ئاوارەكانی شنگال بۆ جێبەجێكردنی سێ داواكاری بەشداریی هەڵبژاردنی داهاتوی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا دەكەن، سەرەكیترینیان گەڕانەوەیە بۆ زێدی خۆیان. هەرچەندە ئومێدی زۆریان بە بەڵێنی كاندید و لیستەكانی بەشدار لە هەڵبژاردن هەڵنەچنیوە.
ئاساییكردنەوە، ئاوەدانكردنەوە و قەرەبوكردنەوە، ئەو سێ داواكارییە سەرەكییەن كە ئاوارەكان دەیانەوێت لە دوای هەڵبژاردنەكان و لەڕێی حكومەتی خۆجێی نەینەواوە بۆیان بەدیبهێنرێت.
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بڕیارە لە 18 ى کانونى یەکەمى ئەمساڵ بەڕێوەبچێت و 48 هەزار و 260 دەنگدەرى ئاوارە مافى بەشداریکردنیان هەیە.
عەزیز جەلیل، خەڵکى کۆمەڵگاى سیبا شێخدرە لە شنگال، بەڵام نۆ ساڵە – لەدوای دەستپێكردنی شەڕی داعش لە ناوەڕاستی 2014ەوە – لە کەمپى ئاوارەیی چەم مشکۆ لە دهۆك دژیت بە (کەرکوک ناو)ى وت "دەمەوێت دەنگبدەم و نوێنەری خۆم دیاریبكەم بۆ ئەوەی ژیانم بگۆڕم".
ئەو كە یەكەمجارە بەشداریی هەڵبژاردن دەكات و سێ مانگ لەمەوبەر كارتی دەنگدانی وەرگرتووە، وتی "دەمەوێت بە دەنگدانم دۆخی شنگال ئاساییبكەمەوە، ئیدارەیەكی نوێ دەستبەكاربێت و بگەڕێمەوە زێدی خۆم".
دەنگدانی ئاوارە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بەپێی كارتی بایۆمەتری دەبێت، كۆمسیۆن پابەندە بە كردنەوەی ناوەندی دەنگدان لەناو كەمپەكاندا و دەنگدانیشیان لە رۆژی دەنگدانی تایبەتدا دەبێت، كە 48 كاتژمێر پێش دەنگدانی گشتی بەڕێوەدەچێت، بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆن 48 هەزار و 260 كەس مافی دەنگدانیان هەیە.
بەڵام ئاوارەكانی دەرەوەی كەمپ، دەبێت بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان تا دەنگبدەن، حكومەتیش پابەند بە ئاسانكاری و گواستنەوەیان بۆ ناوەندەكانی دەنگدان.
عەزیز جەلیل وتی "نوێنەرەكانی ترمان توشی بێئومێدیان كردوین، بەڵام ئەم هەڵبژاردنەش تاقیاندەكەینەوە، تەنیا لەپێناو دۆخی ژیانی خۆمان".
ئەم هەڵبژاردنەش تاقیاندەكەینەوە، تەنیا لەپێناو دۆخی ژیانی خۆمان
سێڤێ حەمۆ سلۆ (26ساڵ)، لەهەمان كەمپەكەی عەزیز جەلیل دەژیت، وتی "هەندێك لە نوێنەرەكانی پێشوو بەشێكی كەم لە بەڵێنەكانیان بردۆتەسەر و لە ئاست داخوازی ئاوارەكاندا نەبون، ئێمە دەمانەوێت بگەڕێینەوە زێدی خۆمان، ئەوە سەرەكیترین داواكارییە".
لە هەرێمی كوردستاندا زیاتر لە 600 هەزار ئاوارە هەن؛ سەدا 54ـیان خەڵكی نەینەوان و زۆرینەش لە عەرەبی سونە و ئێزیدیین، كە بەشێكیان لە 26 كەمپدا دەژین، ئەوانیتر كە زیاتر لە 490 هەزار كەسن لە دەرەوەی كەمپن، بەپێی ئامارەكانی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان.
زۆرێك لە حزبەكان چاویان لە دەنگی ئاوارەكانە بۆ مسۆگەركردنی كورسی زیاتر لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا.
خدر دێرو خانسورى، کاندیدی ئێزیدى لەسەر لیستى (تحالف قیم المدنى)، کە هەشت حزب و ژمارەیەک کەسایەتى نەینەوا پێكیانهێناوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەگەر ئاوارەكان من هەڵبژێرن و ببمە ئەندامی ئەنجومەن، كار لەسەر كۆمەڵێك پرسی گرنگ دەكەم، بەتایبەت بۆ ئێزیدییەكان، لەوانە ئاوەدانکردنەوەى شنگال و قەرەبوکردنەوەى هاوڵاتیان، هەروەها ئاساییکردنەوەى دۆخى شنگال لەڕوى سیاسى و ئیدارى...".
خدر دێرو كە خۆی لە كەمپی ئاوارەیی دەژیت، وتی "من لە نەهامەتی ئاوارەكان تێدەگەم، چونكە نۆ ساڵە لەگەڵیاندا دەژیم، كاردەكەم بۆ ئەوەی لەو نەهامەتییە رزگاریان بكەم و بیانگەڕێنمەوە زێدی خۆیان"، زیاتر وتی "دەمەوێت كۆتایی بە مەلەفی ئاوارەیى بهێنم".
شنگال بە زێدی مێژووی ئێزیدییەكان ناودەبرێت و لەسەدا 30 ئاوارەی كەمپەكانیش هەر ئێزیدین.
ئەو پێكهاتە ئایینییە 29 كاندیدی لە چوارچێوەی لیست و هاوپەیمانی جۆراوجۆردا هەیە و چاویان لە دەنگی ئاوارەكانە. لەو 29 كاندیدە چواریان خۆیان بۆ تاكە كورسی كۆتای ئێزیدییەكان كاندید كردووە كە بەپێی یاسا بۆیان دیاریكراوە.
پارتى دیموکراتى کوردستان یەكێكە لەو لایەنانەی چاوی لە دەنگی ئاوارەكان و خەڵكی شنگالە، بۆ ئەو مەبەستە 11 كاندیدی ئێزیدی هەیە، لە كۆی 52 كاندید بۆ تەواوی پارێزگاكە.
ئێریڤان مەهدی، کاندیدێکى ئێزیدییە لە چوارچێوەی لیستی پارتى دیموکراتى کوردستان، وتی "دەمانەوێت لە حكومەتی داهاتوی نەینەوا چارەسەری كێشە سیاسی و ئیدارییەكانی شنگال بكەین، ئیدارەیەكی نوێ پێكبهێنین و شنگال ئاوەدانبكەینەوە، هێزە ناشەرعییەكان دوربخەینەوە".
دەمانەوێت لە حكومەتی داهاتوی نەینەوا چارەسەری كێشە سیاسی و ئیدارییەكانی شنگال بكەین
یەكێك لە گرفتەكانی شنگال ناسەقامگیری ئەمنی و سیاسییە، هێشتا قەزاكە بەدەست دوو ئیدارییەوە دەناڵێنێت ئەوەش كاریگەریی لەسەر ئاوەدانكردنەوە و دواجار گەڕانەوەی ئاوارەكان دروستكردووە.
لە ئایاری ئەمساڵ (2023)، باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی نزیک، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە هەولێر، وتی "من لە زۆر وڵاتی تردا كارم لەسەر گەڕانەوەی ئاوارە ناوخۆییەكان بۆ شوێنی خۆیان كردووە، بەڵام تاكە شتێكی زۆر گرنگ كە پەپوەستە بە گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان مەسەلەی ئەمن و ئاسایشە، ئەمە ئەو هەستەیان پێدەدات كە بتوانن بگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان".
شنگال بەدەست زۆری هێزی چەكداری جۆراوجۆرەوە دەناڵێنێت، لانیكەم هەشت هێزی جۆراوجۆری ئەمنی لێیە.
ئێریڤان مەهدى، دەڵێت "ئێمە گوێمان لە داواكاریی ئاوارەكان بووە و دەزانین چییان پێویستە، بە گڕو تینێکى تازەوە کار بۆ جێبەجێکردنى داواکارییەکانیان دەكەین".
حەسەن خرمش (33ساڵ)، باوكی دوو منداڵە و لە کەمپى شاریا دەژیت، پێیوایە بەڵێنەكان گرنگ نین، جێبەجێكردنیان گرنگن، "رۆژانە لە تەلەفیزیۆنەوە دەبیستین باس لە ملیۆنان و ملیار دینار دەكرێت بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال، بەڵام لەواقیعدا شتێكی ئەوتۆ دیار نییە".
گرفتێكی حكومەتە خۆجێیەكان لە ئێستادا نەبونی چاودێرییە بەسەر كارەكانی حكومەت، دوای ئەوەی لە كۆتایی ساڵی 2019 كاری ئەنجومەنی پارێزگاكان بە بڕیاری پەرلەمان كۆتایی پێهێنرا.
حەسەن خرمش وتی "دەنگدەدەم ئەوە مافی منە، دەنگم بۆ گەڕانەوەیە بۆ زێدی خۆم".