گروپی عەرەبی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، جەخت لە وەرگرتنی پۆستی پارێزگار دەكەنەوە و ئامادەی سازش نین، ئەوەش دوای پێداگری حزبە كوردییەكان لەسەر هەمان پۆست دێت.
پەیامەكەی گروپی عەرەبی لە چوارچێوەی بەیاننامەیەكی رۆژنامەوانیدا هات، كە 22ـی تەمموز بە گرتەیەكی ڤیدیۆیی بۆ رایگشتی بڵاویانكردەوە و بە بەشداری شەش ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا لە كوتلەكانی هاوپەیمانی عەرەبی، قیادە و عروبە.
"پێداگری لەسەر مانەوەی پۆستی پارێزگار بە دەست عەرەبەوە دەكەین، وەكو نوێنەرانی شەرعی پێكهاتەی عەرەبی، كە شەش ئەنداممان هەیە و پێشتر وەكو گەورەترین كوتلەی ناو ئەنجومەن رامانگەیاندووە، لەسەر ئەو بنەمایەش ئامادەین بۆ گفتوگۆ لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكەی پارێزگاكە" بەپێی بەیاننامەیەكی گروپی عەرەبی لە ئەنجومەنی پارێزگا.
هەروەها بانگەشەی ئەوە دەكەن لە ساڵانی رابردوودا، كاتێك پۆستی پارێزگار بەدەست پێكهاتەی عەرەبەوە بووە، "پارێزگاكە لەروی ئەمنیی و سەقامگیریی و ئاوەدانییەوە بوژاوەتەوە، هەر ئەوەش پاڵنەرە تا سوربن لەسەر وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگار"، هەروەك لە بەیاننامەكەدا هاتووە.
ئەو پێداگرییە دوای رۆژێك دێت لە كۆبونەوەی زۆرینەی حزبە كوردییەكان لە كەركوك، لە نێویاندا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كە پێكەوە خاوەنی حەوت كورسین لە ئەنجومەنی پارێزگا و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، بە ناوی هەموو حزبەكانەوە جەختیانكردەوە لەوەی "پۆستی پارێزگار پشكی كوردە و دەبێت كورد بێت".
پۆستی پارێزگاری كەركوك، لە كۆتاییەكانی ساڵی 2003ـەوە تا ئۆكتۆبەری 2017 بە دەست كوردەوە بووە، دواتر كەوتۆتەوە دەستی عەرەب و لەوكاتەوە تائێستا بە وەكالەت پۆستەكە بەڕێوەدەبەن.
حزبە كوردییەكانی كەركوك، لە بەیاننامەی كۆبوونەوەكەی 21ـی تەمموز كە لە بارەگای كۆمەڵی دادگەری بەڕێوەچوو، داوا لە لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگا دەكەن، "بە زوترین کات حکومەتی خۆجێیی پێکبهێنن".
یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵبژێردراوی كەركوك، دوای نزیكەی حەوت مانگ لە هەڵبژاردن، 11ـی تەمموزی ئەمساڵ بەڕێوەچوو و بەپێی یاسا لەوكاتەوە، مۆڵەتی 30 رۆژ لە بەردەم كوتلەكاندایە بۆ یەكلاییكردنەوە و هەڵبژاردنی پۆستەكانی سەرۆكی ئەنجومەن و جێگرەكەی لەگەڵ پارێزگار و دوو جێگرەكەی.
ئەوەش لە كاتێكدایە هێشتا كوتلەكان نەگەیشتوون بە هیچ رێككەوتنێك لەسەر پۆستەكان، جگە لە عەرەب و كورد، پێكهاتەی توركمانیش دەیانەوێت پۆستەكان ب خولی بێت و لە نێوان هەرسێ پێكهاتەكەدا لە چوار ساڵی تەمەنی ئەنجومەندا ئاڵوگۆڕیان پێبكرێت.
ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە 16 ئەندام پێكهاتووە، كورد حەوت كورسی هەیە (5 یەكێتی و 2 پارتی)، عەرەب شەش كورسی هەیە (هاوپەیمانی عەرەبی كەركوك 3، قیادە 2، هاوپەیمانی عروبە 1)، بەرەی توركمانی دوو كورسی و كریستیانەكانیش كورسییەكی كۆتایان هەیە، پێویستە لانیكەم 9 ئەندام ئامادەبن بۆ یەكلاییكردنەوەی هەر پۆستێك.