ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، وادەی پێشكەشكردنی سیڤی بۆ پۆستەكانی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان مانگێكی دیكە درێژدەكاتەوە، بە پاساوی نەگەیشتنی زانیاری پاڵێوراوی زۆربەی پۆستەكان.
ئەو بڕیارەی ئەنجومەن، لە دوایین كۆبونەوەیاندا هات كە سێشەممە 17ـی ئەیلول بە ئامادەبونی 10 ئەندام و سەرۆكایەتی سالم تەمیمی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەن بەڕێوەچوو و لە گفتوگۆكانیاندا رێككەوتن؛ ماوەی مانگێك بۆ وادەی وەرگرتنی سیڤی كاندیدی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان درێژبكەنەوە.
پێشتر ئەنجومەنی پارێزگا لە 20ـی ئابەوە دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكانی دیالە كردەوە بۆ ماوەی 30 رۆژ و دەبوو تا 19ـی ئەیلولی 2024 سیڤی وەربگرن.
سالم تەمیمی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەن لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە (كەركوك ناو) ئامادەی بوو، وتی "درێژكردنەوەی وادەی پێشكەشكردنی سیڤی بۆ پۆستی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان بەوهۆیەوەیە كە دۆسیەی كاندید بۆ ژمارەیەك قەزا و ناحیە نەگەیشتووە و هەندێكیشیان دواكەوتووە، هەروەها تا بتوانین دیراسەی سیڤییەكان بكەین".
سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان لە بەڕێكردنی كاروباری رۆژانە بەردەوامدەبن دوای كۆتاییهاتنی تەمەنی خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەن تا ئەوكاتەی جێگرەوەیان لەلایەن ئەنجومەنی نوێی پارێزگاوە هەڵبدەبژێردرێت، بەپێی ياساى پارێزگا رێكنەخراوەكان لە هەرێمێكدا ژمارە 21 بۆ ساڵی 2008 – هەمواركراو.
ڤیدیۆ: كۆنگرەی رۆژنامەوانی سالم تەمیمی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە / كەركوك ناو
فارس مزاحم جبوری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە بە (كەركوك ناو)ـی وت "دواكەوتنی یەكلاییكردنەوەی دۆسیەی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان كاریگەری لەسەر بارودۆخەكە نابێت چونكە بۆ خۆی پۆستەكان ئێستا بە وەكالەت بەڕێوەدەبرێن".
پێشیوایە دۆسیەی "گرنگتر و جێی بایەخ" لە بەردەم ئەنجومەنی پارێزگا، دامەزراندنی زیاتر لە حەوت هەزار كەس و دواتر پێداچونەوە و وردبینییە بۆ سیڤی كاندیدی پۆستی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان و پێوەری هەڵبژاردنیشیان لەسەر بنەمای كارامەیی دەبێت.
كاندیدی ئەو پۆستانە دەبێت تەمەنی لە 30 ساڵ كەمتر نەبێت، هەڵگری لانیكەم بڕوانامەی بەكالۆریۆس بێت، خەڵكی پارێزگاكە و دانیشتوی ناوچەكە بێت و لە هێزە سەربازیی و ئەمنییەكان نەبێت لە كاتی كاندیدبونیدا، لانیكەم خزمەتی 10 ساڵی هەبێت.
تەمیمی لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا وتی، دیاریكردنی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان پاڵپشت بە كارامەیی ئیداری و زانستی و پێوەری پیشەیی دەبێت، "ئەوەی پەیوەستە بە مافەكانی كوردەوە لە پارێزگاكەدا مافەكانیان پارێزراو دەبێت بەوپێیەی هەموان نوێنەرایەتی تەواوی توێژ و پێكهاتە و نەتەوە و مەزهەبەكانی دیالە دەكەین".
كورد پێشتر جێگری پارێزگار و ژمارەیەك پۆستی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەی بە تایبەت لە سنوری خانەقین بەدەستەوە بوو، كە ناوچەیەكی جێناكۆكی دیالەیە.
پارێزگای دیالە، لە شەش قەزا و 15 ناحیە پێكهاتووە، كە چەند ناوچەیەكی جێناكۆك لە خۆدەگرێت لە چوارچێوەی ماددەی 140ـی دەستوری عیراق لە نێویاندا قەزای خانەقین.