گەنمی جوتیارانی ئەلقوش و شێخان لەلایەن حكومەتی عیراقییەوە وەردەگیرێت و ناچارنین لە بازاڕدا هەرزانفرۆشی بكەن.
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، دوو شوێن بۆ وەرگرتنی بڕی زیاتر لە 140 هەزار تۆن گەنم لە موسڵ تەرخانكراوە، ئەوەش دوای بڵاوكردنەوەی ناڕەزایی جوتیارانی ئەو دوو ناوچەیە لە میدیاكاندا، لە نێویاندا (كەركوك ناو)، كە ترسیان هەبوو بەرهەمی ئەمساڵیان لێوەرنەگیرێت.
پێشتر تەنیا گۆڕەپانی رۆڤیا دانرابوو بۆ وەرگرتنی گەنمی ئەلقوش و شێخان، كە تەنیا توانای لە خۆگرتنی 50 هەزار تۆن گەنمی هەبوو، لە كۆی 190 هەزار تۆن گەنمی بەرهەمهێنراوی ئەو دوو ناوچەیەی پارێزگای نەینەوا.
سریان سەفەر ئەلیاس، بەرێوەبەری كشتوكاڵی ئەلقوش بە (كەركوك ناو)ـی وت "لە گۆڕەپانی رۆڤیا 52 هەزار تۆن گەنم وەرگیرا و 140 هەزار تۆن گەنمی جوتیارانی هەردوو هۆبەی ئەلقوش و شێخان مایەوە، ناچاربون بەرهەمەكانیان بردە موسڵ، بەڵام لە بازگەكاندا رێگرییان لێكرا و دواتر رێككەوتین شوێنی دیكەیان بۆ تەرخانبكەین".
ئەو دەڵێت رێككەوتنەكە بۆ وەرگرتنی كۆی بەرهەمی گەنمی جوتیارانی هەردوو ناوچەكەیە، "گۆڕەپانی سولفێن بۆ گەنمی شێخان و گۆڕەپانی حلبیە بۆ ئەلقوش تەرخانكراوە، كە لەو دوو شوێنەدا بڕی 140 هەزار تۆن گەنم وەربگیرێت، هەرچەندە گۆڕەپانەكە بۆ جوتیارانی ئەلقوش دورە و نزیكەی 60 كیلۆمەترە، بەڵام لەوە باشترە لە بازاڕدا گەنمەكە هەرزانفرۆش بكەن" بەوتەی سریان.
حكومەتی عیراق یەك تۆن گەنم بە 850 هەزار دینار لە جوتیاران وەردەگرێت بەڵام لە بازاڕدا بازرگانان یەك تۆن بە 650 هەزار دینار دەكڕنەوە.
رەفعەت سمۆ، یاریدەدەری پارێزگای نەینەوا بۆ كاروباری ئیداری بە (كەركوك ناو)ـی وت داوایان لە وەزارەتی بازرگانی كردووە، وادەی وەرگرتنی گەنم درێژ بكاتەوە، كە بڕیارە 8ـی تەمموز كۆتاییبێت، ئاماژەی بەوەشدا كێشەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی دەشتی نەینەوا، بە تایبەت ئەلقوش و شێخان چارەسەر كراوە، "بەردەوام لەسەر خەتین تا بڕی گەنمی وەرگیراو لە نەینەوا زیاتر بكرێت".
پارێزگای نەینەوا بە گشتی، بە ناوچەیەكی دەوڵەمەندی كشتوكاڵیی هەژماردەكرێت، كە بەپێی دەزگای ناوەندی ئامار، سەدا 40ـی دانیشتوانەكەی گوندنشینن و چاوەڕواندەكرێت ئەمساڵیش پارێزگاكە هاوشێوەی ساڵانی پێشوو لە بەرهەمهێنانی گەنم یەكەمی عیراق بێت.