیشتینە رێككەوتن، بۆیە پەنامان بردەبەر دادگای باڵای فیدڕاڵی بۆ چارەسەری کێشەکە".

ئەو ماددانەی تری یاساكە كە یەكێتی سكاڵای لەسەر هەیە، پەیوەستە بە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان كە 111 ئەندامە، هەروەها یاساكە هەرێمی كوردستانی بە یەك بازنەی هەڵبژاردن دیاریكردووە، بەڵام یەكێتی لەگەڵ چوار بازنەی هەڵبژاردندایە. لەگەڵ تانەدان لەگەڵ ماددەكانی پەیوەست بە تۆماری دەنگدەران و رێژەی كاندیدی ژنان لە لیستەكان.

لەبارەی ئەوەی دەیانەوێت كۆتای پێكهاتەكان چۆن بێت؟ زیاد جەبار وتی "لەگەڵ ئەوەداین پێکهاتەکان نوێنەرایەتی راستەقینەی خۆیان بکەن لە هەموو ناوچەکانی کوردستان، جگە لەمە قسەیەکی ترمان نییە".

لەگەڵ ئەوەداین پێکهاتەکان نوێنەرایەتی راستەقینەی خۆیان بکەن

وتیشی "هیچ هێزێکی سیاسی هێندەی یەکێتی رێزی بۆ پێکهاتەکان نەبووە، تەنانەت پرسی کۆتای پێکهاتەکانیش پێشنیازی ئێمە بووە، بەڵام بەو سەرنجانەی ئێستا هەمانە، پێمانوایە پێویستە گۆڕانکاری تێدا بکرێت"، بەبێ ئەوەی وردەكاریی سەرنجەكانی رونبكاتەوە.

ئایدن مەعروف، لەبارەی ئەوەی ئایا هیچ داواكارییەكیان لە یەكێتی و دادگای فیدراڵی هەبووە، وتی "بە فەرمی داواکاریمان نەبووە، بەڵام لێرەوە داوادەكەین یەكێتی داواكە بكشێنێتەوە، یان دادگای فیدراڵی رەتیبكاتەوە".

یەكەم دانیشتنی دادگای فیدراڵی لەسەر ئەو سكاڵایە لە 11ی حوزەیرانی ئەمساڵ بەڕێوەچوو و چوارەم دانیشتن بەبێ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدرێت لە 15ی تشرینی یەكەم دواخرا.

بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو) بڕیارە هەفتەی داهاتوو دواین دانیشتنی دادگا بۆ ئەو مەبەستە بەڕێوەبچیت و بڕیاری تیابدرێت.

كۆتاكان لە هەرێمی كوردستان زۆركات بە پاڵپشت و پشتیوانی ئەجێندای پارتی دیموكراتی كوردستان تۆمەتبار دەكرێن، بەڵام ئایدن مەعروف جەختیكردەوە "وەكو تورکمان بەشدارین لە کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆیە ئاساییە ئەگەر لە پەرلەمان بەرگری لە سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین"، وتیشی "بەڵام پێویستە پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان خزمەت بە پێکاتەی خۆیان بکەن".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT