كەرتی گەشتیاریی ئەلقوش دەبوژێتەوە
لە رۆژانی جەژندا ناحییەكە پێشوازی لە هەزاران گەشتیار كردووە

نەینەوا/ بەهاری 2024/ ژمارەیەك گەشتیاری بیانی و ناوخۆیی لە مۆزەخانەی ناحیەی ئەلقوش. فۆتۆ: راگەیاندنی مۆزەخانە

عەمار عەزیز

کەرتی گەشتیاری لە سنوری ناحیەی ئەلقوش لە دەشتی نەینەوا وردە وردە دەبوژێتەوە، بەهۆی بونی شوێنەواریی مێژوویی، مۆزەخانەی گرنگ و ناوچەی گەشتیاریی.

تەنیا لە رۆژانی جەژندا پێنج هەزار گەشتیار رویان لە هاوینەهەواری بەنداوایا كردووە لەو ناحیەیە، ئەوەش بەرزترین رێژەیە لەوكاتەی دەستی ئاوەدانی دوای شەڕی داعش بۆ ناوچەكە درێژكرا.

چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە (داعش) لە سالی 2014دا نەگەیشتنە ناوەندی ئەلقوش لە قەزای تلكێف، بۆیە شوێنەوارەكانی و مۆزەخانە گرنگەكەی، هەروەها هاوینەهەوارەكانی روبەڕوی لەناوچون نەبونەوە.

لە سنوری ئەلقوش هاوینەهەواری بەنداوایا و هەریەک لە مۆزەخانەی فۆلکلۆریی ئەلقوش و مەزارگای ناحوم، دێری رەبان هورمز و دێری سەیدە مەریەم عەزرا‌ هەن، لەگەڵ گوندی ئەلقوشی کۆن كە بە شێوازێکی فۆلكلۆری نۆژەنكراوەتەوە و شوێنی سەرەنجڕاكێشن بۆ گەشتیاران.

جوزیف شەماس، بەڕێوەبەری مۆزەخانەی ئەلقوش بە (کەرکوک ناو)ی وت "لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا زیاتر لە 500 گەشتیاری ئەوروپی، عەرەبی و ناوخۆی سەردانی مۆزەخانەكەیان كردووە، بەراورد بە ساڵی رابردوو رێژەكە زۆر بەرزترە... گەشتیاران سەردانی چەند شوێنێکی تریان کردووە وەکو دێر رەبان هورمز، ئەلقوشی کۆن، مەزارگای ناحوم".

al-qush
ئەلقوشی كۆن دوای نۆژەنكردنەوەی بەشوازێكی فۆلكلۆری فۆتۆ: عەمار عەزیز

"ئەلقوش ناوچەیەکی مێژووی گرنگە، پێویستە حکومەت زیاتر گرنگی پێبدات، بە تایبەت شوێنەوارەكان و ناوچە گەشتیارییەكانی، بۆ ئەوەی خەڵك زیاتر روو لە ناحییەكە بكات، ئێمە مێژوو و فۆلکلۆری ناوچەکەی خۆمان بۆ هەزاران گەشتیار باسكردووە، زانیاریمان پێداون تا بزانن ئەلقوش زۆر دەوڵەمەندە لە بواری گەشتیاریی و لەڕوی مێژووییەوە".

مێژوی بنیادنانی ئەلقوش (40كم باكوری موسڵ) دەگەڕێتەوە بۆ چەرخی حەوتەمی پێش زایینی، ئێستا ناحیەیە و سەر بە قەزای تلكێفە لە دەشتی نەینەوا، سێ كۆمەڵگە و 83 گوند لە سنورەكەیدا هەن، ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە 50 هەزار كەس و زۆرینە كریستیانن، لەگەڵ ئایینەكانی تر وەكو موسوڵمان، ئێزیدی، شەبەك و كاكەیی.

سەیرانگەی بەنداوایا یەكێكە لە هاوینەهەوارە دڵڕفێنەكان، بۆتە چەقی كۆكردنەوەی پێکهاتە و ئایینەکان و وەکو سەنتەرێکی گەشتیاریی لێهاتووە.

gashtyarr
نەینەوا/ بەهاری 2024/ وێنەیەكی سێڵفی گەشتیاران لە مۆزەخانەی ئەلقوش. فۆتۆ: راگەیاندنی مۆزەخانە

 

سەبری بۆتانی، خاوەنی یەکێک لە گازینۆکانی هاوینەهەواری بەنداوایە بە (کەرکوک ناو)ی وت "بە گشتی ساڵانە لە هەرسێ مانگی هاوین، نزیکەی 15 هەزار گەشتیار روو لەم هاوینەهەوارە دەکەن، زیاتر گەشتیارانی ناوخۆیین، ئەم ژمارەیە راستە بەراورد بە ناوچە گەشتیارییەكانی تر كەمە، بەڵام بۆ سنوری ئەلقوش زۆر باشە".

زیاتر وتی "بۆ شوێنەکانی تری ئەلقوش وەکو دێری رەبان هورمز، ئەلقوشی کۆن، مەزار ناحوم زیاتر گەشتیارانی بیانی و ئەوروپی سەردانیان دەكەن".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT