"لە تاقیگە دەرنەچووە"
بەشە نەوتی ئاوارەكان گەیشت، بەڵام دابەشناكرێت

دهۆك/ زستانی 2019/ دەروازەی كەمپی بێرسیڤ لە زاخۆ فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

عەمار عەزیز

144 هەزار لیتری نەوت بۆ ئاوارەكان لەڕێی چوار تەنكەرەوە گەیشتۆتە دهۆك، بەڵام دابەشنەكراوە، دوای ئەوەی دەركەوتووە "كواڵێتییەكەی باش نییە".

ئەو بەشە نەوتە كە تایبەت بۆ ئاوارەی كەمپەكان نێردراوە و هەفتەی رابردوو گەیشتۆتە دهۆك.

پیر دیان جەعفەر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کۆچ وکۆچبەران و وڵامدانەوەی قەیرانەکان سەر بە حکومەتی هەرێمی كوردستان بە (كەركوك ناو)ی وت "لە کەرکوکەوە چوار تانکەری نەوت، گەیشتە دهۆك بە مەبەستی ئەوەی بەسەر ئاوارەی كەمپەكاندا دابەشبكرێت، بەڵام بەرلەوەی دابەشی بكەین، رەوانەی تاقیگەمان كرد، تاوەكو پشكنینی بۆ بكەین".

"دەركەوت نەوتەكە بڕێکی زۆر کبریت-ی تێدایە، ئێمەش سەروی خۆمان ئاگادارکردەوە وتمان رازی نین ئەم جورە نەوتە بەسەر ئاوارەکاندا دابەش بکەین... جگە لەوەی کواڵێتییەکەی خراپە، هاوکات ماددەی کبریت-ی زۆری تیایە و ئەوەش دەبێتە هۆکاری ئاگركەوتنەوە و سوتان"، پیر دیان جەعفەر وایوت.

بۆ ئەو مەبەستە ئەوان لەگەڵ وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق كەوتونەتە گفتوگۆ و هێشتا كێشەكە چارەسەرنەكراوە، لەكاتێكدا ئاوارەكان لە چاوەڕوانیدان.

ئەسکەندەر محەمەد ئەمین، بەڕێوەبەری نوسینگەی دهۆكی کۆچ وکۆچبەرانی عیراق بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمەش لەگەڵ ئەوە نین ئەو نەوتە بەسەر ئاوارەكاندا دابەشبكرێت، جگە لە خراپی كواڵێتییەكەی دەترسین رودانی سوتانیشی لێی بکەوێتەوە".

لەبارەی ئەوەی كێ ئەو نەوتەی هێناوە، ئەسكەندەر وتی كە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عیراق لە مانگی تەمموز و ئاب گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەك لە کەرکوک کردووە.

"هەفتەی رابردوو نەوتەكەیان هێنا، بەڵام لە تاقیگە دەرنەچوو". ئەسکەندەر محەمەد زیاتر وتی "ئەم کێشەیە تەنیا بۆ ئاوارەكانی دهۆك دروستبووە، ئاوارەکانی هەولێر و ناوچەکانی تر لە كۆمپانیای ترەوە نەوتیان بۆ دابینكراوە و كێشەیان نەبووە".

ئەم کێشەیە تەنیا بۆ ئاوارەكانی دهۆك دروستبووە

لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 600  هەزار ئاوارە هەن؛ كە بەشێكیان لە 26 كەمپدا دەژین و لەو ژمارەیە 16 كەمپی ئاوارە لە دهۆكە و 26 هەزار خێزانیان تێدایە.

ئەوەش لەكاتێكدایە بڕیاربوو لە تشرینی یەكەم نەوت بەسەر ئاوارەكاندا دابەشبكرێت و ئێستا بەشێكیان بە ناچاری و لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما خۆیان نەوت دەكڕن.

پیر دیان وتی "خێوەتەكان ساردن و منداڵان قوربانی یەكەمن". هەروەها ئەسكەندەر محەمەد جەختیكردەوە كە تەنیا ئاوارەکان بونەتە قوربانی.

ناوەڕاستی تشرینی دووەم، سەعد عەلی، لە كەمپێكی دهۆك نیشەجێیەو سێ منداڵی هەیە بە (كەركوك ناو)ی وت كە لە توانایدا نییە نەوت لە بازاڕ بكڕێت، "لە ماوەی 40 رۆژی رابردودا تەنیا دوو رۆژ چومەتە سەركار و كرێكاریم دەستكەوتووە، ئیتر نەوت بە چی و چۆن بیكڕم".

نرخی یەك بەرمیل نەوتی سپی بازرگانی لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا لە سەروو 180 هەزار دینارەوەیە.

هەر خێزانێكی ئاوارە، بە دوو قۆناغ و لە دوو كاتی جیاوازدا، پێویستە بڕی 200 لیتر نەوت (بەرمیلێك)ـیان لەلایەن حكومەتەوە پێدەدرێت.

لەبارەی چارەسەرەوە، ئەسكەندەر محەمەد وتی "چارەسەر ئەوەیە گرێبەستەكە هەڵبوەشێنرێتەوە و جارێکی تر گرێبەست بۆ نەوتی باش لەگەڵ ئەو كۆمپانیایە یان كۆمپانایەكی تردا بكرێت، بەڵام ئەوەش كێشەیە چونكە رەنگە دوو مانگی تری پێبچێت تا نەوتەكە دەگات و ئەوكات ئاوارەكان پێویستیان پێنابێت".

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT