لایەنی كوردی لە دوزخورماتوو، كێشەی لە دیاریكردنی "كاندیدی گونجاو" بۆ پۆستەكانی قەزاكە هەیە، كە بڕیارە بەپێی رێككەوتنێك لەگەڵ توركمان و عەرەب وەریبگرن.
هەریەك لە لایەنەكانی توركمان، كورد و عەرەبی سونە لە قەزای دوزخورماتوو، لە دانوستان و گفتوگۆدان بۆ پێكهێنانەوەی ئیدارەی خۆجێیی، پاڵپشت بە ئەنجامی دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین.
عاتف عەلی سەمین، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین لە هاوپەیمانی ئیتاری وەتەنی (توركمان/ نوێنەری دوزخورماتوو) دەڵێت، لەگەڵ كورد و عەرەبی سونە گفتوگۆیان بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی دوزخورماتوو كردووە، "تا بە یەكسانی و بەبێ كێشە پۆستەكان پڕبكرێنەوە".
"دەمانەوێـت نیشانی بدەین پێكەوەژیان لە دوزخورماتوو گرنگترە، سەرباری جیاوازی نەتەوەیی، پێویستە رێكبكەوین و رێككەوتنیشمان كردووە لەسەر پۆستەكان و كێشەمان نییە، بەڵام جارێ ناوەڕۆكی ئەو رێككەوتنە بڵاوناكەینەوە" بەوتەی سەمین بۆ (كەركوك ناو).
پێكهێنانەوەی ئیدارەی دوزخورماتوو پەیوەستە بە پێكهێنانی ئیدارەی پارێزگای سەڵاحەدینەوە، یەكلاكردنەوەی پارێزگاریش دواكەوت، چونكە سەرۆكایەتی كۆمار قایل نەبوو فەرمانی دەستبەكاربون بۆ ئەحمەد عەبدوڵا جبوری ناسراو بە "ئەبو مازن" دەربكات، كە ئەنجومەنی پارێزگا لە 4ـی شوباتی ئەمساڵ لەگەڵ یەكلاییكردنەوەی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەندا، ئەویش بۆ پۆستی پارێزگار هەڵبژارد.
ئەنجومەنی پارێزگا 17ـی ئادار كاندیدێكی دیكەی هەڵبژارد بۆ پۆستی پارێزگار، ئەوەش هەر لە پشكی هاوپەیمانی جەماهیر وەتەنییە، كە لە ژمارەیەك حزبی عەرەبی سوننی و كورد پێكهاتبون، توانی ببێتە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكە و لەگەڵ ژمارەیەك حزبی تری سوننی لە چوارچێوەی رێككەوتنێكدا حكومەتی خۆجێی سەڵاحەدینیان پێكهێنا، لە نێویاندا هاوپەیمانی سەیادە و حەسمی وەتەنی.
یاسین محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین لە كوتلەی جەماهیر وەتەنییە / كورد، بە (كەركوك ناو)ـی وت "دانوستانمان كردووە و لە هەوڵی ئەوەداین لەگەڵ لایەنەكانی وەكو توركمان و سونە ڕێكبكەوین.. تائێستا ئەو لایەنانە هیچ كێشە و گرفتێكیان نییە و ئامادەن پۆستەكانی پێشومان بدەنەوە، تەنانەت قایمقامیش موافقە لەگەڵ ڕێككەوتنەكانماندا".
كورد كە چەندین ساڵ پۆستی قایمقامی قەزای دوزخورماتوو و نزیكەی 10 پۆستی دیكەی بەدەستەوەبوو، لە دوای روداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری 2017ـەوە زۆرینەیانی لەدەستدا، كاتێك لە ئەنجامی ئاڵۆزی نێوان هەردوو حكومەتی بەغدا و هەولێر بەهۆی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانەوە، پێشمەرگە و هێزی كوردی لە ناوچەكانی جێناكۆك پاشەكشێیان كرد و لە دوزخورماتوو، بارگرژی رویدا و بەهۆیەوە، سەدان خانوو و دوكانی هاوڵاتیانی كورد سوتێنران و زیانیان بەركەوت.
یاسین محەمەد جەختیكردەوە كە پێشتر زۆربەی پۆستەكانی دوزخوماتوو لای كورد بووە، لە نێویاندا قایمقام و بەڕێوەبەرانی پۆلیس، دادگا، نەخۆشخانە، سەرچاوەكانی ئاو، شارەوانی، كارەبا و ڤێتێرنەری، بەڵام ئێستا دوو سێ پۆستی بەدەستەوە ماوە، لەوانە نەخۆشخانە، ڤێتێرنەری و وەقفی سونی.
ئەگەر كورد كاندیدی هەبێت هیچ كێشەیەكمان نییە پۆستەكانیان وەربگرنەوە
كورد یەك نوێنەری چۆتە ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، لە كۆی 15 كورسی، هەروەها لەسەر پشكی پارێزگاكە لە پەرلەمانی عیراق یەك ئەندامی هەیە. (هەردوكیشیان سەر بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانن).
"لە راستیدا ئێمەی كورد كێشەی نەبوونی كادیری میهەنیمان هەیە لەقەزاكە وەكو پێویست بتوانێت ئیدارەی بدات، بۆ نمونە ئەگەر ئێستا بمانەوێت پۆستی شارەوانی وەردەگرینەوە بەبێ كێشە، بەڵام كادیری میهەنیمان نییە وەریبگرێت، تەنانەت دوای 16ـی ئۆكۆتبەریش پۆستی شارەوانییان پێداینەوە، بەڵام دووبارە كەسمان نەبوو پۆستەكە وەربگرێت، ئەمەش زیانی زۆری بۆ كورد هەیە كە ناتوانێت هیچ پۆستێك وەربگرێتەوە" بەوتەی یاسین محەمەد.
لە ساڵی 2019ـدا كورد چوار پۆستی پێدرایەوە لە دوزخورماتوو بەڵام بەهۆی رێكنەكەوتنی لایەنە كوردییەكانەوە لەسەر دیاریكردنی كاندید، ئەو پۆستانە پڕنەكرانەوە، لە نێویاندا شارەوانی و پەروەردە هەبون.
ئەندامەكەی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین لە پشكی توركمان دەڵێت "كورد چەندین پۆستیان لەدەستداوە و نەیانتوانیووە دوبارە وەریبگرنەوە و پڕی بكەنەوە، چونكە كاندیدیان نییە بۆ وەرگرتنەوەی پۆستەكان، ئەگەر كورد كاندیدی هەبێت ئێمە هیچ كێشەیەكمان نییە دوبارە پۆستەكانی وەك كشتوكاڵ و شارەوانی و ئەوانیتر وەربگرنەوە".
ئێستا پۆستەكانی قایمقام و پۆلیس و سایلۆ و چەندین لێپرسراوێتی دیكە بە دەست توركمانەوەیە، وەك عاتف عەلی سەمین جەختیكردەوە "ئامانجی ئێمە ئەوەیە پێكەوە ئیدارەی خورماتوو بكەین.. بەبێ جیاوازی نەتەوەی كورد و توركمان و عەرەب.. ئەزمونی دوای 16ـی ئۆكتۆبەر نیشانیدا ئیدارەدانی خورماتو بەیەك لایەن ناكرێت".
عەرەبی سونە كە پێكهێنەری سەرەكی حكومەتی خۆجێیی سەڵاحەدینن، كاندیدێكیان لە سنوری سلێمان بەگ-ـی سەر بە دوزخورماتوو لە ئەنجومەنی پارێزگا هەیە و دەیانەوێت لە ئیدارەدانی قەزاكەدا ئەوانیش پشكیان هەبێت.
ئەندامە كوردەكەی ئەنجومەنی پارێزگا دەڵێت هەوڵ بۆ رێككەوتن لەگەڵ توركمان و عەرەبی سنوری قەزاكەدا دەدەن، بە سلێمان بەگ-ـیشەوە، تا بە رەزامەندی هەر سێ نەتەوە پۆستەكان دابەشبكرێن، "رەنگە وەكو كورد نەتوانین پۆستی قایمقام و پۆلیس بەدەستبهێنینەوە .. بەڵام هەوڵی ژمارەیەك پۆستی دیكە دەدەین".
بەوتەی یاسین محەمەد، هەر لە چوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا بۆ پێكهێنانی ئیدارەی دوزخورماتوو، مەرج دادەنێن كاندیدەكان لە خەڵكی شارەكە بن و پرۆژە خزمەتگوزارییەكانیش بە تەوافوق بەسەر گەڕەكەكاندا دابەشبكرێن.
قەزای دوزخورماتوو، تاكە ناوچەی جێناكۆكی نێوان هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستانە لە پارێزگای سەڵاحەدین، دانیشتوانەكەی (زیاتر لە 154 هەزار كەسن) لە توركمان، كورد و عەرەب پێكهاتون.