لە چوار رۆژی رابردودا و لە ناو شاری كەركوك "سێ تیرۆریست"، دوای روبەڕوبونەوەیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان كوژراون، لە سنورەكانی پارێزگاكەش تەقینەوەی بۆمب و بۆردومانی حەشارگە و جبەخانەی چەكدارانی نەناسراو هەبووە.
شەوی رابردوو، 15ی ئەیلول، لە ئۆپەراسیۆنێكدا هێزە ئەمنییەكان لە نزیك بازاڕی پەنجا عەلی لە كەركوك روبەڕوی دوو چەكدار بونەوە، كە بەپێی وتەی عەمید میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ و شانەی راگەیاندنی ئەمنی، "تیرۆریست" بون و پشتێنی بۆمبڕیژكراویان پێبووە.
عەمید میقداد جەختیكردەوە "ئۆپەراسیۆنەكە دوای چەند زانیارییەكی هەواڵگری هات، هێزەكانمان بەدواداچونیان كرد و گەمارۆی دوو تیرۆریستەكەیاندا كە پشتێنی بۆمبڕێژكراویان پێبووە، تەقەیان لێكردن و لە ئەنجامی تەقەكردنەكە پشتێنەكە تەقییەوە و هەردوكیان مردن".
ئەو روداوە هاوكات بوو لەگەڵ بەڕێوەچونی یادی مەولود لە ناوچە جیاوازەكانی كەركوك و كۆبونەوەی موسوڵمانان لە مزگەوتەكاندا.
هەروەها دوای تەنیا چوار رۆژ دێت لە كوشتنی "تیرۆریستێكی" تر لە 11ی ئەیلول، لە گەڕەكی سێكانیان لە باكوری خۆرهەڵاتی شاری كەركوك، سەر رێگای هەولێر و دەستگیركردنی یەكێكی تریان بە برینداری.
موقەدەم عامر نوری شوانی، وتەبێژی پۆلیسی كەركوك، ئەوكات بە (كەركوك ناو)ی وت "هێزێكی ئاسایشی نیشتیمانی عیراق چونە گەڕەكی سێكانیانی كەركوك و لەوێ روبەڕوی دوو چەكدار بونەوە، كە لەنێو ماڵێكیدا بون و لە ئەنجامدا یەكێك لە چەكدارەكان بە فیشەك كوژراوە و یەكێكی تر بە برینداری دەستگیركرا".
عامر جەختیكردەوە "سەرەتا وامزانی بازرگانی ماددەی هۆشبەرن، بەڵام دواتر دەركەوت داواكراون بە یاسای تیرۆر".
لە سنورەكانی پارێزگاكەش یەكشەممە 15ی ئەیلول هێزە ئاسمانییەكانی عیراق، بۆردومانی ناوچەی غەررەیان كرد لە نزیك قەزای دوزخورماتوو لە سنورەكانی هەردوو پارێزگای كەركوك و سەڵاحەدین، كە بەهۆیەوە ژمارەیەك حەشارگە لەناوبران و بەپێی هێزە ئەمنییەكان "دەستگیراوە بەسەر ژمارەیەكی زۆر لە چەكی جۆراوجۆر و خواردن".
هەر لەو ناوچەیە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 16ی ئەیلول بۆمبێك بە ئۆتۆمبێلێكی سەربازیی لیوای 20ی هاوبەشی سوپای عیراق تەقییەوە بەهۆیەوە سەربازێكی كورد هەردوو قاچی لەدەستدا.
ئەو روداوانە دوای یەك مانگ دێن لە پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك و ناڕەزایی سێ كوتلەی پارێزگاكە لە دانانی پارێزگار و دابەشكردنی پۆستەكان، ئەو سێ كوتلەیە پێكەوە خاوەنی حەوت كورسی ئەنجومەنن لەكۆی 16 كورسی و پێكهاتون لە هاوپەیمانی عەرەبی 3 كورسی، بەرەی توركمانی 2 كورسی و پارتی دیموكراتی كوردستان دوو كورسی.