ئەحمەد رەمزی و سەلوا مەفرەجی، ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەگەڵ محەمەد حافز، سەرۆكی ئەنجومەنەكەیاندا كۆدەبنەوە، هەرچەندە بەپێی بەیاننامەی رەسمی حزبەكانیان بێت دان بەو سەرۆكایەتییەدا نانێن و بە نایاسایی وەسفی دەكەن.
محەمەد ئیبراهیم حافز، لە 10ـی ئابەوە وەكو سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا هەڵبژێردراوە، ئەوەش لە دانیشتنەكەی هۆڵی هۆتێل رەشید-ـی بەغدا، كە بەرەی توركمانی و هاوپەیمانی عەرەبی و پارتی، بەشدارنەبوون تیایدا و ئەنجامەكانی رەتدەكەنەوە.
لە دیمەنێكی تەواو جیاواز لە بەیاننامەی رەسمی بەرەی ناڕازی، ئەحمەد رەمزی ئەندامی ئەنجومەن لە بەرەی توركمانی و نزیك لە پەرلەمانتار ئەرشەد ساڵحی، 8ـی ئەیلول لە بەیاننامەیەكدا نوسیویەتی پێشوازیكردووە لە "محەمەد حافز سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك"، هەرچەندە بەرەی توركمانی سكاڵای بردۆتە دادگای فیدراڵی و ئامادەنین هەڵبژاردنەكەی حافز بە سەرۆكی ئەنجومەن و رێبوار تەها، بە پارێزگار قبوڵ بكەن.
رەمزی بەیاننامەكەی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوكردۆتەوە و دەڵێت لەو دیدارەدا، -كە لە ژورەكەی رەمزی بەڕێوەچووە-، گفتوگۆیان لەسەر دۆسیەكانی تایبەت بە پەرەپێدانی پارێزگاكە و بەهێزكردنی هەماهەنگی نێوان ئەندامانی ئەنجومەن كردووە لە پێناو خێراكردنی گەشەپێدانی كەركوك.
هەروەها نوسیویەتی باس لە تەحەدییەكان و چارەسەریان كراوە، "هەردولا جەختیانكردەوە لەسەر كاری گروپ و هەماهەنگی بەردەوامی نێوان لایەنەكانی حكومەتی خۆجێیی بۆ بەدیهێنانی ئامانجە هاوبەشەكان و پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاری بە هاوڵاتیان.
لە وێنەكەی رەمزی و حافز، رەعد ساڵح ئەندامی ئەنجومەن لە كوتلەی قیادە ئامادەیە.
هەمان رۆژ پەیجی رەسمی ئەنجومەنی پارێزگا، وێنەیەكی كۆبوونەوەی سەرۆكەكەی لەگەڵ سەلوا مەفرەجی، ئەندامی ئەنجومەن لە كوتلەی هاوپەیمانی عەرەبی بڵاوكردۆتەوە، بە ئامادەبونی هەریەك لە رەعد ساڵح، نەشئەت شاهوێز و هۆشیار كاكەیی. بەڵام بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو) سەلوا هیچ بەیاننامەیەكی دەربارەی ئەو كۆبوونەوەیە بڵاونەكردۆتەوە.
ئەوەش لەكاتێكدا هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرۆكایەتی راكان سەعید جبوری، هاوشێوەی توركمان سكاڵایان بردۆتە دادگای فیدراڵی و هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەن و پارێزگاری كەركوك لە ئەنجامی دانیشتنەكەی بەغدا، رەتدەكەنەوە.
محەمەد حافز، سەرۆكی ئەنجومەن لەگەڵ رەمزی و مەفرەجی باسی لە "جێبەجێكردنی بەرنامەی خزمەتگوزاری حكومەتی خۆجێیی" كردووە، بەپێی راگەیاندنی ئەنجومەنی پارێزگا.
رەمزی و مەفرەجی و بەشێك لە ئەندامانی دیكەی بەرەی ناڕازی، كە پێكەوە خاوەنی حەوت كورسی ئەنجومەنن (هاوپەیمانی عەرەبی 3 كورسی، بەرەی توركمانی 2 كورسی و پارتی 2 كورسی)، بە رەسمی دەوامیان لە باڵەخانەی ئەنجومەن دەستپێكردووە، بەڵام بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، راكان سەعید جبوری، پارێزگاری پێشوی كەركوك بەوەكالەت و سەرۆكی كوتلەی هاوپەیمانی عەرەبی لەگەڵ ئەحمەد عەبدولواحد، ئەندامی ئەنجومەن لە هەمان كوتلە دەوام ناكەن، جگە لەوەش مانگێكە هیچ بەیاننامە و لێدوانێكی رەسمییان نەبووە.
ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، كە 16 ئەندامی هەیە و بوون بە دوو بەرەی دژبەیەك (9ـی پێكهێنەری حكومەت بەرانبەر بە 7ـی ناڕازی)، بە تەنیا دانیشتنی دەستپێكردنی كارەكانی و یەكلایكردنەوەی بەشێك لە پۆستەكانی كردووە، سەرباری تێپەڕبوونی نزیكەی نۆ مانگ بەسەر هەڵبژاردندا، نەیتوانیووە بەهۆی ناكۆكیی و بایكۆتەوە ئەركەكانی دیكەی جێبەجێبكات.