شەبەك داواكارییەكانیان بۆ دەنگدان هەڵدەگرن

نەینەوا/ 2023/ پۆستەری كاندیدێكی كۆتای شەبەك بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا لە دەشتی نەینەوا فۆتۆ: كەركوك ناو

عەمار عەزیز – نەینەوا

دەنگدەرانی شەبەك، چاویان لەوەیە لەڕێی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەواوە، داواكارییە كەڵەكەبووەكانی چەندین ساڵی رابردویان جێبەجێبكرێت، لەوانە چارەسەری كێشەی كەمئاوی لەگەڵ كەرتەكانی پەروەردە و تەندروستی.

پێكهاتەی شەبەك لە نەینەوا، تەنیا یەك كورسی هەیە لە كۆی 29 كورسی ئەنجومەنی پارێزگا، كە بڕیارە 18ـی كانونی یەكەمی 2023 لە دەنگدانی گشتیدا هەڵبژێردرێن.

"هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا زۆر گرنگە بۆ ئێمە و بەشداردەبین، بە هیوای چارەسەری ئەو كێشانەی چەندین ساڵە روبەڕوی خەڵك بۆتەوە" ئیبراهیم دادوی، هاوڵاتی شەبەك لە ناحیەی باشیك بۆ (كەركوك ناو) وای وت.

ئەو دەڵێت یەكێك لە داواكارییە سەرەكییەكانیان، كە چاویان لەوەیە سندوقی دەنگدان ببێتە سەرەتای جێبەجێكردنی، چارەسەری كێشەی كەمئاوییە، كە پێویستی بە پرۆژەی نوێ و نوێكردنەوەی تۆڕی دابەشكردنی ئاو هەیە، "كێشەیەكی تر ئەوەیە، چوار ساڵە چاوەڕێی نەخۆشخانەی 400 قەرەوێڵەیین كە بۆ باشیك فەرمانی دروستكردنی دەرچووە و هەر ناچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەهۆیەوە بە ناچاری خەڵك دەچنە نەخۆشخانەی شارەكانی تر".

ئیبراهیم پێیوایە دەرفەت هاتۆتە پێش تا لە هەڵبژاردندا ئەو كاندید و لایەنانە هەڵبژێرن كە دەتوانن لە جێبەجێكردنی پرۆژەكاندا هاوكاردەبن.

تاكە كورسییەكەی كۆتای شەبەك، بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، پێنج كاندید كێبڕكێی بەدەستهێنانی دەكەن و چەندین كاندیدی دیكەی شەبەك لە چوارچێوەی لیست و هاوپەیمانی لایەنەكانی تردا هەن.

shabak
دهۆك/ 2016/ كه‌مپی ئاواره‌كانی هاوڵاتیانی شه‌به‌ك له‌ قه‌زای به‌رده‌ڕه‌ش فۆتۆ: تایبه‌ت به‌كه‌ركوك ناو

ژمارەی شه‌به‌ك به‌ 300 بۆ 350 هه‌زار كه‌س له‌ عیراق هه‌ژمارده‌كرێت؛ سه‌دا 60ـیان له‌ مه‌زهه‌بی شیعه‌ و ئه‌وانیتر سونه‌مه‌زهه‌بن، به‌ زۆری ده‌كه‌ونه‌ ناوچه‌كانی باشیك، به‌رتڵه‌، حه‌مدانیه‌، تلكێف و چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی موسڵ و گونده‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا.

موئەیەد خەلیل، بەرێوەبەری قوتابخانە لە باشیك، دەڵێت "سەدان" كێشەیان هەیە بە چارەسەرنەكراوی ماونەتەوە، لەوانە نەبونی پرۆژەی بواری پەروەردە، چونكە زۆرینەی خوێندنگەكان پێویستیان بە نۆژەنكردنەوەیە، "قوتابخانەكەی ئێمە لە ساڵی 1958ـەوە دروستكراوە و پێویستی بە گەورەكردن و نۆژەنكردنەوەیە، وەك زۆربەی خوێندنگەكانی دیكە".

"گەنجانی شەبەك بە تەواوی پەراوێزخراون، هەلیكار نییە، خزمەتگوزاری نییە و تەنیا یاریگایەكی بچوك لە باشیك هەیە" بەوتەی موئەیەد بۆ (كەركوك ناو)، كە ژمارەیەك داواكاری دیكەی خستەڕوو، لەوانە نەبونی پزیشك و دەرمان، بەوپێیەی تەنیا بنكەیەكی تەندروستی لە ناوەندی باشیك هەیە و لە زۆربەی گوند و ناوچەكانی دیكەوە، سەردانی دەكەن.

ناحیەی باشیك، سەر بە قەزای ناوەندی موسڵە (12كم باكوری خۆرهه‌ڵاتی موسڵ)، ژمارەی دانیشتوانی بە زیاتر لە 149 هەزار كەس دەخەمڵێنرێت، جگە لە شەبەك، پێكهاتەكانی ئێزیدی و كریستیانی تێدایە.

لە باشیك نزیكەی 26 هەزار دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە؛ ئەوەش نزیكەی سەدا 40ـی دەنگدەرانی ناحیەكەیە كە تۆمارەكانیان نوێكردۆتەوە و كارتی بایۆمەترییان هەیە. بەپێی ئامارە نافەرمییەكانیش ژمارەی دەنگدەرانی شەبەك لە هەموو نەینەوا دەوروبەری 35 هەزار كەسە.

غەزوان حامد، بەڕێوەبەری ناحیەی باشیك و كاندید بۆ ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، بە (كەركوك ناو)ـی وت "لە بەرنامەی كاری كاندیدەكانی شەبەكدا هەیە كە ئەولەویەت بدرێت بە خزمەتگوزارییەكانی وەك تەندروستی و پەروەردە و پەیوەست بە گەنجان لەو ناوچانەی شەبەك تیایدا نیشتەجێن یان زۆرینەن"، دەشڵێت وەك بەڕێوەبەرایەتی ناحیە ئەوەی لە توانا و دەسەڵاتی ئەواندا بووە، "درێغیمان لە چارەسەركردنی كێشەكاندا نەكردووە".

پێكهاتەی شەبەك، تەنیا كورسییەیان لە پەرلەمانی عیراقیش هەیە بەپێی سیستەمی كۆتا. ئەوانیش لە 2014ـدا روبەڕوی ده‌ستدرێژی و په‌لاماری چه‌كدارانی (دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام - داعش) بونه‌وه‌ و بەوهۆیەوە ئاواره‌ی هه‌رێمی كوردستان بون و هێشتا لە كۆی زیاتر لە 600 هەزار ئاوارەی هەرێم سەدا 10ـیان لە شەبەك، كاكەیی، توركمان و ئەرمەن پێكدێن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT