ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، دوای سێ مانگ لە ناكۆكی جارێكیتر پێكەوە لە دانیشتنێكی ئاساییدا تاوتوێی چەند تەوەرێكی خزمەتگوزارییان كرد، بەبێ رێككەوتنی كۆتایی لە دۆسیەی دانانی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكاندا.
لە دانیشتنەكەی ئەنجومەن، تەنیا سێ ئەندام مۆڵەت بوون، ئەوانیتر هەموان بەشداربوون و كۆبوونەوەكە بە ئامادەبونی 26 ئەندام لە كۆی 29 ئەندام، ئەمڕۆ سێشەممە 8ـی تشرینی یەكەمی 2024 بەڕێوەچوو بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دۆسیەی دانانی موختارەكانی نەینەوا، پرۆژەكانی خزمەتگوزاری و تەواوكاری پێكهێنانی لیژنە هەمیشەییەكان.
ئەحمەد حاسود، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا، دوای كۆبوونەوەكە كە چەند كاتژمێرێكی خایاند، سوپاسی هەموو كوتلەكانی كرد كە بەشداربوون و وتی "لە پێناو بەرژەوەندی گشتیـیدا بووە و ئینشائەڵا دەبێتە پێشهاتێكی خێر بۆ ئەنجومەن"، ئەوەش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هات كە پەیامنێری (كەركوك ناو) ئامادەی بوو.
ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، لە سەرەتای تەمموزەوە بەسەر دوو بەرەی دژ بە یەكدا دابەشبووە و لەوكاتەوە ناتوانێت دانیشتنە ئاساییەكانی بەڕێبكات بۆ تاوتوێی داواكاری هاوڵاتیان و پرۆژەكان و چارەسەری هەر كێشەیەك، ئەوەش دوای هەڵبژاردنی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان لەلایەن نیوەی ئەندامان و ناڕەزایی نیوەكەی تر.
ئەو قەیرانەی ئەنجومەنی نەینەوا دوای ئەوەهات، هاوپەیمانی نەینەوا موستەقبەل بە 16 كورسییەوە لە كۆی 29 كورسی، پرۆسەی هەڵبژاردنی بۆ حەوت قایمقام و 13 بەڕێوەبەری ناحیە ئەنجامدا، لە بەرانبەردا فراكسیۆنەكانی پارتی و هاوپەیمانی نەینەوا موەحەدە بە 13 كورسییەوە بایكۆتی دانیشتنەكان دەكەن.
ئەحمەد محەمەد، سەرۆكی لیژنەی وزە و ئەندامی ئەنجومەن لە كوتلەی نەینەوا موەحەدە بە (كەركوك ناو)ـی وت "دانیشتنەكەی ئەنجومەن سەدا 100 خزمەتگوزاری بوو، هەر دانیشتنێكیش بۆ خزمەتگوزاری و بەرژەوەندی خەڵك بێت، یەكەم كەسین ئامادە دەبین، ئێمە بەشداری ئەو دانیشتنانە ناكەین كە سیاسی و بۆ بەرژەوەندی سیاسییە".
هەروەها رەتیكردەوە لە دانیشتنەكەدا هیچ گفتوگۆیەك لە بارەی دۆسیەی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان كرابێت و وتی دۆسیەیەك لە دادگای ئیداری هەیە رەنگە لە ئایندەیەكی نزیكدا یەكلابێتەوە.
پارتی دیموكراتی كوردستان، هاوشێوەی موەحەدە لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆ بەشداربون، ئەو حزبە وەك بەركەوتەی هەڵبژاردن كە خاوەنی چوار كورسییە، یەك قایمقام و پێنج بەڕێوەبەری ناحیەی بۆ دانراوە، لە كۆی 10 قەزا و 21 ناحییە لە پارێزگای نەینەوا.
محەمەد هەریس، ئەندامی ئەنجومەن لە هاوپەیمانی نەینەوا موستەقبەل بە (كەركوك ناو)ـی وت "دۆسیەی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان رێككەوتنی لەسەر كراوە و ئینشائەڵا كێشەكە چارەسەر دەبێت و تەنیا گۆڕانكاری لە چەند پۆستێكدا دەكرێت".
هەروەها ئاماژەی بەوەدا لە دانیشتنەكەی ئەنجومەندا هەموو كوتلەكان بەشداربون، بەوپێیەی دەربارەی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانە و "خزمەتكردنیش لای ئەنجومەن هێڵی سورە بۆیە هەموان ئامادەبون".
سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان كە هەڵبژێردراون، پێویستیان بە فەرمانی پارێزگار هەیە تا دەستبەكاربن، هێشتا ئەو فەرمانە دەرنەكراوە، بەپێی یاسا ئەگەر پارێزگار ناڕازی و ئەنجومەنیش لەسەر بڕیارەكەی سوربوو، ئەوا دۆسیەكەیان دەچێتە دادگای فیدراڵی.
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا وتی لە بارەی دۆسیەی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان گەیشتوون بە نیمچە رێككەوتن و تەوافوق، تا گۆڕانكاری تەنیا لە چەند بڕگەیەكدا بكەن و پرۆسەكە تەواو بكرێت.
ئەنجومەنی نەینەوا و حكومەتی خۆجێیی، لە نێویاندا پۆستەكانی سەرۆكی ئەنجومەن و پارێزگار و جێگرەكانیان، لە شوباتی ئەمساڵدا بە تەوافوق و رێككەوتنی هەموو كوتلەكانی ئەنجومەن دانران.
بەپێی راگەیەندراوێكی ئەنجومەنی پارێزگا، لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆ لیژنەیەك بۆ هەڵسەنگاندنی كاندیدی موختارەكان و دانانیان پێكهێنراوە، هەروەها لیژنەیەكی دیكە وردبینی بۆ ئەو پرۆژانە دەكات دەخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە لە روی دابەشكردنیان بەپێی دادپەروەری و پێشەنگایەتی و گرنگییەكەی، جگە لە تاوتوێی كێشەی هاتوچۆی ئەو تۆتۆمبێلە گەورانەی باری زۆریان هەڵگرتووە لەگەڵ چاكسازی لە رێگەوبانەكاندا.
هەر لەو دانیشتنەدا جێگر و ئەندامانی پێنج لیژنەی هەمیشەیی ئەنجومەن دانران، دوای ئەوەی دوو رۆژ پێشتر لە كۆبوونەوەی هەموو لیژنەكان بە سەرۆكایەتی محەمەد عەبدوڵا جبوری، جێگری سەرۆكی ئەنجومەن راگەیەندراوێكی ناڕەزایی دژی پەككەوتنی دانیشتنەكانی ئەنجومەن خوێنرایەوە و تیایدا ئاماژە بەوەكرابوو، بەوهۆیەوە جگە لە تەواونەكردنی پێكهاتەی ژمارەیەك لیژنە، چەندین دۆسیە و پرۆژەی خزمەتگوزاری و دارایی لە چاوەڕوانی گفتوگۆ و دەنگدانی ئەنجومەندا ماونەتەوە.