وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری پێكهاته‌كان:
ئەو دادپەروەرییەی بەرانبەر پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان هەیە، لە عیراق نییە

هەولێر/ ئەیلولی 2022/ ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان فۆتۆ: راگەیاندنی نوسینگەی ناوبراو تایبەت بۆ (كەركوك ناو)ـی ناردووە

فه‌رمان سادق – هەولێر

ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەم چاوپێكەوتنەی (كەركوك ناو)ـدا بارودۆخی پێكهاتەكان لە هەرێم بە زۆرباش وەسفدەكات، بەراورد بە عیراق، كە نمونەی ئەوەدەهێنێتەوە لەسەر ئاستی حكومەتی فیدراڵی نادادپەروەری بەرانبەر بە توركمان هەیە و لە 18 پارێزگادا هیچ پارێزگارێكی توركمانیی نییە.

 

كه‌ركوك ناو: سێ ساڵە لەو وەزارەتەدان، هێندەی بەدواداچونتان كردووە دیارترین گرفتی پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان چین؟

ئایدن مه‌عروف: گرفتیان هەیە و لە هەوڵی چارەسەرکردنیانداین، له‌وانه‌ گرفتی په‌روه‌رده‌ و قوتابخانه‌، له ‌هه‌ندێك ناوچه‌ گرفتی به‌شدارییان له‌ حكومه‌تی خۆجێی ناوچه‌كه‌دا هەیە، له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ش گرفتی زه‌وییان هه‌یه‌، به‌ڵام كۆی گرفته‌كانیان سیاسی نین، به‌ڵكو خزمه‌تگوزاری و كلتووریین.

 

كه‌ركوك ناو: كام پێكهاته‌ گرفتی په‌روه‌رده‌یان هه‌یه‌؟

ئایدن مه‌عروف: نه‌ته‌وه‌ی توركمان؛ وه‌ك دووه‌م نه‌ته‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان، هەرچەندە به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خوێندنی توركمانیش هه‌یه ‌و 15 قوتابخانه‌یان له‌هه‌ولێر و سێ قوتابخانەیان له‌ كفری هه‌یه‌، گرفتی پڕۆگرام و وه‌رگێڕانی پرسیاره‌كانی كۆتایی ساڵیان هه‌یه‌، سه‌رنجمانداوه‌ دوو ساڵه‌ هیچ قوتابییه‌كی توركمان له‌ تاقیكردنه‌وه‌كاندا سه‌ركه‌وتونابن، ره‌نگه‌ هه‌ڵه‌كه‌ له‌ وه‌رگێڕانی پرسیاره‌كانەوە بێت له‌ كوردییه‌وه‌ بۆ توركمانی، كه‌ ئەوەش ده‌بێت چاره‌سه‌ر بكرێت، سریانیش هەمان گرفتیان هەیە.

ئێمە داوامانكردووە توركمان و سریان، قوتابخانه‌ی نمونه‌ییان بۆ بكرێتەوە و لە پرۆسەی دامەزراندنیشدا تایبه‌تمه‌ندییان پێبدرێت، چونكە ژمارەیان كەمە.

 

كه‌ركوك ناو: تۆ كە هاوكات ئەندامی مەكتەبی سیاسی بەرەی توركمانیت؛ پێتوایە بارودۆخی توركمان لە هەرێمی كوردستان باشترە بەراورد بە ناوچەكانی دیكەی عیراق؟

ئایدن مه‌عروف: ره‌نگه‌ له‌ توركمانێكی كه‌ركوك یان ته‌له‌عفه‌ر بپرسی بۆچونیان جیاواز بێت، بەڵام من وه‌ك توركمانێكی هه‌ولێر پێموایه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان زۆرباشه،. بۆ ئه‌مه‌ش ده‌توانین پشت به‌و واقیعه‌ ببه‌ستین كه‌ هه‌یه‌؛ بۆ نمونه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌زیرێكی توركمان هه‌یه‌، ده‌مانه‌وێت وه‌ك نه‌ته‌وه‌ی سێیه‌م له‌سه‌ر ئاستی عیراقیش وه‌زیرمان هه‌بێت، پێمانوایە له‌ ئاستی حكومه‌تی عیراقیدا نادادپەروەری بەرانبەر توركمان كراوه‌ و له‌ 18 پارێزگادا هیچ پارێزگارێكی توركمان نییە، بۆیه‌ ده‌ڵێم ئه‌و دادپەروەرییەی بەرانبەر بە پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان هەیە، لە ناوچەكانی تری عیراقدا نییە.

 

له‌ ئاستی حكومه‌تی عیراقیدا نادادپەروەری بەرانبەر توركمان كراوه‌

 

كه‌ركوك ناو: واتە رەوشی هەموو پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان باشترە بەراورد بە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵی؟

ئایدن مه‌عروف: له‌ هه‌رێمی كوردستان ره‌وشیان زۆرباشه ‌و پێكه‌وەژیانی باشتر هه‌یه‌ به‌راورد به‌ عیراق، هه‌رێمی كوردستان زیاتر گرنگی به‌ مافی پێكهاته‌كان ده‌دات، به‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی پێكهاته‌كان نوێنه‌ریان له‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان هه‌یه، وه‌زیریان له‌ كابینه‌ی حكومه‌ت هه‌یه‌، له‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمیش نوێنه‌ریان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ هەبونی نوێنەریان لە وه‌زاره‌تەكانی رۆشنبیری، په‌روه‌رده‌ و ئه‌وقاف، له‌وانه‌ش گرنگتر ئەوەیە ئازادانه‌ كارده‌كه‌ن و هیچ گوشارێكی سیاسییان لەسەر نییە.

 

كه‌ركوك ناو: چیتان كردووە بۆ دابینكردنی ئازادی ئایینی بۆ ئەو ئێزیدی و كریستیانانەی بەهۆی شەڕی داعشەوە رویان لە هەرێم كرد؟

ئایدن مه‌عروف: غه‌درێكی زۆر له‌ هه‌موو پێكهاته‌كان كرا به‌ ئێزیدی، مه‌سیحی، توركمان، شه‌به‌ك، كاكه‌یی و به‌هائییه‌كان، به‌ڵام له‌ كوردستان پێشوازییه‌كی باشیان لێكراوه‌ و ئازادانه‌ سروته‌ ئایینییه‌كانی خۆیان په‌یڕه‌و ده‌كەن، ئێستا زیاتر له‌ 100 هه‌زار ئێزیدی له‌ كه‌مپه‌كانی كوردستان ده‌ژین كه‌ به‌هۆی هێرشی داعشەوە ئاواره‌بوون و له‌به‌ر مه‌ترسی په‌كه‌كه‌ ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر زێدی خۆیان، ئه‌گه‌رچی له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا رێككه‌وتنی شنگال هه‌یه.

 

كه‌ركوك ناو: بەپێی بەدواداچونی ئێمە شەپۆلێكی كۆچكردن لەناو ئێزیدی و كریستیانەكاندا هەیە، چۆن دەتوانن رێگری لە شەپۆلی بەحێهێشتنی عیراق بكەن؟

ئایدن مه‌عروف: هه‌وڵمانداوه‌ و له‌گه‌ڵیان كۆبوونه‌وه‌مان كردووه‌، پێویسته‌ پارێزگاری له‌و دوو پێكهاته‌یه‌ بكه‌ین، بۆ ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌سه‌ر خه‌تین، به‌ڵام بابه‌ته‌كه‌ دیوێكی سیاسی هه‌یه‌؛ ئه‌ویش بوونی گروپه‌ چه‌كداره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یاسان له‌و ناوچانه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ن له‌ نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ئێزیدییه‌كان و كریستیانەكان بۆ سه‌ر زێدی خۆیان، بۆیه‌ پێویسته‌ ره‌وشێكی ئاسایی بۆ ناوچه‌كانیان فه‌راهه‌م بكرێت و گروپه‌ چه‌كداره‌كانیش له‌و ناوچانه‌ نەهێڵرێن.

 

كه‌ركوك ناو: ئەو ناوچانە لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵیدایە، بۆ ئەو هەنگاوە نانێت؟

ئایدن مه‌عروف: عیراق له‌ پاككردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ له‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كان جددی نییه‌.

 

كه‌ركوك ناو: پێكهاتەی بەهائیی لە زۆربەی ناوچەكانی عیراق ناتوانن بە ئازادی پەرستش بكەن، رای ئێوە چییە؟

ئایدن مه‌عروف: به‌هائییه‌كان پێكهاته‌یه‌كی ره‌سه‌نی عیراقن، نابێت ده‌ربكرێن و مافی خۆیانه‌ سروته‌ ئایینییه‌كان له‌و شارانه‌ ئه‌نجام بده‌ن كه‌ تێیدا نیشته‌جێن.

 

گروپه‌ چه‌كداره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یاسا هەڕەشە و رێگرن لە گه‌ڕانه‌وه‌ی ئێزیدییه‌كان و كریستیانەكان بۆ سه‌ر زێدی خۆیان

 

كه‌ركوك ناو: بەوتەی بەشێك لە لێپرسراوانی حزبە كوردییەكان، لە دوای روداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری 2017ـەوە لە كەركوك و چەند ناوچەیەكی تری جێناكۆك پرۆسەی تەعریب هەیە، پێتوایە هەمان مەترسی لەسەر توركمانیش هەبێت؟

ئایدن مه‌عروف: ته‌عریب سیاسه‌تێكی هه‌ڵه‌یه ‌و مه‌ترسی دروستده‌كات، وه‌كو پێکهاتەی تورکمان له‌گه‌ڵیدانین و پێمانوایه‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ر توركمانیش ده‌بێت، بۆیە دژی ئه‌و ته‌عریبه‌ین و ده‌بێت لایه‌نه‌كان له‌ كه‌ركوك به‌ پێكه‌وه‌ژیان ئیداره‌ی شاره‌كه‌ بده‌ن.

 

كه‌ركوك ناو: پێكهاتەكانی توركمان، كریستیان و ئەرمەن لە پەرلەمانی كوردستان كۆتایان هەیە، بە مافی كاكەییەكانیشی دەزانێت كۆتایان پێبدرێت؟

ئایدن مه‌عروف: داوایانكردووه ‌و ئێمه‌ش داواكه‌مان گه‌یاندۆ‌ته‌ لایەنی پەیوەندیدار، ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان نوێنه‌رایه‌تییان هه‌بێت كه‌ داوایانكردووه‌، ئه‌مه‌ش حه‌قی خۆیانه‌ و ده‌بێت له‌ یاسای هه‌ڵبژاردندا جێیان بكرێته‌وه.

 

كه‌ركوك ناو: مشتومڕی هەڵبژاردن و هەمواری یاسای هەڵبژاردن لە هەرێم هەیە، لەكاتێكدا توركمان داوای كورسی كۆتا دەكات، بەڵام مەترسی كەمكردنەوەشی باسدەكرێت، داوای سەرەكی توركمان چییە؟

ئایدن مه‌عروف: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین پێكهاته‌كان به‌یه‌ك بازنه‌ بچنه‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ و لە دەنگدانی تایبەتدا بەشدار نەبن، چونكە لەو دەنگدانەدا دەستتێوەردان لە هەڵبژاردنی كاندیدی كورسی كۆتا دەكرێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT