ئاوارەكان سەرمایانە.. نەوتیان نییە

دهۆك/ سەرەتای 2023/ دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر ئاوارەكانی كەمپ فۆتۆ: وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق

عەمار عەزیز – دهۆك

هاوڵاتیانی ئاوارە لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستان، لە چاوەڕوانی وەرگرتنی نەوتی سپیدا، شەوان بە سەرما و بە دیار هیتەری كارەباییەوە بەڕێدەكەن.

بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، بڕیاربوو لە سەرەتای تشرینی یەكەمی 2023ـدا نەوت بەسەر ئاوارەكاندا دابەشبكرێت، بەڵام تائێستا هیچ خێزانێك نەوتی پێنەدراوە، لە كاتێكدا دهۆك یەكێكە لە ناوچە ساردەكان و خەڵك پێویستی بە هۆكاری گەرمكردنەوە هەیە، بە تایبەت لە كەشوهەوای شەواندا.

"زیاتر لە هەفتەیەكە هیتەر بەكاردەهێنین، چونكە نەوتمان نەماوە و ئەوەی هەبوو هی ساڵی رابردوو هەموییمان تەواو كردووە، كاتێك كارەباش نییە و سەرما زۆرمان بۆ دەهێنێت، بە تایبەت بۆ منداڵەكان، ناچارین بە لێفە و بەتانی خۆمان گەرمبكەینەوە" بەوتەی سەعد عەلی سلێمان، ئاوارەی نیشتەجێی كەمپی خانكێ.

كەمپی خانكێ لە دهۆكە و زیاتر لە دوو هەزار خێزانی تێدایە.

سەعد، كە نۆ ساڵە لە ناحیەی گرعوزێری شنگالەوە ئاوارە بووە، داواكارە پێش سەرمای زۆر و وەرزی زستان، نەوتیان پێبگات، "دەبوو سەرەتای مانگی 10 نەوت وەربگرین، بەڵام تائێستا یەك لیترمان وەرنەگرتووە و دابەشكردنی نەوت دواكەوتووە".

هەر خێزانێكی ئاوارە، بە دوو قۆناغ و لە دوو كاتی جیاوازدا، بڕی 200 لیتر نەوت (بەرمیلێك)ـیان پێدەدرێت.

bafr
دهۆك/ زستانی 2019/ دەروازەی كەمپی بێرسیڤ لە زاخۆ فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

پیر دیان جەعفەر، بەرێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكان سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دهۆك بە (كەركوك ناو)ـی وت "وەزیری كۆچی عیراق پێشتر بەڵێنیدا لە سەرەتای مانگی 10ـدا نەوت بگەیەنێت بە ئاوارەكان، بەڵام تائێستا بەغدا بەشە نەوتی نەناردووە و ئێمەش چاوەڕێی گەیشتنی نەوت دەكەین تا بەسەر ئاوارەكانی ناو كەمپدا دابەشی بكەین".

هەروەها پشتگیری بۆ داواكاری ئاوارەكان نیشاندا، تا بە زویی نەوتیان پێبگات، چونكە ناوچەی نیشتەجێبونیان سەرمای زیاترە بەراورد بە ناوچەكانی دیكەی عیراق، "نزیكبوینەتەوە لە وەرزی زستان و ئاوارەكان پێویستیان بە نەوتە".

نرخی یەك بەرمیل نەوتی سپی بازرگانی لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا لە سەروو 180 هەزار دینارەوەیە.

سەعد عەلی، سێ منداڵی هەیە و كرێكاری دەكات، دەڵێت لە توانایدا نییە نەوت لە بازاڕ بكڕێت، "لە ماوەی 40 رۆژی رابردودا تەنیا دوو رۆژ چومەتە سەركار و كرێكاریم دەستكەوتووە، ئیتر نەوت بە چی و چۆن بیكڕم".

دابەشكردنی نەوتی سپی یەكەمجار نییە دوابكەوێت و لە ساڵانی رابردوشدا زیاتر لە جارێك دوبارەبۆتەوە، جگە لەوەی ئاوارەكان بە دەست نەبونی هاوكاری، كەمی ئاوی خواردنەوە و خراپی خۆراكی دابەشكراوی حكومەتی عیراقیشەوە دەناڵێنن.

لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 600  هەزار ئاوارە هەن؛ كە بەشێكیان لە 26 كەمپدا دەژین و لەو ژمارەیە 16 كەمپی ئاوارە لە دهۆكە و 26 هەزار خێزانیان تێدایە، بەپێی ئامارەكانی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان سەر بەحكومەتی هەرێمی كوردستان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT