لە نێو هەزاران بەڵێنی جۆراوجۆری كاندیدەكانی هەڵبژاردندا، تەنیا دوانیان بۆ ئەكرەم عەبد گرنگە، كە یەكێكیان دابینكردنی خزمەتگوزاری و ئەویتر رێگرییە لە كۆچی كریستیانەكانی نەینەوا.
"دەنگمان بۆ دوو داواكاری سەرەكییە، دەمانەوێت خزمەتگوزاری زیاتر بۆ ئەلقوش و دەوروبەری بكرێت، تا ناوچەكەمان زیاتر ئاوەدانبكرێتەوە، دوەمیش رێگرییە لە كۆچی كریستیانەكان كە مانگێك لەمەوبەر تەنیا لە شارەكەی ئێمەوە 10 خێزان كۆچیان كرد" ئەكرەم عەبد (56 ساڵ) وای وت.
ئەو هاوڵاتییە لە كریستیانەكانی نیشتەجێی ناوەندی ئەلقوشە لە قەزای تلكێفی دەشتی نەینەوا، دەڵێت بە دڵنیاییەوە بەشداری دەنگدانی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكەن، تا كەسی دیكە دەنگەكانیان زەوت نەكات.
ئەكرەم دەربارەی داواكارییەكانی خەڵكی ئەلقوش، بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئەگەر خزمەتگوزاری هەبێت ئەوا خەڵكیش كۆچ ناكات".
ئەگەر خزمەتگوزاری هەبێت خەڵكیش كۆچ ناكات
كاتێك "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە داعش" لە ساڵی 2014ـدا دەستیگرت بەسەر نەینەوا و چەندین ناوچەی كەركوك، كریستیانەكان لە بەردەم سێ بژاردەدا بون؛ بون بە ئیسلام، پێدانی باج یان كۆچكردن، بۆیە زۆرینە بە ناچاری ئاوارەبون.
لەوكاتەوە نزیكەی نیوەی ئاوارەكانی كریستیان بەرەو دەرەوەی وڵات كۆچیان كردووە، ئەوانەشی ماونەتەوە لە گەڕەك و ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستاندا دەژین، كەمترینیان بۆ زێدی خۆیان گەڕاونەتەوە.
ئەكرەم و خێزانەكەی چەند ساڵێكە كۆتاییان بە ژیانی ئاوارەیی هێناوە و گەڕاونەتەوە، بەڵام لە بارودۆخێكی خراپدایە، بۆیە بە دەرفەتی دەزانێت لەم هەڵبژاردنەدا بەڵێنی كاندیدەكانیان ژیانیان بەرەو باشتر بگۆڕێت، "بێكارم، لەسەر موچەی چاودێری كۆمەڵایەتی دەژیم، لەگەڵ خێزانم پێكەوە 300 هەزار دیناری مانگانە وەردەگرین و بەشمان ناكات".
حكومەتی عیراق بەپێی چەند رێكارێك مانگانە موچەیەكی دیاریكراو دەدات بەو كەس و خێزانانەی دەیسەلمێنن بێكار و هەژارن.
پەیامنێری (كەركوك ناو) سەردانی ئەلقوشی كرد و بەپێی قسەی زۆرێك لە كریستیانەكانی ئەو ناوچەیە؛ پرۆژەكانی خزمەتگوزاری لە پێشەنگی داواكارییەكانیاندایە كە وادەكات لە زێدی خۆیاندا بمێننەوە و هەلیكاریش دەڕەخسێنێت. رێگاوبان و پڕۆژە تەواونەكراوەكان، لەگەڵ كەرتی تەندروستی لەوانەش نەبونی هەندێك پزیشكی پسپۆڕ و نەبونی كارمەندی پێویستی تەندروستی لە داواكارییە سەرەكییەكانن.
"دەمانەوێت بارودۆخی خەڵك باشتر بكەن، بە تایبەت گەنجان كە پێویستیان بە هەلیكارە، گوناهە دوای چەند ساڵ لە خوێندن ئێستا لە ماڵەوە دابنیشن، ئەگەر حكومەت جێگەیان ناكاتەوە با لە كەرتی تایبەت كاریان بۆ بڕەخسێنێت" عامر یاقۆ (55 ساڵ) وادەڵێت.
یاقۆ نیشتەجێی ناوەندی ئەلقوشە، دەڵێت لای ئەوان بانگەشەی هەڵبژاردن گەرمە، هەموان ئازادانە بانگەشە دەكەن بەبێ پێشێلكاری و دڕاندنی پۆستەر، ئەوەش وەك ئەو بە (كەركوك ناو)ـی وت "نیشانەی تێگەیشتنی خەڵكە بۆ پرۆسەی دەنگدان و رێز و پێكەوەژیانی نێوان دانیشتوانی ئەلقوشە".
كەمینەكان لە عیراق، تەنیا 10 كورسی كۆتایان بۆ تەرخانكراوە لە كۆی 285 كورسی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، كە نزیكەی 50 كاندید كێبڕكێی بەدەستهێنانیان دەكەن.
لەو 10 كورسییەی كۆتا؛ بەپێی یاسای هەڵبژاردن، كریستیان پشكی شێری بەردەكەوێت؛ لە چوار پارێزگادا چوار كورسی هەیە كە 16 كاندید كێبڕكێی بەدەستهێنانی دەكەن، تەنیا یەك كورسییان لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوایە (ئەنجومەنی نەینەوا لە 29 كورسی پێكدێت).
كریستیانەكان لە پەرلەمانیش خاوەنی پێنج كورسی كۆتان.
كەمترین پارتی سیاسی لە نەینەوا كاندیدی كریستیانی هەیە و حزبە كوردیییەكانیش كە لە دەشتی نەینەوا چالاكن، هیچ كاندیدێكیان لەو پێكهاتەیە بۆ كورسی گشتی دانەناوە.
قائید سمۆ بۆزانی، لێپرسراوی كۆمیتەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەلقوش بە (كەركوك ناو)ـی وت زیاتر كاندیدی ئێزیدییان نەك كریستیان، چونكە دەنگی كریستیانەكان كەمە لەو ناوچانەدا.
بەپێی ئامارێكی رەسمی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بۆ (كەركوك ناو)، لە ناحیەی ئەلقوش 24 هەزار دەنگدەر هەن، ئەوەش لە كۆی ملیۆنێك و 700 هەزار دەنگدەری نەینەوا، كە 625 كاندید هەوڵی بەدەستهێنانی ئەو دەنگانە دەدەن.
بێكاری كێشەیەكی گەورەی بەردەم گەنجانە
سەمیرا عابد ئەلقەس، كاندیدی "سەربەخۆی" كریستیان كە خۆی خەڵكی ئەلقوشە، دەڵێت بەرنامەی كاری ئەوەیە هەوڵ بۆ دابینكردنی هەلیكار بدەن، وەك هەنگاوی یەكەم، چونكە "بێكاری كێشەیەكی گەورەی بەردەم گەنجانە"، لەگەڵ هاوكاریكردنیان بۆ پێكهێنانی ژیانی هاوسەرێتی، وەك ئەو دەڵێت.
"هەرچی لەدەستمان بێت بۆ كەمكردنەوەی دیاردەی كۆچكردنی كریستیانەكان دەیكەین، كە كۆچ بەردەوامە و وادەكەین پرۆژەی خزمەتگوزاری بە تایبەت لە كەرتی تەندروستی و پەروەردە بۆ ئەلقوش و ناوچەكانی تر دابینبكرێت" سەمیرا بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عیراق، ئاداری ساڵی رابردوو لە ئامارێكدا بڵاویكردەوە، ژمارەی كریستیانەكان بۆ 250 هەزار كەس كەمبۆتەوە كە زۆرینە لە هەرێمی كوردستانن، لەكاتێكدا پێش ساڵی 2003 دەگەیشتنە ملیۆن و نیوێك.
لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، كە بڕیارە لە 18ـی كانونی یەكەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، زیاتر لە 16 ملیۆن هاوڵاتی تۆمارەكانیان نوێكردۆتەوە و بەپێی كارتی بایۆمەتری مافی دەنگدانیان هەیە، بۆ هەڵبژاردنی 285 ئەندامی ئەنجومەن لە 15 پارێزگادا.