پێنج مانگە لایەنەكانی دیالە سەرقاڵی دانوستانن، بەبێ ئەوەی بتوانن تەنیا پۆستێك لە ئیدارەی پارێزگاكە یەكلاییبكەنەوە، كە نوێترینیان شكستی هەوڵەكانی سونە بوو بۆ دانانی پارێزگار دوابەدوای شكستهێنانی پێشتری لایەنەكانی شیعە.
سونەكانی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، لە نیسانی ئەمساڵ هاوپەیمانییەكیان بەست تا پێش كۆتایی هەمان مانگ پۆستی پارێزگار یەكلاییبكەنەوە، بەڵام بەڵێنەكانیان نەبردە سەر و هێشتا ئیدارەی نوێی خۆجێیی پێكنەهێنراوە، لەكاتێكدا چوار مانگە یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەن كراوە و زیاتر لە پێنج مانگیش بەسەر هەڵبژاردنەكەدا تێپەڕبووە.
فارس مزاحم، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە لە لیستی سیادە بە (كەركوك ناو)ـی وت "وەكو سونە لە رابردوو رێككەوتین رەعد دەهلەکی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران ببێتە کاندیدی لایەنە سونەکان بۆ پۆستی پارێزگار، لەحاڵەتێکیشدا ئەگەر پۆستی پارێزگار بۆ سونە نەبوو، ئەوا دوو کاندیدمان هەیە بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەن کە بریتین لە عومەر کروی و نزار لهێبی".
سونەكان دوو مانگ لەمەوبەر جەختیانكردەوە پێش كۆتایی نیسانی 2024 پارێزگار دادەنێن، ئەوەش دوابەدوای پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی نوێ تەنیا لە كوتلە سونەكانی ئەنجومەنی پارێزگا، كە پێكهاتون لە تەقەدوم، سیادە و عەزم، پێكەوە خاوەنی حەوت كورسین لە كۆی 15 كورسی، كە پێشتر ئەنجومەن دوو بەرەی هەشت بەرانبەر حەوت ئەندام بون، هەر بەرەیەكیش تێكەڵەیەك بوون لە ئەندامانی سونە و شیعە.
هاوپەیمانێتییەكان بەردەوام لە گۆڕانكاریدان و بەوتەی فارس مزاحم، ئێستا دابەشكارییەكە بەوشێوەیەیە كە پێنج ئەندامی ئەنجومەن لە سونە، لە چوارچێوەی یەك هاوپەیمانێتیدان و "كۆكین لەسەر پرسەكانی تایبەت بە پێكهێنانی حكومەتی دیالە".
پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی دیالە بە ئاستێک چەقی بەستووە بە دەستپێشخەری چارەسەر نابێت
لە سەرەتای دانوستانەكانەوە تا نیسانی ئەمساڵ، بەپێی رێككەوتنی سەرەتایی ناو ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا، بڕیاربوو پۆستی پارێزگار و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ شیعە بێت، لە بەرانبەردا پۆستی سەرۆكی ئەنجومەن و جێگری پارێزگار بۆ كاندیدی سونە بێت، بەڵام دواتر داواكاری سونەكان بۆ پۆستی پارێزگار، ئەو سیناریۆیەی گۆڕی.
عەلی حەجییە، چاودێری سیاسی لە دیالە كە چاودێری دانوستانەكانی پێكهێنانی ئیدارەی پارێزگاكە دەكات، بە (كەركوك ناو)ـی وت "دیارە ئێستا گرفتی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی دیالە بە ئاستێک چەقی بەستووە بە دەستپێشخەری چارەسەر نابێت، چونکە کاریگەری بەرژەوەندی شەخسی و سیاسی حزبەکان زاڵ بووە بەسەر بارودۆخەکەدا"، ئەو دەڵێت پێشتر ئەزمونی هەبووە لە دەستپێشخەری بۆ كۆكردنەوەی لایەنە ناكۆكەكان و چارەسەری كێشەكان.
حەجییە لە نامەیەكی كراوەدا لە ڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، بانگەوازی لە لایەنەكانی ئەنجومەنی پارێزگا كردووە، لە ماڵەكەی ئەو لە بەغدا كۆببنەوە و بگەنە رێككەوتن، "بەڵام تەنیا نوێنەرانی عەسائیب ئەهلحەق بەدەم بانگهێشتنامەكەوە هاتن".
پێكنەهێنانی حكومەتی دیالە لەكاتێكدایە لە یاسای پارێزگاكاندا هاتووە؛ ئەنجومەن دەبێت لە ماوەی 30 رۆژدا، لە رۆژی دەستپێكردنی یەكەم دانیشتنیەوە، پارێزگار و دوو جێگرەكەی هەڵبژێرێت. یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە لە 5ـی شوباتی ئەمساڵ كرا، لەوكاتەوە نە سەرۆكی ئەنجومەن و نە پارێزگار هەڵنەبژێردراون.
ئەوس ئیبراهیم، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە لە پشكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە (كەركوك ناو)ـی وت "بەهۆی ناکۆکی سیاسی لەسەر ئاستی سونە و شیعە، هەروەها لەسەر ئاستی نێوخۆیی پێکهاتەکان، کێشە و بەربەست دروست بووە بۆ پێکهێنانی حکومەتی دیالە".
لایەنی كوردی تەنیا یەك كورسی لە ئەنجومەنی پارێزگا هەیە، ئەویش ئەوس ئیبراهیم-ـە، كە دەڵێت "بەسیاسەتی مام جەلال مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە دەکەین و نامانەوێت ببین بە بەشێک لە ناکۆکییەکان، هەمیشە هەوڵمانداوە لایەنە ناکۆکەکان لە یەكتری نزیک بکەینەوە".
هەروەها رونیكردەوە، لە كاتێكدا دەوڵەتی یاسا وەكو شیعە پۆستی پارێزگار بە مافی خۆی دەزانێت و سونەكانیش داوای هەمان پۆست دەكەن.
لایەنی شیعە، كە حەوت ئەندامیان هەیە لە ئەنجومەنی پارێزگا، لەناوخۆیاندا دەربارەی كاندیدی پۆستی پارێزگا كۆكنەبون؛ تائێستاش موسەننا تەمیمی، پارێزگاری ديالە و سەرۆكی هاوپەیمانی دیالەتنا وەتەنی، كە چوار كورسی ئەنجومەنەكەی بردووە و تەنیا خۆی بە 42 هەزارو 812 دەنگ، دەنگی یەكەمی پارێزگاكەی بەدەستهێناوە، سورە لەسەر ئەوەی پۆستی پارێزگار وەربگرێتەوە.
لە ماوەكانی رابردوشدا لایەنگرانی موسەننا تەمیمی و عەشیرەتی بەنی تەمیم، كە هەژمونیان هەیە، لە شارە جیاوازەكانی دیالە خۆپیشاندانیان كرد و داوای دانانەوەی ناوبراویان كرد وەكو پارێزگا.
دەبێت کاندیدێکی سازان هەڵبژێرین بۆ پۆستی پارێزگار کە لای زۆرینەی لایەنەكان قبوڵکراو بێت
توركی جەدعان، كە سەرۆكی بە تەمەنی ئەنجومەنی پارێزگای دیالەیە، وازی لە فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا-ـی شیعە هێنا و بڕیاریداوە بە ئەندامی سەربەخۆی ئەنجومەن بمێنێتەوە، دەڵێت "گەورەترین زەرەرمەند هاوڵاتییە و لە ئەنجامدا بەرپرسیارێتی لە ئەستۆی ئێمەیە"، ئەوەش لە پەیامێكیدا هات بۆ ئەندامانی ئەنجومەن لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردەوە.
جەدعان نوسیویەتی "با چاوەڕێی بڕیارەکانی بەغدا نەکەین، چونکە بڕیارەکانی بەغدا بەستراوەتەوە بە شایستەیی لایەنەکان لە پارێزگارەکانی دیکە و دەبێت ئێمەش کاندیدێکی سازان هەڵبژێرین (بۆ پۆستی پارێزگار) کە لای زۆرینەی لایەنەكان قبوڵکراو بێت".
سێ كوتلە سەرەكییەكەی سونە (سیادە، تەقەدوم و عەزم)، پێشتر بڕیاریاندا لە هیچ كۆبونەوەیەكی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگادا بەشدارنەبن، ئەگەر پۆستی پارێزگار لە پێكهاتەی ئەوان نەبێت.
ئەندامەكەی ئەنجومەن لە لیستی سیادە وتی "کێشەو دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی دیالە پەیوەستە بە ناکۆکییە سیاسیەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتی پارێزگای کەرکوك، كە كاریگەرییان هەبووە لەسەر دابەشكردنی پۆستەكانی دیالە، هەوڵەكان بەو ئاڕاستەدایە تا كۆتایی ئەم هەفتەیە چارەنوسی حكومەتی دیالە یەكلاییبكرێتەوە".
پۆستی سەرۆكی پەرلەمان چەند مانگێكە بەهۆی ناكۆكی نێوان سونەكانەوە پڕنەكراوەتەوە و دانوستانەكانی ئیدارەی پارێزگای كەركوكیش تائێستا ئەنجامی نییە.
عەلی حەجییە دەڵێت "دەستتێوەردانی گەورە" هەیە لەڕێی سەرۆکی هاوپەیمانییە سیاسییەکان و پەرلەمانتارانەوە دەربارەی پێكهێنانی ئیدارەی دیالە، بۆیە داوادەكات لە سیاسییەكان دەكات، "ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا ئازاد بكەن و با ئەوان ئیدارەكە پێكبهێنن بەوپێیەی سەركردە سیاسییەكان لەو هەنگاوەدا شكستیانهێناوە".