زولفەقار حەیدەر سەلمان، بەكۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین وەكو قایمقامی نوێی قەزای دوزخورماتوو دیاریكرا، ئەوەش لە چوارچێوەی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی پارێزگاكە.
زولفەقار، توركمانی شیعە مەزهەبە و بەپێی رێككەوتنی لایەنەكان ئەو پۆستە بۆ توركمان دەبێت، سێشەممە 17ی ئەیلول دەنگی لەسەر درا.
ناوبراو بەرلەوەی ئەو پۆستە وەربگرێت وەكو بەڕێوەبەری بەشی چاودێری تەندروستی لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی پارێزگای کەرکوک كاری دەكرد.
بەپێی دابەشكاریی و رێككەوتنی لایەنە براوەكانی دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كە لە 18ی كانونی یەكەمی 2013 بەڕێوەچوو، توركمان زۆرینەی پۆستەكانی دوزخورماتووی بەركەوت بە ڕێژەی لەسەدا 65، دوای ئەوە عەرەب بەڕێژەی لەسەدا 25 و كورد لەسەدا 10.
ئەو دابەشكارییە لە ئەنجامی دانوستان و كۆبونەوەی بەردەوامی پێكهاتەكانی عەرەب، كورد و توركمان لە ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین هات.
یاسین محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا لە پشكی كورد، پێشتر دابەشكارییەكەی بۆ (كەركوك ناو) رونكردۆتەوە و جەختیكردەوە "توركمان پۆستی قایمقام و بەڕێوەبەری پۆلیسی دوزخورماتوی بەركەوتووە، سەرۆكی شارەوانی و بەڕێوەبەری پەروەردەش لای عەرەب و كورد بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی قەزاكەی بەركەوتووە".
قەزای دوزخورماتوو، تاكە ناوچەی جێناكۆكی نێوان هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستانە لە پارێزگای سەڵاحەدین، دانیشتوانەكەی (زیاتر لە 154 هەزار كەسن) لە توركمان، كورد و عەرەب پێكهاتون.