دادگای دهۆك 30ی حوزەیرانی ئەمساڵی دیاریكرد بۆ دادگاییكردنی رۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد، ئەوەش دوای 220 رۆژ دێت لە دەستگیركردنی ناوبراو، بە هەمان ئەو یاسایەش دادگاییدەكرێت كە رۆژنامەنوسان و چالاكوانانی بادینانی پێ سزادرا.
رێڤێنک یاسین، پارێزەر و ئەندامی تیمی بەرگریكردن لە دۆسیەی رۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد بە (كەركوك ناو)ی وت "دادگا ئاگاداریكردینەوە كە 30ی حوزەیرانی ئەمساڵی دیاریكردووە، بۆ بەڕێوەچونی یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی رۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد"، جەختیكردەوە "ئەوە دوای ئەوە دێت كە دوای حەوت مانگ لە دەستگیركردنی توانیمان بیبینین و بریكارنامەی لێ وەربگرین بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی فەرمی ببینە پارێزەری".
رێڤێنک یاسین جەختیكردەوە كە سلێمان ئەحمەد بەپێی ماددەی یەكی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 دادگایی دەكرێت، "ئەو ماددەیە تایبەتە بەو کەسانەی ئەمنییەتی هەرێمی کوردستان تێکدەدەن".
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2023دا زیاتر لە 50 چالاكوان، رۆژنامەنوس، مامۆستا و کەسی دیكەی بە هەمان یاسا روبەڕوی دادگا كردۆتەوە و تائێستا پێنج كەس بەو یاسایە سزای زیندانییان بەسەردا سەپێنراوە، لەوانەش رۆژنامەنوسان و چالاكوانانی بادینان و لە دیارترینیان رۆژنامەنوس شێروان شیروانی.
یاسای ژمارە 21 هەمان ئەو ماددەیە یاساییەیە، بەر لە ساڵی 2003 و بە گۆڕانكارییەكی كەمەوە سەدام حسێن، وەك سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش بەسەر پێشمەرگە و ئۆپۆزسیۆنی رژێمەكەیدا جێبەجێیدەکرد.
رێڤێنک یاسین وتی "ئێمە بە هەموو شێوەیەک بەرگری لە سلێمان ئەحمەد دەكەین، خۆمان بەباشی ئامادەکردووە تا لە رۆژی دادگاییکردنەکەیدا شتێکی باشی بۆ بکەین".
یاسای ژمارە 21 لە 27ی ئەیلولی 2003، لە دانیشتنێكی ئاسایی پەرلەمانی كوردستاندا بەسەرۆكایەتی رۆژ نوری شاوەیس دەركراوە و ئامانج لێی لەكارخستنی چەند ماددەیەكی یاسای سزادانی عیراقی بووە.
ئەو یاسایە لە شەش ماددە پێكهاتووە، لە ماددەی یەكەمیدا جێگرەوەیەك بۆ ماددەی 156ی یاسای سزادانی عیراقی دانراوە و هاتووە "هەركەسێ بە دەستی ئەنقەست و بە هەر شێوەیەك دەبێ، ببێ لە كارێكدا تێوەگلێ بە مەبەستی زیاندان لە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستانی عێراق و ببێتە هۆی كەوتنەوەی ئەو زیانە، بە بەندكردنی هەتا هەتا یان بە بەندكردنی كاتی سزادەدرێت".
یاساكە لە ژمارە 45ی رۆژنامەی وەقایعی كوردستان لە 28ی تشرینی یەكەمی 2003دا بڵاوكراوەتەوە و لەوكاتەوە تائێستا بەركارە.
سلێمان ئەحمەد، كە وەكو هەواڵساز لە بەشی عەرەبی دەزگای رۆژنیوز كاردەكات، لە 25ی تشرینی یەكەمی 2023دا لەكاتی گەڕانەوەیدا له رۆژئاوای كوردستان (سوریا) بۆ هەرێمی كوردستان له دهروازهی فیشخابوور (سێمێلكا) دەستگیركرا.
هەرچەندە پارێزەر و ئەندامانی تیمی بەرگریكردن لە دۆسیەی رۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد دەیانجار داوایان لە ئاسایش كرد بۆ ئەوەی سلێمان ببینن تا لانیكەم بۆ بەرگریكردن لێی بریكارنامەی پارێزەری پێ واژۆ بكەن، بەڵام ئاسایش دەیوت لای ئەوان نییە. تاوەكو كۆتایی مانگی رابردوو ئاكرایان كرد كە لای ئەوان دەستگیركراوە.