تەقەدوم لە بەغدا و دیالە سەركەوت
مەشهەدانی و لهێبی دوو پۆستی سەرۆكایەتییان بەدەستهێنا

دیالە/ 31ـی تشرینی یەكەمی 2024/ چركەساتی دانیشتنی نزار لهێبی لەسەر كورسی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا فۆتۆ: عەلی عەنبەگی

كەركوك ناو

ئەوكاتەی دەنگی پەرلەمانتاران لە بەرژەوەندی مەحمود مەشهەدانی، وەك كاندیدی تەقەدوم بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق جیادەكرایەوە، لە دیالەش كاندیدێكی دیكەی هەمان حزب، بە زۆرینەی دەنگ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاكەی بەدەستهێنا.

هەردوو پرۆسەی دەنگدانەكە شەوی رابردوو، 31ـی تشرینی یەكەمی 2024 بوو، یەكێكیان لە بەغدا و ئەویتر بە دوری 56 كیلۆمەتر لە پایتەختەوە، لە ناوەندی پارێزگای دیالە بەڕێوەچوو، بەڵام براوەی هەردوكیان تەقەدوم بوو بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی، یەكێك لە سەركردەكانی سوننە.

پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، نزیكەی ساڵێكە چۆڵە، دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی ئەندامێتی محەمەد حەلبوسی لە پەرلەمان هەڵوەشاندەوە و بەوەش پۆستی سەرۆكایەتیی لەدەستدا، لەوكاتەوە ناكۆكی سونەكان رێگر بوو لە پڕكردنەوەی پۆستەكە، تا شەوی رابردوو بە دوو گەڕی دەنگدان، مەشهەدانی هەڵبژێردرا.

كێبڕكێی توندی مەشهەدانی، لەگەڵ سالم عیساوی بوو، كە ئەویش هەر سوننەیە، لە گەڕی یەكەمی دەنگدانەكەدا دەنگەكانیان 153 بە 95 بوو، هیچ یەكێكیان سەرنەكەوت كە پێویستی بە 166 دەنگ هەبوو، لە گەڕی دوەمدا مەشهەدانی بە 182 دەنگ بوو بە سەرۆك لە بەرانبەر 42 دەنگی عیساوی.

مەحمود مەشهەدانی دوای هەڵبژاردنی، وتی هەوڵدەدەن بە یەك تیم كاربكەن بۆ دەركردنی ئەو بڕیارانەی خزمەت بە خەڵك دەكەن و پێكەوە چاودێربن بە سەر ئەدای حكومەتەوە.

مەشهەدانی (76) ساڵ، بەكالۆریۆسی لە پزیشكیدا هەیە، شاعیرە، لە ساڵی 2006ـدا بوو بە سەرۆكی پەرلەمانی عیراق و لە ساڵی 2021ـدا وەكو كاندیدی تەقەدوم بووەوە بە پەرلەمانتار.

465144348_889198796646853_7247578609294598386_n
مەحمود مەشهەدانی، سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عیراق فۆتۆ: راگەیاندنی پەرلەمان

لە دیالە، هەمان شەو ئەنجومەنی پارێزگا كۆبووەوە، بەبێ راگەیاندنی پێشوەختەی كارنامەی دانیشتنەكە لەڕێی راگەیاندنی ئەنجومەنەوە، دانیشتنێك بە ئامادەبوونی 10 ئەندام لە كۆی 15 ئەندام كرا و تیایدا، پۆستی سەرۆكی ئەنجومەن یەكلاییكرایەوە، كە چەند رۆژێكە چۆڵە.

بەپێی راگەیەندراوێكی ئەنجومەن، نزار لهێبی، بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە بە زۆرینەی رەهای دەنگی ئەنجومەن یەكلابۆتەوە.

لهێبی لەسەر لیستی تەقەدوم بۆتە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا، پێشتر یەكێك بوو لە ناڕازییەكان و چەند جارێك بایكۆتی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی كردووە، یەكێك لەوانە بایكۆتی دانیشتنی ئەنجومەن بوو لە بەغدا بۆ پێكھێنانی حكومەتی خۆجێی و یەكلاییكردنەوەی پۆستەكانی سەرۆكی ئەنجومەن و پارێزگار.

نزار لهێبی، كە دواتر گەڕایەوە دانیشتنی ئەنجومەن و پۆستی سەرۆكی لیژنەی پلاندانانی وەرگرت، دوای هەڵبژاردنی بە سەرۆكی ئەنجومەن، شەوی رابردوو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا كە پەیامنێری (كەركوك ناو) ئامادەی بوو، وتی دەبێتە پشت و پەنا بۆ هاوڵاتیان و پێكەوە لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەن، خزمەتی هەموو خەڵكی پارێزگاكە دەكەن.

ئەنجومەنی پارێزگا، 29ـی تشرینی یەكەمی 2024، لە دانیشتنێكدا دەنگیاندا بە لابردنی عومەر كروی، لە پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا و كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستەكە. ئەوەش بە ئامادەبونی 9 ئەندام لە كۆی 15 ئەندام، بەڵام دواتر عومەر كروی، دورخستنەوەی بە "نایاسایی و نارەسمی" ناوبرد.

هەروەها كروی، كە لە لیستی سیادە (بە سەركردایەتی خەمیس خەنجەر، یەكێك لە سەركردەكانی سوننە)ـیە، لە كاردانەوەی بڕیارەكەدا، دۆسیەكەی خۆی بەستەوە بە ناكۆكی سیاسی لایەنەكانی دیكە لەگەڵ خەمیس خەنجەر. وەك ئاماژەیەك بۆ ململانێی سیاسی نێوان خەنجەر و حەلبوسی لەسەر چەند پرسێك، بە تایبەت پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لەیەك ساڵی رابردوودا.

 

*ئەم بابەتە لە چوارچێوەی پڕۆژەی "بودجە مافتە" بەرهەمهێنراوە كە لە لایەن پەیمانگەی دیموكراسی نیشتیمانی (NDI) كۆمەكی دارایی دەكرێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT