48 كاندید بۆ 10 كورسی
كەمینەكان كەمتر لە سەدا چواری كورسی پارێزگاكانیان هەیە

كەركوك/ 2021/ هاوڵاتییەك دوای دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان پەنجەی مۆركراوی نیشانی كامێراكە دەدات فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

كەمینەكان لە عیراق، تەنیا 10 كورسی كۆتایان بۆ تەرخانكراوە لە كۆی 285 كورسی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، كە نزیكەی 50 كاندید كێبڕكێی بەدەستهێنانیان دەكەن.

كۆی كورسییەكانی ئەنجومەنی 15 پارێزگای عیراق، بەبێ هەرێمی كوردستان، لە 285 كورسی پێكهاتووە و 10 كورسییان بەپێی سیستەمی كۆتا بۆ كەمینەكانی كریستیان، سابیئەی مەندائی، كوردانی فەیلی، ئێزیدی و شەبەك دەڕوات، بەپێی یاسای هەڵبژاردن.

رێژەی كورسی كەمینەكان دەكاتە كەمتر لە سەدا چواری كۆی كورسیی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق.

ئەو 10 كورسییەی كۆتا، بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، 48 كاندید هەوڵی بەدەستهێنانی دەدەن، لەو ژمارەیەش، تەنیا كریستیان 16 كاندیدی هەیە.

christian-2022
دهۆك/ 2022/ ئاهەنگی هاوڵاتیانی كریستیان بە جلوبەرگی كلتورییەوە لە جەژنی ئەكیتۆ فۆتۆ: كەركوك ناو

كریستیان پشكی شێری كۆتای بەردەكەوێت؛ لە چوار پارێزگادا چوار كورسی هەیە.

لە 52 كورسی ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا كورسییەكی بۆ كریستیانە، لە 29 كورسی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا یەك كورسی، لە 16 كورسی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك یەك كورسی و لە 23 كورسییەكەی ئەنجومەنی پارێزگای بەسرەیش كورسییەكی كۆتای هەیە.

ئایینی مه‌سیحی، دووه‌م گه‌وره‌ترین ئایینه‌ له‌ عیراق دوای ئیسلام، به‌پێی ده‌ستوری عیراق دانیپێدانراوه‌ و زمانیشیان پارێزراوه‌ كه‌ سریانییه.

كریستیانەكان لە پەرلەمانیش خاوەنی پێنج كورسی كۆتان.

كاتێك "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە داعش" لە ساڵی 2014ـدا دەستیگرت بەسەر نەینەوا و چەندین ناوچەی كەركوك، كریستیانەكان لە بەردەم سێ بژاردەدا بون؛ بون بە ئیسلام، پێدانی باج یان كۆچكردن، بۆیە زۆرینە بە ناچاری ئاوارەبون.

كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عیراق، ئاداری ساڵی رابردوو لە ئامارێكدا بڵاویكردەوە، ژمارەی كریستیانەكان بۆ 250 هەزار كەس كەمبۆتەوە كە زۆرینە لە هەرێمی كوردستانن، لەكاتێكدا پێش ساڵی 2003 دەگەیشتنە ملیۆن و نیوێك.

6-2-1
بەغداد/ 2022/ مەراسیمێكی پەیڕەوكارانی ئایینی سابیئەی مەندائی فۆتۆ: ئەحمەد مساڵحە

سابيئەی مەندائی دوو كورسی كۆتایان هەیە؛ یەكێكیان لە بەغدا (ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا 52 كورسییە) و ئەویتریان لە پارێزگای میسان (ئەنجومەنی پارێزگاكە 14 كورسییە بە كۆتاكەوە) دانراوە.

ئەو دوو كورسییە 10 كاندید ئەو پێكهاتەیە كێبڕكێی بەدەستهێنانی دەكەن.

سابیئەى مەندائی، تەنیا له‌ ئه‌نجومه‌نی پێشوی پارێزگای به‌غدا یه‌ك كورسییان هه‌بووە و له‌ 2010ـیشدا بوو بۆ یەكەمجار بون‌ بە خاوه‌نی یەك كورسی كۆتای په‌رله‌مان.

ئامارێكی ورد و رەسمی لەسەر ژمارەی پەیڕەوكارانی پێكهاتەی سابیئەی مەندائی لە عیراق نییە، بەڵام بە 15 تا 20 هەزار كەس دەخەمڵێنرێن، لەكاتێكدا پێش ساڵی 2003 ژمارەیان بە 75 تا 100 هەزار كەس دەخەمڵێنرا، بەپێی ئامارەكانی سەرۆكایەتی پێكهاتەكە كە پێشتر بە (كەركوك ناو)ـی داوە.

مەندائی بە کۆنترین ئاین دادەنرێت، کە لەسەر خاکى دۆڵى رافیدەین و بە دیاریکراوى لە شارى ئورى باشورى عیراق و ناوچەکانى دەوروبەرى هۆر و روبارەکان گەشەیکردوە، پەیڕەوکارانى خاوەنى چەندین رێوڕەسم و تایبەتمەندىی تایبەت بە خۆیانن.

زۆرینه‌ی هاوڵاتیانی سابیئەی مەندائی‌ ده‌كه‌ونه‌ پارێزگاكانی به‌غدا و میسان له‌گه‌ڵ ناوچه‌كانی دیكه‌ی به‌سره‌، زیقار، كه‌ركوك و هه‌رێمی كوردستان.

baiomatri
كەركوك/ 2018/ ئامێرێكی بایۆمەتری تۆماری زانیاری دەنگدەران فۆتۆ: كەركوك ناو

كوردانی فەیلی هاوشێوەی سابیئە دوو كورسی كۆتایان هەیە لە دوو پارێزگادا؛ یەكێك لە 52 كورسییەكەی ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا لەگەڵ كورسییەكی ئەنجومەنی پارێزگای واست (واست بە كۆتاوە 15 كورسی بۆ دانراوە).

ئەو پێكهاتەیە دوای كریستیان خاوەنی زۆرترین كاندیدن بۆ ئەو دوو كورسییە، بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆن، 13 كەس كێبڕكێی لەسەر دەكەن.

كوردانی فەیلی له‌ هه‌ردوو ئه‌نجومه‌نی پێشوی پارێزگای به‌غدا و واست كورسی كۆتایان هه‌بووە و لە پەرلەمانیش یەك كورسی كۆتایان هەیە.

ژماره‌ی فه‌یلییه‌كان له‌ عیراق به‌ زیاتر له‌ 800 هه‌زار كه‌س هه‌ژمارده‌كرێت، زۆرینه‌یان له‌ ناوچه‌كانی دیاله‌، به‌غدا و واست نیشته‌جێن.

كوردانی فه‌یلی له‌ سه‌رده‌می رژێمی به‌عسدا له‌ عیراق، روبه‌ڕوی راگواستن، وه‌رگرتنه‌وه‌ی ناسنامه‌ بونه‌وه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌یەک کاتدا هەم کورد بوون و هەم شیعه‌، ئه‌و تاوانه‌ش له‌لایه‌ن دادگای باڵای تاوانه‌كانه‌وه‌ له‌ 2010 وه‌كو جینۆساید ناسێنرا.

tomaridangdaran (1)
دهۆك/ 2019/ بنكه‌یه‌كی نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری بایۆمه‌تری ده‌نگدان له‌ كه‌مپی شاریا فۆتۆ: یونامی

ئێزیدی لە هەموو عیراقدا تەنیا یەك كورسی كۆتای هەیە؛ ئەویش دەكەوێتە پارێزگای نەینەواوە (لە كۆی 29 كورسی نەینەوا یەك كورسی بۆ ئێزیدییە).

بۆ ئەو تاكە كورسییە، چوار كاندید لە كێبڕكێدان، بەڵام لە چوارچێوەی لیست و هاوپەیمانێتی تردا ئێزیدییەكان 25 كاندیدی دیكەیان هەیە بۆ كورسی گشتی نەك كۆتا.

لە ئەنجومەنی پێشوی پارێزگای نەینەوا ئێزیدییەكان هەشت كورسیان لە چوارچێوەی لیست و هاوپەیمانی جیاوازدا هەبوو، بەڵام تەنیا یەكێكیان كۆتا بوو، هەروەها لە پەرلەمانی عیراقیش یەك كورسی كۆتای هەیە.

ژمارەی ئێزیدییەکان لە عیراق 550 هەزار كەس بووە، 360 هەزار هاوڵاتی ئەو پێكهاتەیە ئاوارە بوون ‌و زیاتر لە 100 هەزار كەسیش كۆچیانكردووە، بەپێی ئامارێكی بەرێوەبەرایەتی گشتی كاروباری ئێزیدی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان.

زۆرینەی ئێزیدییەكان لە قەزای شنگال، كه‌ ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكی خۆرئاوای پارێزگای نه‌ینه‌وایە‌ دەژین، قەزاكە لە 3ـی ئابی 2014دا كەوتە دەست داعش و بەهۆیەوە هه‌زاران كه‌س له‌و پێكهاته‌یه روبەڕوی كوشتن، رفاندن و ئاوارەیی بونەوە. بەشێكی تری ئێزیدییەكان لە شێخان، باشیك و ناوچەكانی تری دەشتی نەینەوا دەژین.

سەرەڕای ئەوەی لە تشرینی دووەمی 2015ـەوە شنگال‌ لەدەستی داعش دەرهێنرا، بەڵام هێشتا لە كۆی 600 هەزار ئاوارەی هەرێمی كوردستان  سەدا 30ـیان كە ئێزیدین، نەگەڕاونەتەوە بۆ شوێنەكانی خۆیان و بەپێی یاسای هەڵبژاردن لە ناو كەمپ و دەرەوەی كەمپەوە، دەتوانن راستەوخۆ بۆ بازنەی هەڵبژاردنی خۆیان دەنگبدەن.

msg288447040-17909
نەینەوا/ 2023/ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا فۆتۆ: ئەحمەد بله

شەبەك لە عیراق، هاوشێوەی ئێزیدی خاوەنی یەك كورسیی كۆتایە، كە لە پارێزگای نەینەوایە (لە كۆی 29 كورسییەكەی ئەنجومەنی پارێزگا یەكێكیان بۆ شەبەك دانراوە).

پێنج كاندید چاویان لەسەر بەدەستهێنانی ئەو تاكە كورسییەیە.

پێكهاتەی شەبەك تەنیا كورسییەیان لە پەرلەمانی عیراقیش هەیە بەپێی سیستەمی كۆتا.

ژمارەی شه‌به‌ك به‌ 300 بۆ 350 هه‌زار كه‌س له‌ عیراق هه‌ژمارده‌كرێت؛ سه‌دا 60ـیان له‌ مه‌زهه‌بی شیعه‌ و ئه‌وانیتر سونه‌مه‌زهه‌بن، به‌ زۆری ده‌كه‌ونه‌ ناوچه‌كانی باشیك، به‌رتڵه‌، حه‌مدانیه‌، تلكێف و چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی موسڵ و گونده‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا.

پێكهاتەكانی كاكەیی، بەهائیی و ئەرمەن كۆتایان لە ئەنجومەنی هیچ پارێزگایەكی عیراقدا بۆ تەرخاننەكراوە. تەنیا كاكه‌ییه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ هێشتا پێكنه‌هێنراوه، كورسییەكی كۆتایان بۆ دانراوە.

سەرباری نەبونی كۆتا، بەڵام كاكەیی لەنێو لیستەكانی دیكەدا، هەشت كاندیدیان چاویان لە كورسی ئەنجومەنی پارێزگایە، لە پارێزگاكانی كەركوك، نەینەوا و دیالە.

كاکەییەکان لە چەندین ناوچه‌ی عیراقدا دەژین، جگه‌ له‌ نه‌ینه‌وا، بە زۆرى لە کەرکوک، هەڵەبجە، هه‌ولێر، خانەقین و چه‌ند شوێنێكی تری دیاله‌ نیشتەجێن، بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان ژمارەیان بە 100 هەزار کەس مه‌زنده‌ده‌كرێت، چه‌ندین مه‌زار‌ی ئایینییان له‌ كه‌ركوك، نه‌ینه‌وا و هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام ئایینه‌كه‌یان لە دەستورى عیراقدا بەفەرمى نەناسراوه.

لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، كە بڕیارە لە 18ـی كانونی یەكەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، زیاتر لە 16 ملیۆن هاوڵاتی تۆمارەكانیان نوێكردۆتەوە و بەپێی كارتی بایۆمەتری مافی دەنگدانیان هەیە، بۆ هەڵبژاردنی 285 ئەندامی ئەنجومەن لە 15 پارێزگادا.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT