حكومەت پێكهات و دەنگی یەكەم ونە
وردەكاری شەوەكەی بەغدا و دانیشتنی ئەنجومەنی دیالە

دیالە/ 4ـی ئابی 2024/ یەكەم كۆبونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی پارێزگا دوای پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی فۆتۆ: راگەیاندنی ئەنجومەن

كەركوك ناو – دیالە

دواجار ئەنجومەنی پارێزگای دیالە دانیشتنە ئاساییەكانی دەستپێكرد، دوای 179 رۆژ لە مشتومڕ و شەوێكی پڕ لە ئاڵۆزی بەغدا، كە تیایدا پایەكانی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی دانرا.

دانیشتنە ئاساییەكەی ئەنجومەن، یەكشەممە 4ـی ئاب لە بەعقوبە-ـی ناوەندی پارێزگای دیالە بەڕێوەچوو، بۆ تاوتوێكردنی پێشەنگیی كارەكانیان، لە نێویاندا پەیڕەوی ناوخۆ و پێداچوونەوە بە پۆستە ئیدارییەكان.

عومەر كروی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە بە (كەركوك ناو)ـی وت "زۆر دۆسیە هەیە لەسەرشانی ئەنجومەنی پارێزگا یەكلاییبكاتەوە، ئەمەش سێیەم دانیشتنی ئەنجومەن و یەكەم دانیشتنی دوای دەنگدان بە حكومەتی خۆجێیی بوو".

یەكەم دانیشتنی ئەنجومەن دوای هەڵبژاردن لە 5ـی شوبات بەڕێوەچوو، بەهۆی ناكۆكی و ململانێی نێوان كوتلە جیاوازەكانەوە، بەكراوەیی مایەوە تا پێنجشەممەی رابردوو 1ـی ئاب، لە هۆتێل رەشید-ـی بەغدای پایتەخت، بە یەكلاییكردنەوەی پۆستەكانی سەرۆكی ئەنجومەن و جێگرەكەی، پارێزگار و دوو جێگرەكەی كۆتاییهات.

لەو كۆبوونەوەیەی بەغدا كە بڕیاربوو كاتژمێر 9ـی شەو دەستپێبكات و تا بەرەبەیانی رۆژێكی نوێی خایاند، عەدنان شەمەری، لە دەرەوەی ئەنجومەن وەكو كاندیدی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بۆ پۆستی پارێزگار هەڵبژێردرا و عومەر كروی، لە هاوپەیمانی سیادە بوو بە سەرۆكی ئەنجومەن، دوو جێگرەكەی پارێزگار هەریەك لە حەسەن جبوری و مستەفا لهێبی بون لە كوتلەی تەقەدوم و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنیش بۆ سالم تەمیمی، كاندیدی عەسائیب ئەهلحەق یەكلابۆوە.

كۆبوونەوەكە بە بەشداری 11 ئەندام بەڕێوەچوو لە كۆی 15 ئەندامی ئەنجومەن، موسەنا تەمیمی پارێزگاری پێشوی دیالە، خاوەنی زۆرترین دەنگی بەدەستهاتوی هەڵبژاردن و سێ ئەندامی دیكە لە كوتلەكەی خۆی و كوتلەی دیكە ئامادە نەبوون، لەكاتی كۆبوونەوەكەدا لایەنگر و بەشێك لە هۆزی تەمیمی لە بەعقوبەوە ناڕەزاییان نیشاندا و باڵەخانەی ئەنجومەنی پارێزگاكەیان داخست.

هیچ پۆستێكمان بەرنەكەوت و جێگری پارێزگاریشمان لەدەستدا

لە سەروبەندی ناڕەزاییەكاندا، موسەنا تەمیمی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبوك بڵاویكردەوە، وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ داواكاری عەشیرەتەكەی بەشداری دانیشتنی تایبەت بە پێكهێنانی حكومەتی دیالە ناكات، داواشی لە كەسایەتی و پارێزەرانی هۆزی تەمیم كرد، كۆبوونەوەیەكی بەپەلە رێكبخەن بۆ تانەدان لە ئەنجامی دانیشتنەكەی هۆتێل رەشید لە دادگای ئیداری.

تەمیمی، كە بە كوتلەی (هاوپەیمانی دیالەتونا وەتەنی) لە هەڵبژاردندا سەروو 100 هەزار دەنگ و چواری كورسی ئەنجومەنی هێنا و لەسەر پشكی رێكخراوی بەدر هەژماردەكرێن، چەند مانگێكە پێداگری لەسەر وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگار دەكات.

كۆبوونەوەكە بە بەشداری تركی عەتبی، سەرۆكی بە تەمەنی ئەنجومەن و جیابۆوە لە هاوپەیمانی دیالەتونا و فەرقەد روبەیعی لە دیالەتونا، هەریەك لە رەشیدە داینی و عومەر كروی و فارس مزاحم لە سیادە، رەشاد تەمیمی و سالم تەمیمی لە ئیستیحقاق (عەسائیب)، نافع مەزهەر، لە تەقەدوم و فادی لهێبی، لە عەزم و دەریا خەیروڵا، لە هاوپەیمانی ئەساس و ئەوس ئیبراهیم لە یەكێتیی بوو.

ئەوانەی بایكۆتیان كرد بریتی بون لە موسەنا تەمیمی و رەعد حاتەم، لە هاوپەیمانی دیالەتونا و ماجدە كەمبش و نزار لهێبی لە تەقەدوم.

ئەوس ئیبراهیم، ئەندامی ئەنجومەن لە كوتلەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان -تاكە نوێنەری لایەنی كوردی- بە (كەركوك ناو)ـی وت "لەسەر داوای سەركردایەتی حزبەكەم دەنگم بە پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی دا، راستە هیچ پۆستێكمان بەرنەكەوت و جێگری پارێزگاریشمان لەدەستدا، بەڵام دەستبەرداری مافەكانمان نابین و دەبێت لە ئیدارەی پارێزگاكەدا بەشداربین".

bUOvlPfP8sMYfu9BEuQdc1PM7JMBXsKWxWMebdnDJmcpEf12HpBQ3C0u7
بەغدا/ 1ـی ئابی 2024/ شەوی هەڵبژاردنی پۆستەكانی پارێزگاری دیالە و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاكە و جێگرەكانیان لە هۆتێل رەشید فۆتۆ: راگەیاندنی ئەنجومەن

كورد پێشتر جێگری پارێزگار و ژمارەیەك پۆستی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەی بە تایبەت لە سنوری خانەقین بەدەستەوە بوو، كە ناوچەیەكی جێناكۆكی دیالەیە.

بەوتەی ئەوس، كورد لە دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەتی دیالە "گفتوگۆمان كردووە و رێككەوتووین" تا پۆستی قایمقامێك، بەڕێوەبەری دوو ناحیە و بەڕێوەبەرێكی گشتی پارێزگاكە بۆ كورد بێت، لەگەڵ ژمارەیەك پۆستی ئیداری و راوێژكاری پارێزگار.

ئەنجومەنی دیالە، كە قۆناغی یەكلاییكردنەوەی پۆستە باڵاكانی تێپەڕاندووە، چاوی لە پێداچوونەوە و ئاڵوگۆڕ و هەڵبژاردنەوەی هەموو پۆستەكانی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان و بەڕێوەبەرە گشتییەكانە.

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ (كەركوك ناو) رونیكردەوە "ئەو دۆسیەیانەی پێویستە ئەنجومەن بەدوایدا بچێت، چاودێری دامەزراوەكانی دەوڵەتە كە چوار بۆ پێنج ساڵە لە دەرەوەی چاودێرییە"، عومەر كروی دەڵێت پێداچوونەوە بە بەڕێوەبەری دامەزراوەكان و ناحیەكاندا دەكرێت، جگە لەچاودێری و بەدواداچون بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەكان، بە تایبەت ئەوانەی كاركردن تیایاندا سستە تا رێكاری پێویست بگرنەبەر.

لە كۆبوونەوە ئاساییەكەی ئەنجومەن، كە 4ـی ئاب لە باڵەخانەی ئەنجومەن بەڕێوەچوو، تەنیا سێ ئەندام ئامادە نەبوون، ئەوانیش؛ موسەنا تەمیمی و فەرقەد رەبیعی لە دیالەتونا لەگەڵ ماجدە كەمبش، لە تەقەدوم، لە گفتوگۆكاندا بڕیاردراوە لە كۆبونەوەی داهاتوودا لیژنەكانی ئەنجومەن پێكبهێنن كە ژمارەیان 24 لیژنەیە.

دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی هۆكار بوو بۆ لاوازبونی دەسەڵاتی چاودێری

عەدنان شەمەری، پارێزگاری دیالە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا دوای هەڵبژاردنی، وتی لە پێشەنگی كارەكانیاندا چاودێری و بەدواداچونی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و چارەسەری دۆسیەی دامەزراندنە،كە حەوت هەزار پلەی وەزیفییە و بەهۆی پێكنەهێنانی حكومەتی خۆجێیی و نەبونی دەسەڵاتی واژۆكردنەوە لەلای پارێزگاری كاربەڕێكەر، كارەكانی ئەو دامەزراندنە راوەستابوو.

لە 18ـی كانونی یەكەمی 2023ـەوە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كراوە، تەنیا دیالە و كەركوك لە پێكهێنانی ئیدارەی نوێ دواكەوتن، بەراورد بە پارێزگاكانی دیكەی عیراق.

"دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی بۆ شەش مانگ، هۆكار بوو بۆ لاوازبونی دەسەڵاتی چاودێری و بوو بە بەربەست لەبەردەم پرۆژەكان و دامەزراندن كە گەنجان بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی بون" سەیف عەلی، چالاكوانی مەدەنی لە دیالە وای وت.

سەیف لەڕێی (كەركوك ناو)ـەوە داوایكرد حكومەتی نوێی دیالە لە پێشەنگی كارەكانیدا و بەزویی دۆسیەی دامەزراندنەكان یەكلابكاتەوە، هەوڵبدات بۆ باشكردنی بارودۆخی هاوڵاتیان و پرۆژەی خزمەتگوزاری بە تایبەت لەو ناوچانەی پەراوێزخراون وەكو قەزا و ناحیەكان، لە نێویاندا خالس و عوزێم و هەبهەب.

لە ئەركە سەرەكییەكانی ئەنجومەنی پارێزگا، جگە لە چاودێری لەڕێی لیژنە هەمیشەییەكانیەوە، یەكلاییكردنەوەی پرۆژەی بودجەی پارێزگا و پەسەندكردنی پلانی پرۆژە و خزمەتگوزارییەكانە.

دەریا خەیروڵا، ئەندامی ئەنجومەن لە كوتلەی هاوپەیمانی ئەساس وتی "لە رۆژانی داهاتوودا لیژنەكان پێكدەهێنرێت، ئەنجومەن گۆڕانكاری زۆر دەكات لە نێویاندا گۆڕینی بەڕێوەبەری فەرمانگەكان، لە ئایندەشدا پرۆژەی خزمەتگوزاری و دامەزراندن و بەدواداچونی داواكاری هاوڵاتیان دەستپێدەكاتەوە" بەپێی بەیاننامەیەكی رۆژنامەوانی ناوبراو.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT