ئــاوارەكان بە دوو شێواز دەنگ دەدەن

دهۆك/ تشرینی یەكەمی 2021/ دەنگدانی ئاوارەكانی كەمپی شاریا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

ئاوارەكانی هەرێمی كوردستان، بە دوو شێواز بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا دەكەن و تەنیا لە رۆژی دەنگدانی تایبەتدا، زیاتر لە 48 هەزار كەسیان مافی دەنگدانیان هەیە.

بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عیراق، 48 هەزار و 260 دەنگدەری ئاوارە مافی بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنی 18ـی كانونی یەكەمی ئەمساڵی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا هەیە.

بەڵام لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكیە 2021ـی عیراقدا، زیاتر لە 120 هەزار دەنگدەری ئاوارە لە سەرانسەری وڵاتدا مافی دەنگدانیان هەبوو.

بەپێی یاسای هەڵبژاردن؛ تۆماری دەنگدەرانی ئاوارە پشت بە دوایین ئاماری رەسمی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران دەبەستێت و هەموو ئاوارەیەكی ناو كەمپ، مافی ئەوەی هەیە لە كەمپەكەوە دەنگ بۆ دائیرەی هەڵبژاردنی زێدی خۆی بدات.

دەنگدانی ئاوارە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بەپێی كارتی بایۆمەتری دەبێت، كۆمسیۆن پابەندە بە كردنەوەی ناوەندی دەنگدان لەناو كەمپەكاندا و دەنگدانیشیان لە رۆژی دەنگدانی تایبەتدا دەبێت، كە 48 كاتژمێر پێش دەنگدانی گشتی بەڕێوەدەچێت.

بەڵام ئاوارەكانی دەرەوەی كەمپ، دەبێت بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان تا دەنگبدەن، حكومەتیش پابەند بە ئاسانكاری و گواستنەوەیان بۆ ناوەندەكانی دەنگدان.

لە یاسای هەڵبژاردندا، بڕگەیەك تایبەتكراوە تەنیا بە دەنگدەرانی ئاوارەی قەزای شنگال، كە لە ناو كەمپ و دەرەوەی كەمپیش دەتوانن راستەوخۆ دەنگ بۆ بازنەی هەڵبژاردنی ناوچەكەی خۆیان بدەن، بەبێ ئەوەی بۆ زێدی خۆیان بگەڕێنەوە.

awara dangdar 6.11.2023-1
دەنگدەرانی ئاوارە هەمویان لە هەرێمی كوردستانن 

لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 600 هەزار ئاوارە هەن؛ سەدا 54ـیان خەڵكی نەینەوان و زۆرینەش لە عەرەبی سونە و ئێزیدیین، كە بەشێكیان لە 26 كەمپدا دەژین، ئەوانیتر كە زیاتر لە 490 هەزار كەسن لە دەرەوەی كەمپن، بەپێی ئامارەكانی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان سەر بەحكومەتی هەرێمی كوردستان.

لە پارێزگاكانی دیكەی عیراق هیچ كەمپێكی ئاوارەیی نەماوە و هەمویان داخراون، تەنیا ناوەندێكی چارەسەری دەرونی و تێكەڵكردنەوەی ئاوارە بە كۆمەڵگە، لە نەینەوا كراوەیە.

دەنگدەرانی ئاوارە، هەمویان لە هەرێمی كوردستانن، كە نزیكەی 40 هەزار دەنگدەریان لە پارێزگای دهۆكە، پێنج هەزاریان لە هەولێر و نزیكەی چوار هەزار دەنگدەریش لە سلێمانین، بەپێی ئەو ئامارانەی لە كۆمسیۆنەوە دەست (كەركوك ناو) كەوتوون.

120 وێستگەی دەنگدان لە چوارچێوەی 35 بنكەی دەنگداندا بۆ ئاوارەكان لە رۆژی دەنگدانی تایبەتدا دەكرێنەوە.

بەپێی یاسای هەڵبژاردن، پێویستە كۆمسیۆن كارتی بایۆمەتری دەنگدان لە هاوڵاتیانی ئاوارە وەربگرێتەوە دوای بەشداریكردنیان لە دەنگدانی تایبەتدا، پاشان پسوڵەیەكیان پێدەدات و دواتر بەو پسوڵەیە كاتێكی دیكە كارتەكانیان بۆ دەگەڕێنێتەوە، هەروەها دەبێت ناوەكانیان دیاریبكات و رێكاری هەبێت تا رێگریبكات لەوەی لە دەنگدانی گشتیشیدا بەشداری پرۆسەكە بكەنەوە.

لە هەڵبژاردنەكانی پێشتردا، دەبوو هەموو هاوڵاتییەكی ئاوارە لە كەمپ و دەرەوەی كەمپ بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان بۆ دەنگدان، ئەوەش مەترسی فەوتانی دەنگدانی هەزاران كەسی لێكەوتەوە، كە بە پاساوی ناسەقامگیری ئەمنی و دوری رێگای هاتوچۆ نەیاندەتوانی بگەڕێنەوە، لە هەڵبژاردنی 2018ـی پەرلەمانیشدا زیاتر له‌ نیوەی دەنگدەرانی ئاوارە به‌هۆی به‌ربه‌سته‌كانه‌وه‌ نه‌یانتوانی ده‌نگبده‌ن، كە ئەوكات نزیكەی 450 هەزار دەنگدەری ئاوارە هەبوون.

لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، بەبێ هەرێمی كوردستان، زیاتر لە 16 ملیۆن هاوڵاتی تۆمارەكانیان نوێكردۆتەوە و بەپێی كارتی بایۆمەتری مافی دەنگدانیان هەیە، بۆ هەڵبژاردنی 285 ئەندامی ئەنجومەن لە 15 پارێزگادا.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT