ناڕازییەكانی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، كۆتایی بە بایكۆت دەهێنن و لە یەكەم دانیشتنی دوای چەند مانگێك لە ململانێ، دەنگ لەسەر رێكارەكانی دامەزراندن دەدەن.
دانیشتنی نۆیەمی ئەنجومەنی پارێزگا، 10ـی ئەیلول بە ئامادەبونی 14 ئەندام بەڕێوەچوو، لە نێویاندا موسەنا تەمیمی، پارێزگاری پێشوی دیالە و سەرۆكی هاوپەیمانی دیالەتونا-ـی ناڕازی لە پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی، كە چەند مانگێكە بایكۆتی كردووە.
بەپێی راگەیەندراوێكی ئەنجومەنی پارێزگا، لەو دانیشتنەدا، دەنگ دراوە لەسەر ئەوەی دامەزراندنی زیاتر لە حەوت هەزار كەس بە چاودێری و سەرپەرشتی ئەنجومەن بێت، بە ئامانجی گرەنتی دابەشكردنی بەشێوەیەكی دادپەروەرانە.
هاوپەیمانییەكەی تەمیمی، جگە لە خۆی كە خاوەنی زۆرترین دەنگی بەدەستهاتووی پارێزگاكەیە، سێ ئەندامی دیكەی هەیە و تا پێكهێنانی حكومەتی دیالە لە هۆتێل رەشیدی بەغدا، پێداگرییان لەسەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگار دەكرد و بەدەستیاننەهێنا.
موسەنا تەمیمی، هەمان رۆژی دوایین كۆبوونەوەی ئەنجومەن كە تیایدا بەشداربوو، لە پەیجی خۆی لە فەیسبوك وێنەی لەگەڵ عومەر كروی، سەرۆكی ئەنجومەن بڵاوكردۆتەوە.
"ماف و شایستەی بەدر لە پارێزگای دیالە پارێزراوە، هیچ كەس و لایەنێكیش تائێستا نكۆڵی لە شایستەكانی بەدر نەكردووە" بەوتەی رەعد تەمیمی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا لە هاوپەیمانی دیالەتونا.
لە چوار ئەندامەكەی دیالەتونا، دوو ئەندام ماونەتەوە كە بە نزیك لە رێكخراوی بەدر بە سەرۆكایەتی هادی عامری، هەژمار دەكرێن و دوو ئەندامی دیكەیان چونەتە پاڵ بەرەی دەوڵەتی یاسا، بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی.
رەعد وتی "من و موسەنا تەمیمی و فرقەد روبەیعی لە بەدر بوین، بەڵام فرقەد جیابۆوە و پەیوەندی بە دەوڵەتی یاساوە كرد، ئێستا هەر من و موسەنا تەمیمی ماوینەتەوە"، پێشتریش توركی جەدعان لە هەمان هاوپەیمانی جیابۆوە و چووە پاڵ دەوڵەتی یاسا.
پێشتر و لە كۆتاییەكانی مانگی رابردودا، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی پارێزگا زنجیرەیەك دیداریان لەگەڵ كەسایەتییە سیاسییەكانی بەغدا هەبوو، لە نێویاندا نوری مالیكی و هادی عامری، بۆ لێكتێگەیشتن و چارەسەری كێشەی ئەوانەی بایكۆتیان كردووە، بەوپێیەی بەشێك لە ناڕازییەكان لە نێویاندا موسەنا تەمیمی بە نزیك لە عامری هەژماردەكرێت.
هەروەها لایەنی كوردی، كە تەنیا نوێنەرێكیان لە ئەنجومەنی پارێزگا هەیە، لە دانیشتنەكانی رابردوودا و بەهۆی ناڕەزاییان دژی دابەشكردنی لیژنە هەمیشەییەكان، بایكۆتیان كرد و دواتر بە رێككەوتن گەڕانەوە.
زیاتر لە ماف و شایستەی پێكهاتەی كورد بەدەستهاتووە
ئەوس ئیبراهیم، ئەندامی ئەنجومەن لە كوتلەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان -تاكە نوێنەری لایەنی كوردی- بە (كەركوك ناو)ـی وت "پاش بایكۆتكردنی كۆبونەوەكان، گەڕامەوە بۆ نێو دانیشتەكان و هەڵبژێردرام بە سەرۆكی لیژنەی كۆچ و كۆچبەران و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی" جگە لەوەش بۆتە جێگری سەرۆكی دوو لیژنە، هەروەها ئەندامە لە شەش لیژنەی دیكەدا.
"بە وەرگرتنی ئەم لیژنانە زیاتر لە ماف و شایستەی پێكهاتەی كورد بەدەستهاتووە و رازین بەم هەنگاوە"، لە گفتوگۆكانمان بەردەوام دەبین دەربارەی هەڵبژاردنی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان و بەدەستهێنانی "مافەكانی پێكهاتەی كورد لە دەسەڵاتەكانی جێبەجێكردن و یاسادانان و چاودێری" بەوتەی ئەوس.
كورد پێشتر جێگری پارێزگار و ژمارەیەك پۆستی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەی بە تایبەت لە سنوری خانەقین بەدەستەوە بوو، كە ناوچەیەكی جێناكۆكی دیالەیە.
یەكێكی تر لە ناڕازییەكان، نزار لهێبی ئەندامی ئەنجومەن بوو لە كوتلەی تەقەدوم، كە ئەویش دوای پێدانی سەرۆكایەتی لیژنەی پلاندان و چاودێری گەڕاوەتەوە بۆ دانیشتنەكانی ئەنجومەن.
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا لە پۆستێكدا كە لە فەیسبوك 10ـی ئەیلول بڵاویكردۆتەوە، نوسیویەتی دیداری لەگەڵ نزار لهێبی هەبووە، بۆ هەماهەنگی لە پێناو یەكخستن و چڕكردنەوەی هەوڵەكانیان بە هاوبەشی بۆ باشكردنی خزمەتگوزارییەكان و خزمەتكردنی خەڵك.
چڕكردنەوەی هەوڵەكانی نەهێشتنی ناكۆكی لە ئەنجومەنی پارێزگا، هاوكاتە لەگەڵ ئامادەكارییەكان بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكانی دیالە، كە ئەنجومەن دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ كردۆتەوە.
عەلی حەجییە، چاودێری سیاسی لە دیالە بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئێستادا ئەنجومەنی پارێزگای دیالە كۆبونەوە ئاساییەكانی خۆی ئەنجامدەدات و دوو كاریان لە پێشە كە ئەنجامی بدەن، یەكەمیان دۆزینەوەی رێگا چارەی بۆ راگەیاندنی ناوی زیاتر لە حەوت هەزار هەلی دامەزراندن... دووەمیان ئەنجامدانی گۆڕانكاری ئیدارییە لە سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان لەسەرجەم قەزا و ناحییەكانی دیالە".
هەروەها رونیكردەوە "بەوپێیەی لە ئێستادا جۆرێك لە سەقامگیری سیاسی و تەوافقی سیاسی هەیە، پێدەچێت گۆڕانكارییەكان ئەنجامبدرێت بەبێ هیچ گرفتێك یان فشارێكی سیاسی". پێشیوایە سەرجەم لایەنە پێكهێنەرەكانی ئەنجومەن "شایستەی خۆیان وەرگرتووە" لە ئەنجومەن. بەڵام هێشتا گروپی نزیك لە رێكخراوی بەدر رون نییە كام پۆستانەیان پێدەدرێت و یەكلایی نەبۆتەوە، هەرچەندە موسەنا تەمیمی بایكۆتی شكاندووە.
یەكەم دانیشتنی ئەنجومەن دوای هەڵبژاردن لە 5ـی شوبات بەڕێوەچوو، بەهۆی ناكۆكی و ململانێی نێوان كوتلە جیاوازەكانەوە، بەكراوەیی مایەوە تا 1ـی ئاب، لە هۆتێل رەشید-ـی بەغدای پایتەخت، پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ پۆستەكانی سەرۆكی ئەنجومەن و جێگرەكەی، پارێزگار و دوو جێگرەكەی بەڕێوەچوو.