چارەنوسی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك نادیارە
راكان جبوری بێدەنگی دەشكێنێت: سازش لە پۆستی پارێزگار ناكەین

راكان جبوری، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت و لە پشتیەوە هۆڵی كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دیزاینی وێنە: كەركوك ناو

عەبدوڵا سەباح

راكان جبوری، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت ئاشكرایكرد هەریەك لە عەرەب و كورد ئامادەنین سازش لە وەرگرتنی پۆستی پارێزگار بكەن، لەكاتێكدا هێشتا پێشنیازی توركمانەكانیش وەك خۆیەتی بۆ دەستاودەستكردنی پۆستەكان لە نێوان هەرسێ پێكهاتەكەدا.

ناكۆكی نێوان كوتلەكانی عەرەب، كورد و توركمان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، وایكردووە هیچ وادەیەك بۆ یەكەم دانیشتنی ئەنجومەن دیار نەبێت، سەرباری تێپەڕبونی نزیكەی حەوت مانگ بەسەر هەڵبژاردندا.

راكان جبوری، كە هێشتا لە پۆستی پارێزگاردایە و خاوەنی زۆرترین دەنگی بەدەستهاتوی نێو كوتلەكانی عەرەبی كەركوكە، بە (كەركوك ناو)ـی وت كە نزیكی ئەنجامی دەنگدانی كوتلەكان وایكردووە هەریەك لە پێكهاتەی عەرەب و كورد پێداگری لەسەر پۆستی پارێزگار بكەن و سازشی لێنەكەن.

لە 15 پارێزگاكەی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵی، تەنیا كەركوك و دیالە بەهۆی ناكۆكییەكانەوە ئیدارەی نوێی خۆجێیان پێكنەهێناوە و لە دوایین كۆبونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەت لە 1ـی تەمموز -پێكدێن لە لایەنە سەرەكییە بەشداربوی حكومەت لە عەرەب و كورد و توركمان-، جەختیانكردەوە لە گرنگی پێكهێنانی حكومەتی هەردوو پارێزگاكە.

 راكان سەعید جبوری كە دوای روداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری 2017 بەبڕیاری حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی ئەوكات راسپێردرا بۆ بەڕێوەبردنی پۆستی پارێزگار و پێشتر جێگری پارێزگار بوو، دەڵێت هێشتا پێشنیازی توركمان ماوەتەوە كە دەیانەوێت پۆستەكە لە نێوان هەرسێ پێكهاتەكەدا دەستاودەست بكات، واتە هەر دوو ساڵێك بۆ پێكهاتەیەك، بەڵام رێككەوتن لەسەر ئەو پێشنیازە نەكراوە، "بەدوری دەزانین لە ماوەی نزیكی داهاتوودا حكومەتی ناوخۆی كەركوك پێكبهێنرێت".

بەدوری دەزانین لە ماوەی نزیكی داهاتوودا حكومەتی ناوخۆی كەركوك پێكبهێنرێت

ئەنجومەنی پارێزگا بەپێی یاسا دەبوو تا 6ـی شوباتی ئەمساڵ یەكەم دانیشتن بكات و پۆستەكانی سەرۆكی ئەنجومەن و جێگری سەرۆك یەكلاییكاتەوە، تا دواتر و لە ماوەی 30 رۆژدا، پارێزگار و دوو جێگرەكەشی هەڵبژێرن.

سەركردایەتییەكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە 29ـی ئایاری رابردوو ئاشكرایكرد رەزامەندییان نیشانداوە لەسەر دەستاودەستیی پۆستی پارێزگار بۆ دوو ساڵ لە نێوان ئەوان و عەرەبدا ئەوەش "لە پێناو كەركوكدا"، بە مەرجێك دوو ساڵی یەكەم بۆ كوردێك بێت لە یەكێتیی، بەڵام "پرۆسەكەیان تێكدا و گەڕاینەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەمی گفتوگۆكان" وەك ئاماژەیەك بۆ ناڕەزایی عەرەب كە ئەوانیش دوو ساڵی یەكەمی پۆستەكەیان دەوێت نەك دوو ساڵی دوەم.

لە 21ـی شوباتی رابردوودا محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق سەرپەرشتی یەكەم كۆبونەوەی كوتلە براوەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكی كرد بۆ ئامادەكردنی پرۆژەی پێكهێنانی ئیدارەی خۆجێیی، لەوكاتەوە سێ كۆبونەوە كراوە، دوایینیان لە مانگی ئایاردا بوو، بەڵام چارەنوسی رێككەوتنی كوتلەكان بە نێوەندگیری سودانی نادیارە.

بەوتەی راكان جبوری، دەستتێوەردانی سەرۆك وەزیران هەنگاوێكی گرنگ بوو بۆ چارەسەری ئەو كێشە و بەربەستانەی دەكەونە بەردەم ئەنجومەن، دوای ئەوەی وەرەقەی رێككەوتنی سیاسی خستە بەردەم كوتلەكان تا وادەیەكی دیاریكراو بۆ ئەنجامدانی یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەن دابنێن.

نەتەوەی كورد بە حەوت كورسییەوە، لە نێویاندا یەكێتیی كە پێنج كورسی هەیە پۆستی پارێزگار بە مافی خۆی دەزانێت، لە كاتێكدا نەتەوەی عەرەب (شەش كورسی) و بە دیاریكراوی هاوپەیمانی عەرەبی كە راكان سەعید سەرۆكایەتی دەكات و سێ كورسییان مسۆگەر كردووە، هەوڵدەدەن پۆستەكە لای ئەوان بمێنێتەوە.

andamani anjuman
ئەندامانی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك

قەحتان وەنداوی، سەركردە لە بەرەی توركمانی بە (كەركوك ناو)ـی وت "هەموو پێكهاتەكانی كەركوك تائێستا نەگەیشتوون بە چارەسەرێك بەهۆیەوە ئەنجومەنی پارێزگا یەكەم كۆبوونەوە بكات".

توركمان بە رەسمی پڕۆژەی خۆی بۆ پێكهێنانی ئیدارەی كەركوك بڵاوكردۆتەوە بۆ ئاڵوگۆڕی پۆستە باڵاكان، بۆ نمونە دەیەوێت پۆستی پارێزگار لەو چوار ساڵەدا سێجار ئاڵوگۆڕی پێبكرێت لە نێوان كورد و عەرەب و توركماندا، لە چەند ساڵی رابردوشدا بەردەوام خواستی خۆیان بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگار نیشانداوە.

"توركمان پێداگرە لەسەر پێشنیازەكەی بۆ ئاڵوگۆڕ و دەستاودەستیی پۆستەكە (پارێزگار) و لەو چوارچێوەیەدا بەدوای چارەسەر و رێككەوتندا دەگەڕێن" وەنداوی وادەڵێت.

ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە 16 ئەندام پێكهاتووە، كورد حەوت كورسی هەیە (5 یەكێتی و 2 پارتی)، عەرەب شەش كورسی هەیە (هاوپەیمانی عەرەبی كەركوك 3، قیادە 2، هاوپەیمانی عروبە 1)، بەرەی توركمانی دوو كورسی و كریستیانەكانیش كورسییەكی كۆتایان هەیە، پێویستە لانیكەم 9 ئەندام ئامادەبن تا یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەن بكرێت.

پەروین فاتح، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەرۆكی بە تەمەنی ئەنجومەن، بۆ (كەركوك ناو) جەختیكردەوە پۆستی پارێزگار بە شایستە و بەركەوتەی كورد دەزانن بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن، سەرباری ئەوەش كورد دژی دابەشكردنی دەسەڵاتەكان نییە، بەڵكو ئامادەن بۆ بەشدارپێكردنی لایەنەكانی دیكە لە پۆستەكانی تر "بە مەرجێك پۆستی پارێزگار بۆ كورد بێت".

توركمان پێداگرە لەسەر پێشنیازەكەی بۆ ئاڵوگۆڕ و دەستاودەستیی پۆستی پارێزگار

لەسەر پۆستە باڵاكانی كەركوك و دابەشكاری دەسەڵات، لەناو حزبەكانی یەك نەتەوەشدا، بەردەوام ململانێ و ناكۆكی لە رابردودا هەبووە، یه‌كێتیی و پارتی، لە 2017ـەوە تا تەموزی 2019 لە مشتومڕ و ناكۆكییدا بون، بەهۆیەوە نەیانتوانی پۆستی پارێزگار وەربگرنەوە.

حەسەن شێخانی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک وتی "پێویستە بەم زوانە کۆبونەوە ئەنجامبدەین، چونکە پارێزگاریش خانەنشین دەکرێت و پێویستە پارێزگارێکی تازە لە شوێنی ئەو دابنرێت" بەپێی میدیای حزبەكەی.

دەسەڵات لە كەركوك بەپێی نوێنەرایەتیكردنێكی دادپەروەرانە دابەشدەكرێت، كە زامنی بەشداریكردنی پێكهاتەكانی پارێزگاكە بكات بەدەر لەئەنجامی هەڵبژاردنەكان، وەكو لە ماددەی 35ـی تایبەت بە پارێزگای كەركوك هاتووە لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ژمارە 12ـی ساڵی 2018ـی هەمواركراو.

ئەگەر ئەو بڕگە یاساییەش نەبوایە، حزبەكانی سەر بە هیچ نەتەوەیەكی كەركوك، بەشی پێویست كورسییان نییە بتوانن پۆستەكانی ئیداری نوێی خۆجێی لە ئەنجومەندا بە تەنیا یەكلاییبكەنەوە، چونكە پۆستە باڵاكان بە تایبەت پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەن و جێگرەكانیان، بە زۆرینەی رەهای دەنگی ئەندامان، كە مەبەست لێی (50 + 1)-ــە هەڵدەبژێردرێن، واتە لە 16 ئەندامەكەی ئەنجومەنی كەركوك دەبێت دەنگی نۆ ئەندام بەدەستبهێنن.

قەحتان وەنداوی دەڵێت "سەرباری بەردەوامی كۆبونەوەكان و نزیكبونەوەی بۆچوونەكان لەنێوان بەرەی توركمانی و كوتلەكانی دیكەدا، بەڵام هێشتا مشتومڕی پۆستی پارێزگار یەكلانەبۆتەوە، بۆیە پێشبینی دەكەین تا ماوەیەكی دودرێژتر حكومەتی خۆجێیی كەركوك پێكنەهێنرێت".

sudani.kirkuk
بەغدا/ ئایاری 2024/ كۆبونەوەی ئیدارەدانی كەركوك بە سەرۆكایەتی سودانی فۆتۆ: راگەیاندنی سەرۆك وەزیران

بڕگەیەك لە كارنامەی حكومەتی عیراق بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، كە ساڵی 2022 پەرلەمان پەسەندیكرد، تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەگەڵ پارێزگاكانی دیكەی عیراق. بەوپێیەی كەركوك تەنیا لە 2005 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی تێدا كراوە و لەوكاتەوەدا بەهۆی ناكۆكی نێوان حزبەكانەوە، لەو مافە بێبەش بووە.

دەیان پۆستی باڵای ئیداری لە پارێزگای كەركوك بڕیارە جارێكیتر لە نێوان پێكهاتەكاندا دابەشبكرێن، كە ئێستا زۆرینەیان بە وەكالەت بەڕێوەدەبرێن، لەو پۆستانە سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا و جێگرەكەی، پارێزگار و دوو جێگر و یاریدەدەرەكانی، چوار قایمقام و 16 بەڕێوەبەری ناحیە و چەندین بەڕێوەبەری گشتی هەن.

لە دوای ساڵی 2003ــەوە لەسەر بنەمای پرۆژەیەكی جەلال تاڵەبانی، سەرۆك كۆماری پێشوتری عیراق و سكرتێری پێشوی كۆچكردوی یەكێتیی، پۆستە ئیدارییەكانی كەركوك بەڕێژەی لەسەدا 32 بۆ هەریەك لە پێكهاتەكانی كورد، عەرەب‌ و توركمان دیاریكرا، لەگەڵ سەدا چوار بۆ كریستیان. پڕۆژەكە لە تەمموزی 2009ـدا لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، رێككەوتنی لەسەر كرا، هەرچەندە ئەو رێككەوتنەش شۆڕنەبۆوە بۆ پۆستەكانی خوارەوە.

پێشتر و له‌ سه‌رده‌می رژێمی به‌عسدا، زوربه‌ی جومگه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئیداره‌دان و حوكمڕانی له‌ كه‌ركوك به‌ده‌ست پێكهاته‌ی عه‌ره‌به‌وه‌ بوو، ‌بێ هیچ هه‌ڵبژاردنێك، له‌ دوای 2003یشه‌وه‌، كورد له‌ ترۆپكی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردندا بوو تا 2017.

یەكەم پارێزگاری كەركوك، دوای هەڵبژاردنی 2005ـی ئەنجومەنی پارێزگا، عه‌بدولڕه‌حمان مسته‌فا بوو له‌ پشكی كورد، دواتر و له‌ ساڵی 2011دا نه‌جمه‌دین كه‌ریم، له‌لایه‌ن هه‌مان ئه‌نجومه‌نه‌وه‌ وه‌ك پارێزگار له‌ پشكی كورد/ یه‌كێتیی هه‌ڵبژێردرا، دوای شه‌ش ساڵ به‌بڕیاری په‌رله‌مانی عیراق له‌ پۆسته‌كه‌ی دورخرایه‌وه.

ته‌واوی پارێزگای كه‌ركوك (دانیشتوانەكەی زیاتر لە ملیۆنێك و 770 هەزار كەسە)، ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی چاره‌نوسیشی له‌ چوارچێوه‌ی مادده‌ی 140ـی ده‌ستوردایه‌ له‌ڕێی سێ قۆناغی ئاساییكردنه‌وه‌، سه‌رژمێری و راپرسی.

 

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT