ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، سەرباری ناڕەزایەتی ژمارەیەك ئەندام لە نێویاندا تاكە نوێنەری لایەنی كوردی، سەرۆكایەتی زۆربەی لیژنە هەمیشەییەكانی هەڵبژارد و دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان كردەوە.
كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی پارێزگا، ئەمڕۆ سێشەممە 20ـی ئاب بە ئامادەبونی 14 ئەندام بەڕێوەچوو و تیایدا جگە لە هەڵبژاردنی سەرۆك و جێگری سەرۆكی نۆ لیژنەی یەكلاكردەوە و چوار لیژنەی بۆ كاتێكی دیكە دواخست، بەپێی راگەیەندراوێكی ئەنجومەن.
بەڵام راگەیەندراوە هیچ ئاماژەیەكی بە پاشەكشێی سێ ئەندام لە كۆبوونەوەكە نەكردووە، كە بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو) بریتی بوون لە ئەوس ئیبراهیم، لە كوتلەی یەكێتیی نیشتمانیی، رەعد تەمیم، لە كوتلەی دیالەتونا (بەدر) و نزار لهێبی، لە تەقەدوم، بەهۆی ناڕەزاییان دژی دابەشكاری لیژنەكان.
ئەوس ئیبراهیم، ئەندامی ئەنجومەن لە كوتلەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان -تاكە نوێنەری لایەنی كوردی- بە (كەركوك ناو)ـی وت "كۆبونەوەكەمان بەجێهێشت و كشاینەوە، چونكە ئەو شێوازە لە حكومڕانی لە دیالە جێگای قبوڵكردن نییە، ئێمە وەكو پێكهاتەی كورد بێبەشكراوین لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن و یاسادانان و چاودێری، دەبێت پۆست و لیژنەكان بە شێوەی تەوافوقی سیاسی دابەشبكرێت".
كورد پێشتر جێگری پارێزگار و ژمارەیەك پۆستی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەی بە تایبەت لە سنوری خانەقین بەدەستەوە بوو، كە ناوچەیەكی جێناكۆكی دیالەیە.
ئەنجومەنی دیالە، لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆ دەنگی لەسەر بەردەوامی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان داوە بەشێوەی كاربەڕێكەر تا شوێنەكانیان پڕدەكرێتەوە، بۆ ئەوەش دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستەكانی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان بۆ ماوەی 30 رۆژ كردەوە.
ڤیدیۆ: 20ـی ئابی 2024/ ناڕەزایەتی ئەوس ئیبراهیم، ئەنجومەنی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە لە كوتلەی یەكێتیی دژی دابەشكاری لیژنەكان
ئەو هەنگاوەی ئەنجومەن دوابەدوای پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی نوێ دێت، بە ناوی (هاوپەیمانی ئارامی و سەقامگیری)،كە لە پێنج كوتلە و لایەن پێكهاتوون، لە نێویاندا عەسائیب ئەهلولحەق، دەوڵەتی یاسا، سیادە، عەزم، ئەساس و یەك ئەندامی سەر بە بەدر، سەرۆكایەتی هاوپەیمانییەكە دراوە بە عەسائیب، جێگرەكەی بە عەزم و بڕیاردەر بۆ نوێنەری ئەساس بووە.
عەلی حەجییە، چاودێری سیاسی لە دیالە بە (كەركوك ناو)ـی وت "پێكهێنانی هاوپەیمانییەكە لە پێناو پاڕاستنی ئیدارەی ئێستای پارێزگاكەیە، چونكە دەنگۆ هەیە چەند كەسێك و لایەنێك لە نێو ئەنجومەن هەوڵدەدەن بۆ گۆڕانكاری لە پۆستەكاندا بە تایبەت لە پۆستی پارێزگار، بۆیە لایەنی بەرانبەر هەستیان بەو مەترسییە كردووە و هاوپەیمانییان دروستكرد".
هاوپەیمانییە نوێیەكە خاوەنی 9 ئەندامی ئەنجومەنە لە كۆی 15 ئەندام، جگە لە یەكێتیی كە بەشدار نییە، ئەوانیتر هەمان ئەو لایەنانەن كە سەرەتای ئەم مانگە لە دانیشتنی لەناكاودا لە هۆتێل رەشید-ـ بەغدا، كۆبونەوەی ئەنجومەنیان رێكخست و بە هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەن و پارێزگار و جێگرەكانیان، كۆتاییان بە چەند مانگێك لە ناكۆكی و مشتومڕ هێنا.
ئەوس دەڵێت هێشتا نەچوونەتە ناو هیچ هاوپەیمانیتییەكەوە، "چونكە دەمانەوێت مافەكانی پێكهاتەی كورد بە دەستبهێنین و تاكو ئێستادا هیچ لایەنێك بەڵێنی تەواوی بە ئێمە نەداوە"، نەیشاردەوە هاوپەیمانییە نوێیەكە گفتوگۆیان لەگەڵدا كردوون و هێشتا نەگەیشتوون بە رێككەوتن.
هەر ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگا، دەنگیدا بۆ هەڵبژاردنی فادی لهێبی، وەك ئەمینداری ئەنجومەن و سەرۆكایەتی لیژنەكانیش رەشاد تەمیمی، بۆ ئاسایش و بەرگری دانرا، فەرقەد روبەیعی بە سەرۆكی لیژنەی ئاوەدانكردنەوە و وەبەرهێنان و نیشتەجێكردن، دەریا خەیروڵا وەك سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و راگەیاندن، ماجدە كەمبش بۆ سەرۆكی لیژنەی تەندروستی، رەشیدە داینی سەرۆكی لیژنەی خزمەتگوزارییەكان، نافع جبوری سەرۆكی لیژنەی یاسایی و دارایی، فارس مزاحم جبوری، سەرۆكی لیژنەی وزە، توركی جەدعان سەرۆكی لیژنەی نەزاهە و فادی لهێبی بە سەرۆكی لیژنەی كۆچبەران هەڵبژێردران.
چوار لیژنەی وەرزش و لاوان، كشتوكاڵ، ئەوقاف و لیژنەی پلاندانان یەكلانەكرانەوە.