"هەست بە تەنیایی و بێ پشتوانییەكی زۆر دەكەم، دەترسم و بەردەوام لە دڵەڕاوكێدام"، ئەم هەستەی شەیدا كە ئەندامێكی گروپی پەلكەزێڕینەیە، دوابەدوای پەسەندكردنی هەمواری یاسای بەرەنگاربونەوەی لەشفرۆشی و هاوڕەگەزخوازی هات لە پەرلەمانی عیراق، بەپێی یاساكە ئەندامانی ئەو گروپە دەبێت زیندانی بكرێن.
"پێموایه چیتر رێگه‌یه‌ك بۆ مانەوەم لەم كۆمەڵگەیەدا نەماوە، تازە ناتوانم ببمە بەشێك لەم كۆمەڵگەیە"، شەیدا (25ساڵ) وەك خۆی دەڵێت بە جەستە كچە، بەڵام جوتڕەگەزخوازە وایوت.
جوتڕەگەزخواز لە كۆمەڵگەی پەلكەزێڕینەدا بەو كەسانە دەوترێت كە حەزی سێكسیان بۆ هەردوو رەگەزی نێر و مێ هەیە و وەک خۆی دەڵێت بەشی زۆری کۆمەڵگە ئەوە رەتدەکاتەوە.
شەیدا زیاتر وتی "هه‌میشه ترسم هه‌بووه له‌وه‌ی ده‌وروبه‌ره‌كه‌م به‌مه بزانن، دۆخی ئێمه لەناو ئەم كۆمەڵگەیەدا سەختە و بەردەوام لە ترس و دڵەڕاوكێداین، ئێستا ئەم یاسایەش دۆخه‌كه‌ی هێنده‌ی تر لێ سەختکردووین، بەڕاستی نازانین چی بكەین".
دۆخی ئێمه لەناو ئەم كۆمەڵگەیەدا سەختە
باران ناوی خوازراوی ئەندامێكی تری ئەو گروپەیە و هاوڕەگەزخوازە - بە روخسار كوڕە و بە هەست كچە، وتی "بەڵێ دۆخەكە لەسەرمان زۆر قورس بوو، هیچ هیوایه‌ك نەماوە بۆ یارمه‌تیدانی ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵه‌ی پەلكەزێڕینە".
پەرلەمانی عیراق لە 27ی نیسانی 2024دا هەمواری یاسای ژمارە 8ی ساڵی 1988ی پەسەند كرد، كە بە هەمواری یاسای بەرەنگاربونەوەی لەشفرۆشی و هاوڕەگەزخوازی ناسراوە و تیایدا كۆمەڵێك سزای توندی زیندانیكردن و دارایی بەسەر ئەو كەسانەدا سەپاندووە كە پەیوەندی هاوڕەگەزخوازی دەبەستن، لە نێویاندا سزای 15 ساڵ زیندانیكردن.
"لە عیراقی پێغەمبەراندا هیچ شوێنێك بۆ هاوڕەگەزخوازان نییە"، موحسین مەندەلاوی، سەرۆكی پەرلەمانی عیراق لە دوای پەسەندكردنی هەموارەكە وایوت، جەختیشیكردەوە لەوەی هەمواری یاساكە "گرنگە" بۆ پاراستنی ژێرخانی بەهاكانی كۆمەڵگە. لەو دانیشتنەدا 170 پەرلەمان ئامادەی بون لە كۆی 329 ئەندام.
زانۆ ناوی خوازراوی چالاكوانێكی بەرگریكارە لە مافی ئەندامانی كۆمەڵەی پەلكەزێڕینە لە تەواوی عیراق و خۆی بە "رەگەزی سێیەم - Non-binary" پێناسە كرد، بە (كەركوك ناو)ی وت "چۆن دەکرێت مرۆڤ بکرێتە زیندان تەنها لەبەرئەوەی پێناسەی جێندەریی و سێکسی جیاواز بۆ خۆی دەکات، ئایا ئەم پێناسەیە تاوانە؟".
"هەموارەكە توندوتیژییەكان دژ بەم كۆمەڵەیە دەباتە ئاستێكی باڵاترەوە، جگەلەوەش بەپێی یاساكە لەمەودوا دامودەزگاکان خۆیان بەشێک دەبن لەو توندوتیژییە"، زانۆ زیاتر وتی "بە رۆژی روناك بیانویەکی گەورەش دەداتە دەستی خەڵک و گروپە توندڕەوەکان بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی دژ بە ئێمە".
زانۆ لەڕێی په‌ڕه‌یه‌كی تایبه‌ته‌وه كه له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئینستگرام چالاكە، هۆشیاری ده‌رباره‌ی كۆمەڵەی پەلكەزێڕینە بڵاوده‌كاته‌وه و به‌رگریی له مافه‌كانیان ده‌كات. دەڵێت لە دوای پەسەندكردنی هەموارەكەوە، "گۆڕانكاریم له ژیان و په‌یوه‌ندییه‌كانمدا كردووە و سنوردارم كردون... دەبێت هەموو ئەندامان زۆر زیاتر ئاگاداری خۆیان بن و پەیوەندییەكانیان زۆر سنوردار بكەن".
پڕۆژەی هەمواركردنەوەی یاسای بەرەنگاربونەوەی لەشفرۆشی و هاوڕەگەزخوازی، بۆ یەكەمجار لە تەمموزی 2023دا لەلایەن پەرلەمانتاری سەربەخۆ رائید حەمدان مالیكی (شیعە مەزهەب)، پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان كراوە، ناوبراو خۆی ئەندامی لیژنەی یاساییە.
هەرچەندە رەشنوسەكە خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا، بەڵام لە 10ی ئەیلولی 2023 لەلایەن سەرۆكی ئەوكاتی پەرلەمانی عیراق كشێنرایەوە، - ئەوكات محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان- بوو.
كشاندنەوەی پڕۆژە هەموارەكە ناڕەزایی هەندێك لە فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان و پەرلەمانتارانی بەدواداهات، بەو هۆیەوە هەر ئەوكات و هەمان پەرلەمانتار لە دادگای فیدراڵی سكاڵای لە دژی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق تۆماركرد و دادگاش كشاندنەوەكەی بە نایاسایی ناوبرد، ئەوەش وایكرد جارێكی تر گەڕێنرایەوە پەرلەمان و پەسەندكرا.
ئەندامێكی لیژنەی یاسایی كە بەباشی نەزانی لەو دۆسییەدا ناوی بهێنرێت، وتی "نۆ مانگ لە گفتوگۆی بەردەوامدابوین، ره‌شنوسی هه‌مواره‌كه زۆر توندبوو، چونكه سزای لە سێداره‌دانی تێدا بوو. دوای هه‌وڵێكی زۆر تەنیا توانیمان سزای له سێداره‌دانه‌كە لاببه‌ین و لە بڕگەیەكیشدا توانیمان رێگەیەك بۆ چارەسەری ئه‌و كه‌سانه بكه‌ینه‌وه كه لە لەدایكبونەوە تێكچونی جینی-یان هەیە و رەگەزیان كێشەی هەیە".
"من پێموایە پەسەندكردنی كاردانەوەیەكی سیاسی بوو بەرامبەر بە رۆژئاوا... نەك وەك ئەوەی ئەوانەی پشتیوانیان دەكرد و دەیانوت بۆ پاراستنی كۆمه‌ڵگه‌یه"، ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی زیاتر وتی "ویستیان به رۆژئاوا بڵێن: ئێمه دژی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ین كه له چوارچێوه‌ی دیموكراسییه‌تی ئێوەدا گرنگی پێده‌درێت".
وتیشی "نابێت ئه‌وه‌شمان له‌بیربچێت كه بابه‌تی ئایین بابه‌تێكی زۆر زاڵه له كۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بیدا، له‌به‌ر ئه‌وه ده‌كرێت بۆ پاراستنی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ش بیر له روانگه‌یه‌كی ئایینی بكرێتەوە".
جێبەجێكردنی هەموارەكە بەندە بە بڵاوكردنەوەی لە رۆژنامەی وەقایعی عیراقدا كە هێشتا بڵاونەكراوەتەوە.
فرمێسك جاف، چاره‌سه‌ركاری ده‌رونی دەڵێت كاریگەرییە دەرونییەكانی پەسەندكردنی هەموارەكە لەسەر ئەندامانی كۆمەڵگەی پەلكەزێڕینە دەركەتووە.
كاریگەرییە دەرونییەكانی پەسەندكردنی هەموارەكە لەسەر ئەندامانی كۆمەڵگەی پەلكەزێڕینە دەركەتووە
ئەو خۆی چارەسەری دەروونی بە به‌شێك له چاره‌خوازانی سه‌ر به كۆمه‌ڵه‌ی په‌لكه‌زێڕینه دەدات، بە (كەركوك ناو)ی وت "قسەم لەگەڵ سێ له چاره‌خوازه‌كانی كۆمەڵەی پەلكەزێڕینە كردووە، هەرسێكیان دەڵێن هه‌ست به ترس، دڵه‌ڕاوكێ و بێ ئومێدی دەكەن و هەستدەكەن بە تەنیا ماونەتەوە و بێ چارەن، دۆخیان رۆژ به رۆژ خراپتر ده‌بێت و سنوره‌كانیان بۆ ته‌سكترده‌بێتەوە و دژایه‌تی ده‌كرێن".
بەپێی هەمواری یاسای بەرەنگاربونەوەی لەشفرۆشی و هاوڕەگەزخوازی، هەركەسێك بە فێڵ، یان بە زۆر و هەڕەشە، كەسێكی دیكە ناچار بكات و بەكاربهێنێت بۆ لەشفرۆشی و هاوڕەگەزخوازی، ئەوا بە زیندانی سزادەدرێت كە لە 10 ساڵ زیاتر نەبێت، لە حاڵەتێكدا ئەگەر تەمەنی قوربانییەكە لە 18 ساڵ زیاتر بێت. بەڵام ئەگەر قوربانییەكە لە 18 ساڵ كەمتر بێت، ئەوا سزادەدرێت بە زیندانی كە لە 15 ساڵ زیاتر نەبێت.
هەر بەپێی هەموارەكە، هەركەسێك پەیوەندی هاوڕەگەزخوازی ببەستێت سزادەدرێت لە 10 ساڵ كەمتر نەبێت و لە 15 ساڵ زیاتر نەبێت.
هەموارەكە لە بڕگەیەكی تردا دەڵێت هەركەسێك كە رەگەزی یەكلاییبۆتەوە، بەڵام بە ئەنقەست رەفتار و هەڵسوكەوتی ژنانە بكات (التخنث)، یان بانگەشەی بۆ بكات ئەوا سزادەدرێت، بە زیندانی كە لە ساڵێك كەمتر و لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت، یان سزای دارایی دەدرێت بەشێوەیەك لە پێنج ملیۆن دینار كەمتر نەبێت و لە 10 ملیۆن زیاتر نەبێت.
(التخنث) لە زمانی عەرەبیدا بۆ نێرەموكیش بەكاردێت، بەڵام لە یاساكەدا وەك شارەزایان دەڵێن ئاماژەیە بۆ ئەو كەسانەی كە رەگەزییان یەكلاییبۆتەوە كە نێرن، بەڵام بە "ئەنقەست" مامەڵەی هەڵسوكەوتی ئافرەتانە دەكەن.
فرمێسك جاف، دەڵێت ئەو قسەی لەگەڵ چارەخوازەكانییدا كردووە ئایا هه‌مواره‌كه چی له ژیانی ئه‌وان ده‌گۆڕێت؛ له وه‌ڵامدا وتویانە كە هیچ ئومێدێكیان به ژیان و مانه‌وه له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌ی عیراقی‌دا نەماوە. بۆیە بیر لە بەجێهیشتنی عیراق دەكەنەوە.
"بابه‌تی كۆمه‌ڵگەی په‌لكه‌زێڕینه بابه‌تێكی ئاڵۆزه له عیراق و هه‌رێمی كوردستاندا، تاڕاده‌یه‌ك تێكه‌ڵبونێك هه‌یه له نێوان حه‌زی تاقیكردنه‌وه و راستی دۆخه‌كه، بۆ نمونه كه‌یس هه‌یه ته‌مه‌نی 48 ساڵه، ده‌ڵێت: له ته‌مه‌نی 46 ساڵییه‌وه زانیویه‌تی سه‌ر به‌كۆمه‌ڵگەیی په‌لكه‌زێڕینه‌یه، ئه‌مه له‌ڕوی ده‌رونییه‌وه هه‌ڵه‌یه، چونكه ئه‌و حاڵه‌ته‌ی له‌م كه‌سه‌دا هه‌یه حه‌زی تاقیكردنه‌وه‌یه نه‌وه‌ك له‌ڕاستیدا سه‌ر به كۆمەڵگەی په‌لكه‌زێڕینه بێت"، فرمێسك زیاتر وتی "ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ڕاستی سه‌ر به‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ن له ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كارییه‌وه هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ن و پاش ته‌مه‌نێكی دیاریكراو خۆیان بۆ یه‌كلاده‌بێته‌وه كه سه‌ر به كام جۆره‌ن له كۆمه‌ڵه‌ی په‌لكه‌زێڕینەدا".
ئەو ئەندامانەی پەلكەزێڕینە كە (كەركوك ناو) قسەی لەگەڵ كردون، هەمویان بەجێهێشتنی عیراق وەك تاكە چارەسەر سەیردەكەن بۆ دەربازبون لەم دۆخەی ئێستایاندا.
بەڵام فرمسێك وتی "ئەوە چاره‌سه‌ر نییه، چونكه ئه‌گه‌ر وڵاتیش به‌جێبهێڵن، ئاسان نییە ژیانێكی نوێ ده‌ستپێبكه‌نەوە، چونكه هەمویان خاوه‌نی شوناسی خۆیانن، ئاسان نییه شوناسێكی نوێ له سه‌ره‌تاوه ده‌ستپێبكه‌نه‌وه".
بەجێهێشتنی وڵات چارەسەر نییە
بەپێی یاسا بەركارەكان، لەگەڵ بڵاوبونەوەی هەموارەكە لە رۆژنامەی وەقایعی عیراق، راستەوخۆ دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام بۆ جێبەجێكردنی لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان پێویستی بە پەسەندكردن هەیە لە پەرلەمانی كوردستان، ئەوەش لەكاتێكدایە پەرلەمانی كوردستان تەمەنی كۆتایی هاتووە و ناتوانێت یاسا و بڕیار دەربكات.
د. خامۆش عومەر، شاره‌زایی یاسای ده‌ستوریی، بە (كەركوك ناو)ی وت "هه‌مواره‌كه ناوه‌ندیی نییه، چونكه به‌پێی مادده‌ی 110ی ده‌ستوری عیراق ده‌رنه‌چووه. ئه‌م مادده‌یه ده‌سه‌ڵاته‌كانی ناوه‌ندی دیاریكردووه، هه‌ر یاسایه‌ك له په‌رله‌مانی عیراق ده‌ربچێت و له‌ژێر چه‌تری ئه‌م مادده‌یه‌دا نه‌بێت، له هه‌رێمی كوردستاندا جێبه‌جێ ناكرێت".
"لەو حاڵەتەدا پێویسته دەرچەیەكی یاسایی بۆ بكرێت، واته دوباره هه‌مان رێكاره یاساییه‌كانی پڕۆژه یاسایه‌كی ئاسایی ببرێته‌وه نێو په‌رله‌مانی كوردستان و ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت، دواتر سه‌رۆكی هه‌رێم واژۆی بكات و له رۆژنامه‌ی وه‌قایع بڵاوبكرێته‌وه، پاشان ده‌چێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، بۆیە بۆ ئه‌گه‌ری رودانی ئه‌مه پێویسته چاوه‌ڕێی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مان بكرێت"، د. خامۆش وایوت.
لەنێو ئەو بێهیواییەدا، شەیدا دەڵێت "نامانەوێت هه‌ستی به‌زه‌ییتان بەرامبەرمان هەبێت، تەنیا به چاوی مرۆڤ سه‌یرمان بكه‌ن و رێز له هه‌سته‌كانمان بگرن، ئەوەندە به‌سە".