كوتلە براوەكانی هەڵبژاردنی كەركوك، لەسەر پێشنیازێكی هاوبەش بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی رێكنەكەوتون و هەریەكێكیان بە جیا پێداگری لەسەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگار دەكەن، لەكاتێكدا ماوەی یاسایی تێپەڕیوە و مۆڵەتەكەی سەرۆكوەزیرانیش بەرەو كۆتایی دەڕوات.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق 21ـی شوبات سەرپەرشتی كۆبونەوەیەكی هەموو كوتلە براوەكانی كەركوكی كرد و مۆڵەتی تا 3ـی ئاداری ئەمساڵی دیاریكرد، تا پێشنیاز و داواكارییەكانی بۆ پێكهێنانی ئیدارەی نوێی پارێزگاكە ئامادە بكەن، بە ئامانجی پێكهێنانی حكومەتێكی خۆجێیی هاوبەش.
تائێستا و بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، زیاتر لە سێ پێشنیازی جیاواز بۆ دابەشكردنی پۆستە باڵاكانی كەركوك هەن و بە نارەسمی لە نێوان لایەنەكانی گفتوگۆی لەسەر كراوە.
نەشئەت شاهوێز، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە كوتلەی یەكێـتیی نیشتمانیی كوردستان بە (كەركوك ناو)ـی وت "بڕیارە کۆبونەوەی داهاتوی لایەنەکان لەگەڵ سودانی، لە 3ـی ئادار بكرێت و هەر لایەنێك پڕۆژەی خۆی ئامادە بكات"، ئەو دەڵێت یەكێتیی پڕۆژەكەی ئامادە دەكات و لەگەڵ ئەوەدان، بە زویی ئیدارەی نوێ پێكبێت.
"هەموان پەرۆشین بۆ یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەن، بەڵام دونیابینی جیاوازمان هەیە".
چڕبونەوەی كۆبونەوە و هەوڵەكانی سودانی دوابەدوای ناكۆكی نێوان كوتلەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك هات، كە بەهۆیەوە تائێستا هیچ دانیشتنێكی ئەنجامنەداوە و پێكهێنانی ئیدارەی نوێ پەكیكەوتووە، هەرچەندە بەپێی یاسا دەبوو تا 6ـی شوبات یەكەم دانیشتن بكات و پۆستەكانی سەرۆكی ئەنجومەن و جێگری سەرۆك هەڵبژێرن.
هەر بەپێی یاسای پارێزگاكان لە عیراق ژمارە 21ـی ساڵی 2008ـی هەمواركراو، ئەنجومەن دەبێت لە ماوەی 30 رۆژدا، لە رۆژی دەستپێكردنی یەكەم دانیشتنیەوە، پارێزگار و دوو جێگرەكەی هەڵبژێرێت.
محەمەد ئیبراهیم، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە کوتلەی قیادە بە (كەركوك ناو)ـی وت "بێگومان دابەشکردنی پۆستەکان دەبێت بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بێت لەسەر بنەمای ئەنجامی هەڵبژاردن".
یەكێك لەو پێشنیازانەی بۆ پێكهێنانی ئیدارەی كەركوك باسدەكرێت، پێدانی پۆستی پارێزگارە بە كورد و لە نێو كورددا بۆ یەكێتیی، هەروەها پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا بە عەرەب و لە نێویاندا بۆ هاوپەیمانی عەرەبی بێت بە سەرۆكایەتی راكان جبوری، لە پۆستەكانی دیكەی جێگرانی پارێزگار، جێگری سەرۆكی ئەنجومەن و قایمقامی ناوەندی كەركوك، كاندیدی توركمان و پارتی لە پێشتر بن، ئەمە زیاتر وەكو پێشنیازی كورد دەردەكەوێت.
"وەک یەکێتیی لەگەڵ تەوافوقێکی شەراکەتین کە هیچ پێکهاتەیەک پەراوێز نەخرێت، بەڵام پرسی پۆستەکان ئەمە دەستکەوتی ئەنجامی هەڵبژاردنە، بۆیە بە شایستەی خۆمان دەزانین پۆستی پارێزگار بۆ یەکێتی بێت کە زۆرترین دەنگی هێناوە" نەشئەت شاهوێز، وای وت.
لەسەر پۆستە باڵاكانی كەركوك و دابەشكاری دەسەڵات، لەناو حزبەكانی یەك نەتەوەشدا، بەردەوام ململانێ و ناكۆكی لە رابردودا هەبووە، یهكێتیی و پارتی، لە 2017ـەوە تا تەموزی 2019 لە مشتومڕ و ناكۆكییدا بون، بەهۆیەوە نەیانتوانی پۆستی پارێزگار وەربگرنەوە.
شۆخان حەسیب، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە كوتلەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت "دەمانەوێت پۆستی پارێزگار بۆ کوردێکی بێلایەن و دڵسۆزبێت کە خەمخۆری کەرکوک بێت"، دەربارەی پۆستەكانی دیكەش وەك شۆخان بە (كەركوك ناو)ـی وت، هێشتا گفتوگۆی كوتلەكان بەردەوامە و لە كۆبونەوەی داهاتودا، هەر لایەنێك پرۆژەی خۆی دەخاتەڕوو.
نەتەوەی كورد بە حەوت كورسییەوە، لە نێویاندا یەكێتیی كە پێنج كورسی هەیە پۆستی پارێزگار بە مافی خۆی دەزانێت، لە كاتێكدا نەتەوەی عەرەب (شەش كورسی) و بە دیاریكراوی هاوپەیمانی عەرەبی كە راكان سەعید سەرۆكایەتی دەكات و سێ كورسییان مسۆگەر كردووە، هەوڵدەدەن پۆستەكە لای ئەوان بمێنێتەوە.
پێشنیازێكی دیكە بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی كەركوك، كە عەرەب پشتگیری دەكات، هەریەك لە پۆستەكانی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەن لە دوو ساڵدا ئاڵوگۆڕ بكرێن، واتە دوو ساڵ پۆستی پارێزگار بۆ كورد و دوو ساڵیش بۆ عەرەب، بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنیش بە هەمانشێوە، ئەوكات پۆستی جێگرانی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەن بەپێی ئەو ئاڵوگۆڕە دەگۆڕدرێن.
محەمەد ئیبراهیم دەڵێت جگە لە كۆبونەوەكەی سودانی، لایەنەكان دوو بە دوو كۆبونەوەیان هەبووە، بە یەكيشەوە كۆبونەوەیەكی هاوبەش لە ماڵی كەسایەتی عەرەب ئەنوەر عاصی كراوە، "وەك لیستی قیادە لەهەولێر كۆبونەوەمان لەگەڵ كاك مەسعود بارزانی هەبوو، جارێكی دیكەش لەگەڵ سەرۆك وەزیران كۆبونەوە دەكەین لە 3ـی مانگی داهاتوو تا هەموان پڕۆژەی خۆیان بخەنەڕوو".
تائێستا تەنیا توركمان بە رەسمی پڕۆژەی خۆی بۆ پێكهێنانی ئیدارەی كەركوك بڵاوكردۆتەوە، كە بۆتە یەكێك لەو پێشنیازانەی گفتوگۆی لە بارەوە دەكرێت و تیایدا داوادەكات، پۆستە باڵاكان لەنێو نەتەوەكاندا ئاڵوگۆڕیان پێبكرێت، بەبێ ئەوەی هیچ وادەیەك بۆ ئەو ئاڵوگۆڕە دیاریبكات، واتە دوو ساڵ بە دوو ساڵ بێت یان بۆ نمونە پۆستی پارێزگار لەو چوار ساڵەدا سێجار ئاڵوگۆڕی پێبكرێت لە نێوان كورد و عەرەب و توركماندا.
بەرەی توركمانی، كە دوو كورسی هەیە، داوادەكات ئەمجارە پارێزگارێكی توركمان دابنرێت، ئەوەش بەپێی زیاتر لە لێدوانێك یان بەیاننامەی رەسمی ئەو حزبە كە لەدوای هەڵبژاردنەوە بڵاویانكردۆتەوە.
ئەحمەد رەمزی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە كوتلەی بەرەی توركمانی بە (كەركوك ناو)ـی وت پێداگری لەسەر دەستاودەستكردنی پۆستی پارێزگار دەكەن لە نێوان نەتەوەكاندا، چونکە وایدەبینن کێ ئەو پۆستەی بەدەستەوەبێت و هەر خزمەتگوزارییەک لە کەرکوک بکرێت، دەبێتە دەستکەوتی پارێزگار.
ئەویش دەڵێت بڕیارە لە كۆبونەوەی 3ـی مانگی ئادار بە سەرۆكایەتی سودانی، هەر كوتلەیەك لە پێناو گەیشتن بە چارەسەر پڕۆژەی خۆی بخاتەڕوو، بەبێ ئەوەی هیچ لایەنێك پشتگوێبخرێت، تا "هەڵەكانی رابردوو" دوبارە نەبنەوە.
توركمان ئەو پڕۆژەیەی هەیەتی تەنیا بۆ رایگشتی بڵاویكردۆتەوە و بە رەسمی رادەستی لایەنەكانی نەكردووە، "لە كۆبونەوەی داهاتوو پڕۆژەكە دەخەینەڕوو"، رەمزی پێیوایە ئەوانەشی پڕۆژەكەیان قبوڵ كردووە لە چوارچێوەی "موجامەلەی توركمان"ـدا بووە.
دەسەڵات لە كەركوك بەپێی نوێنەرایەتیكردنێكی دادپەروەرانە دابەشدەكرێت، كە زامنی بەشداریكردنی پێكهاتەكانی پارێزگاكە بكات بەدەر لەئەنجامی هەڵبژاردنەكان، وەكو لە ماددەی 35ـی تایبەت بە پارێزگای كەركوك هاتووە لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ژمارە 12ـی ساڵی 2018ـی هەمواركراو.
ئەگەر ئەو بڕگە یاساییەش نەبوایە، حزبەكانی سەر بە هیچ نەتەوەیەكی كەركوك، بەشی پێویست كورسییان نییە بتوانن پۆستەكانی ئیداری نوێی خۆجێی لە ئەنجومەندا بە تەنیا یەكلاییبكەنەوە، چونكە پۆستە باڵاكان بە تایبەت پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەن و جێگرەكانیان، بە زۆرینەی رەهای دەنگی ئەندامان، كە مەبەست لێی (50 + 1)-ــە هەڵدەبژێردرێن، واتە لە 16 ئەندامەكەی ئەنجومەنی كەركوك دەبێت دەنگی نۆ ئەندام بەدەستبهێنن.
نەشئەت شاهوێز دەڵێت بە رەسمی پڕۆژەكەی بەرەی توركمانی بە یەكێتیی نەدراوە، بەڵام لە كۆبونەوەی ماڵی ئەنوەر عاسی، "دانیشتنێكی گرنگ كرا بۆ لێكنزیككردنەوەی بۆچونی لایەنەكان" و وەك كوتلەی كوردی و كریستیان ئامادەن بۆ كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگاش، "ئەوەی بیستمان لە لایەنی عەرەبی ئەوەیە کە ئەوانیش زۆر موتەحەمیسن بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەکە".
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی لە كوتلەی یەكێتیی پێیوایە ئەوەی رێگر و بەربەستە لە بەردەم كۆبونەوەی ئەنجومەن، داواكاریی حزبەكانە كە بەهیوان چارەسەر بكرێت، "پەیوەست دەستتێوەردانی دەرەكی بۆ شەقامی کەرکوک ئەوە رونە کە ئەویش هەیە".
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست (كەركوك ناو) كەوتون، سودانی لە كۆبونەوەی كوتلەكانی كەركوك سور بووە لەسەر رێككەوتن بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی، بەوپێیەی هەڵبژاردنی لە پارێزگاكە وەك دەستكەوتێكی حكومەتەكەی لێكداوەتەوە و ئامادەنییە دەرەنجامی ئەو هەنگاوە روبەڕوی شكست ببێتەوە.
بڕگەیەك لە كارنامەی حكومەتی عیراق بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، كە ساڵی 2022 پەرلەمان پەسەندیكرد، تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەگەڵ پارێزگاكانی دیكەی عیراق. بەوپێیەی كەركوك تەنیا لە 2005 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی تێدا كراوە و لەوكاتەوەدا بەهۆی ناكۆكی نێوان حزبەكانەوە، لەو مافە بێبەش بووە.
شۆخان حەسیب دەڵێت تاكە كۆبونەوەی هاوبەشی كوتلەكان لە ماڵی ئەنوەر عاسی بووە، ئەوەش لە دوای كۆبونەوەكەی سودانییەوە، بۆیە چاوەڕێی كۆبونەوەی داهاتوون كە 3ـی ئادارە بۆ تاوتوێی پڕۆژەی حزبەكان، "پڕۆژەكەی بەرەی توركمانیمان نەبینیووە.. رەنگە پۆستی پارێزگار چوار ساڵەكە بۆ كورد بێت و ئێمەش لەگەڵ ئەوەداین".
"یەکێتی پۆستی پارێزگار بە مافی خۆی دەزانێت، حەزیش دەکەن یەکێتییەکی دڵسۆز بێت، بەڵام دەکرێت مساوەمە بکەن لەسەر ئەمە، چونکە ئێمەی کوردی کەرکوک چەند ساڵێکە نەمانتوانیوە بەدەم داواکاری خەڵکەکەی خۆمانەوە بچین، بۆیە هەر چۆنێک بێت باشترە لەوەی پارێزگارێکی بە وەکالەتی عەرەب بێت" بەوتەی ئەندامەكەی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگا.
دەیان پۆستی باڵای ئیداری لە پارێزگای كەركوك بڕیارە جارێكیتر لە نێوان پێكهاتەكاندا دابەشبكرێن، كە ئێستا زۆرینەیان بە وەكالەت بەڕێوەدەبرێن، لەو پۆستانە سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا و جێگرەكەی، پارێزگار و دوو جێگر و یاریدەدەرەكانی، چوار قایمقام و 16 بەڕێوەبەری ناحیە و چەندین بەڕێوەبەری گشتی هەن.
لە دوای ساڵی 2003ــەوە لەسەر بنەمای پرۆژەیەكی جەلال تاڵەبانی، سەرۆك كۆماری پێشوتری عیراق و سكرتێری پێشوی كۆچكردوی یەكێتیی، پۆستە ئیدارییەكانی كەركوك بەڕێژەی لەسەدا 32 بۆ هەریەك لە پێكهاتەكانی كورد، عەرەب و توركمان دیاریكرا، لەگەڵ سەدا چوار بۆ كریستیان. پڕۆژەكە لە تەمموزی 2009ـدا لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، رێككەوتنی لەسەر كرا.
بەپێی رێككەوتنەكەی ساڵی 2009، كە هەرسێ پێكهاتە سەرەكییەكەی كەركوك و كریستیان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك واژۆیانكرد، پۆستی پارێزگار بۆ كورد، جێگری پارێزگار بۆ عەرەب و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ توركمان بوو، پۆستەكانی تری ئەنجومەن و ئیدارەی كەركوكیش بەڕێژەی لەسەدا 32 بۆ هەر سێ پێكهاتە سەرەكییەكە و لەسەدا چوار بۆ كریستیان.
بەڵام رێككەوتنەكە تەنیا بۆ پۆستی پارێزگار، جێگرەكەیی و سەرۆكی ئەنجومەن جێبەجێكرا و شۆڕنەبۆوە بۆ پۆستەكانی خوارەوە.
پێشتر و له سهردهمی رژێمی بهعسدا، زوربهی جومگه سهرهكییهكانی ئیدارهدان و حوكمڕانی له كهركوك بهدهست پێكهاتهی عهرهبهوه بوو، بێ هیچ ههڵبژاردنێك، له دوای 2003یشهوه، كورد له ترۆپكی دهسهڵاتی جێبهجێكردندا بوو تا 2017.
یەكەم پارێزگاری كەركوك، دوای هەڵبژاردنی 2005ـی ئەنجومەنی پارێزگا، عهبدولڕهحمان مستهفا بوو له پشكی كورد، دواتر و له ساڵی 2011دا نهجمهدین كهریم، لهلایهن ههمان ئهنجومهنهوه وهك پارێزگار له پشكی كورد/ یهكێتیی ههڵبژێردرا، دوای شهش ساڵ بهبڕیاری پهرلهمانی عیراق له پۆستهكهی دورخرایهوه.
زیاتر لە شەش ساڵە پۆستی پارێزگار گەڕاوەتەوە بۆ پێكهاتەی عەرەب، دوای ئەوەی راكان سەعید جبوری، جێگری پارێزگار لە كۆتایی تشرینی دووەمی 2017ـەوە، بە بڕیاری حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عیراق، پۆستی پارێزگاری كەركوكی بەوەكالەت وەرگرت و تائێستا بەردەوامە.
تهواوی پارێزگای كهركوك (دانیشتوانەكەی زیاتر لە ملیۆنێك و 770 هەزار كەسە)، ناوچهیهكی جێناكۆكه له نێوان ههردوو حكومهتی فیدراڵی عیراق و ههرێمی كوردستان، یهكلاییكردنهوهی چارهنوسیشی له چوارچێوهی ماددهی 140ـی دهستوردایه لهڕێی سێ قۆناغی ئاساییكردنهوه، سهرژمێری و راپرسی.