پێشنیازدەكرێت پۆستی پارێزگاری دیالە دووساڵ بە دووساڵ لە نێوان دەوڵەتی یاسا و كوتلەی بەدر ئاڵوگۆڕی پێبكرێت، یەكێك لە ئەگەرەكانیش ئەوەیە بە یەك پاكێج مامەڵە لەگەڵ دۆسییەی یەكلاییكردنەوەی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق و پێكهێنانی هەردوو حكومەتی خۆجێی كەركوك و دیالە بكرێت.
هەرسێ پرسی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی دیالە، كەركوك و هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق، ئەو سێ پرسەن كە چەندین مانگە بە چەقبەستراوی ماوەتەوە و ناكۆكی قوڵ هەیە بۆ یەكلاییكردنەوەی.
ئەو پێشنیازە نوێیەی ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەنی دیالە دووساڵ بە دووساڵ، لەلایەن كوتلەی سیادە پێشكەشی لایەنە ناكۆكەكان كراوە، ئەو كوتلەیە كە خاوەنی سێ كورسییە لە كۆی 15 كورسی ئەنجومەنی پارێزگاكە، بۆ خۆی داوای پۆستی سەرۆكی ئەنجومەن دەكات.
فارس جبوری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە لە کوتلەی سیادە – خەمیس خەنجەر سەرۆكایەتی ئەو كوتلەیە دەكات لە عیراق- بە (کەرکوک ناو)ی وت "دۆخەکە هێشتا ئاڵۆزە، هەر لایەنە و پێداگری لەسەر کاندیدەکەی و داواکارییەکانی خۆی دەکات، کوتلەی بەدر و دەوڵەتی یاسا داوای پۆستی پارێزگار دەکەن، لەکاتێکدا حزبی تەقەدوم و سیادە داوای پۆستی سەرۆکی ئەنجومەن دەکەن".
"کوتلە سیاسییەکان ناتوانن قەیرانی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی دیالە چارەسەر بکەن، ئەگەر سازان و لێکتێگەیشتن دروستنەبێت لە نێوانیاندا"، جبوری وتی كە هەر بۆیە ئەوان ئەو پێشنیارە نوێیەیان – دووساڵ بە دووساڵ – پێشكەش كردووە.
کوتلە سیاسییەکان ناتوانن قەیرانی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی دیالە چارەسەر بکەن
سوننە و شیعەكان تەنانەت لەنێو خۆشیاندا كۆك نین و لە چەند مانگی رابردودا چەندجارێك دابەشبون بەسەر چەند هاوپەیمانی و بەرەیەكی جیاوازدا، بەڵام هیچ بەرەیەك نەیتوانیوە 50+1ی كورسییەكان مسۆگەربكات بۆ یەكلاییكردنەوەی پۆستی پارێزگار. بەو هۆیەوە هێشتا دانیشتنەكانی ئەنجومەن بە كراوەیی ماوەتەوە. لە كاتێكدایە لە 18ی كانونی یەكەمی ساڵی رابردووەوە هەڵبژاردن كراوە.
موسەنا تەمیمی، پارێزگاری پێشوی دیالە و سەرۆكی لیستی دیالەتنە وەتەنی، كە هێزی یەكەمی ئەنجومەنەكەیە بە چوار كورسی، پێاگری دەكات لەوەی پۆستی پارێزگاری دیالە بۆ خۆی بێت، ئەوەش لەكاتێكدایە هەریەك لە كوتلەی بەدر، كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات و دەوڵەتی قانون-یش بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی، سورن لەسەر ئەوەی پۆستەكە بۆ خۆیان بێت.
ئەوەی رونبۆتەوە ئەوەیە سوننەكان كە حەوت كورسی ئەنجومەنەكەیان هەیە رەزامەندبون بەوەی پۆستی پارێزگار بۆ شیعە بێت و سەرۆكی ئەنجومەن بۆ ئەوان بێت. بەڵام نە شیعە لەسەر كاندیدێك بۆ پارێزگار یەكلابونەتەوە، نە سوننەش لەسەر كاندیدی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەن رێكدەكەون.
ئەحمەد جەسام، سەرۆکی دامەزراوەی نور جامیعە كە رێکخراوێکی ناوخۆییە و چاودێری دۆخەكە دەكات، بە (كەركوك ناو)ی وت "هەردوو بەرەی ناو ئەنجومەنەکە بیر لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکەنەوە و پێداگریی لەسەر داواکارییەکانیان دەکەنەوە، ئەگەر بەدوای خاڵی هاوبەشدا نەگەڕێن و دانیشتنێک سازنەکرێت بۆ تواندنەوەی بەستەڵەکی نێوان لایەنە جیاوازەکان، ئەوا زەحمەتە حکومەتی خۆجێیی پێکبهێنرێت".
هەردوو بەرەی ناو ئەنجومەنەکە بیر لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکەنەوە
"حزبە سیاسییەکانی سەر بە چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەغدا، بە تایبەتی بەدر و دەوڵەتی قانون بارودۆخەکەیان لە دیاله ئاڵۆزکرد، چونكە پێیانباش بوو دۆسییەی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی دیالە دوابخرێت تا یەکلاییکردنەوەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران و رونبونی لێکتێگەیشتنی نێوان کوتلەکان".
ئەحمەد جەسام، زیاتر وتی "پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی لە دیالە لەلایەکی ترەوە پەیوەستە بە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک، بەپێی لێکتێگەیشتنی نێوان کوتلەکان، هەرکات سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکومەتی خۆجێی کەرکوك یەکلاییبۆوە، ئەوا گفتوگۆی نێوان کوتلە براوەکانی ئەنجومەنی دیالەش دەستپێدەكاتەوە و ئەوکات دەکرێت حکومەتی دیاله پێکبهێنرێت".
پێشتر چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان، داوای کردبوو پارێزگای دیاله بەپێی خاڵەکان، پشکی هاوپەیمانی دەوڵەتی قانون بێت، ئەوەش دوای ئەوەی پارێزگای دیوانییە بۆ کوتلەی بەدر بوو.
کوتلەی دەوڵەتی قانون چەند کاندیدێکی بۆ پۆستی پاریزگاری دیالە دەستنیشانکردووە دوایینیان وەزاح تمیمی و رەسول عەتبی بون، بەڵام هیچکامیان نەیانتوانی دەنگی کوتلە سیاسییەکانی ناو ئەنجومەن مسۆگەر بکەن.
ئەحمەد موسەوی، ئەندامی ئەنجومەنی نوینەرانی عیراق لە کوتلەی سادیقون کە هاوكات سەرۆکایەتی کوتلەی ئیستیحقاق دیاله دەکات، یەكێكە لەو لایەنەی بەتوندی دژایەتی دانانەوەی موسەنا تەمیمی، پارێزگاری پێشوی دیالەیە لەو پۆستە و وتی "گفتوگۆکان بەردەوامن لە نێوان کوتلەکان بۆ لابردنی ناکۆکییەکان و قایلکردنیان بە پێشکەشکردنی کاندیدێکی نوی بۆ پۆستی پارێزگار".
موسەوی بە (کەرکوک ناو)ی وت "ئیستا لە نوێترین هەوڵماندا هاوپەیمانییەکمان دروستکردووە كە لە هەشت ئەندام پێكدێت و نوێنەرایەتی پێنج کوتلە و حزبی جیاوازی پارێزگاکە دەكات، گفتوگۆکانیشمان بەردەوامە بۆ پەلکێشکردنی ئەندامێکی تر بۆ ئەوەی زۆرینەی رەها دروستبکەین و بتوانین حکومەتی خۆجێیی دیالە پێکبهێنین".
لە نوێترین هەوڵماندا هاوپەیمانییەکمان دروستکردووە كە لە هەشت ئەندام پێكدێت
پێكنەهێنانی حكومەتی دیالە لەكاتێكدایە لە یاسای پارێزگاكاندا هاتووە؛ ئەنجومەن دەبێت لە ماوەی 30 رۆژدا، لە رۆژی دەستپێكردنی یەكەم دانیشتنیەوە، پارێزگار و دوو جێگرەكەی هەڵبژێرێت. یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە لە 5ـی شوباتی ئەمساڵ كرا، لەوكاتەوە نە سەرۆكی ئەنجومەن و نە پارێزگار هەڵنەبژێردراون.
ئەحمەد موسەوی، وتی "لەم ماوەیە کۆبونەوەیەکی گرنگ لە نێوان حزبە سیاسییەکان بەڕێوەدەچێت و چاوەڕێین دەرئەنجامی گرنگی هەبێت کە رەنگبداتەوە لەسەر دۆخی پارێزگاکە، دواتریش وادەی دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەن و پارێزگار دیاری دەکەین".